دواجار و دوای 210 رۆژ لە دەستگیركردنی، ئاسایشی دهۆك رێگەی بە تیمی بەرگریكردن لە رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد-دا ببینن و ئەو پارێزەرانە وەك بریكاری ناوبراو بۆ بەرگریكردن لێی دەستبەكاربن.
ئەو تیمە كە لە سێ پارێزەر پێكهاتبون، ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئایار، توانیان بریكارنامە بۆ سلێمان ئەحمەد دروستبكەن و بۆ یەكەمجار لە دوای حەوت مانگ (210 رۆژ) بیببنن.
رێڤینک یاسین، پارێزەر و ئەندامێكی ئەو تیمە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەردانی ئاسایشی گشتی دهۆكمان كرد، رێگەیاندا بیبینین و بریکارنامەی بۆ دروستبکەین و هەر خۆیشی واژۆی كرد، ئەوەش بە هاوکاری سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بوو".
"دواتر هەر لە ئاسایشی گشتی پێیانوتین دەتوانن سلێمان ئەحمەد ببینن، دووان لە تیمەكەمان چاویان بە سلێمان ئەحمەد كەوت"، زیاتر وتی "دۆخی تەندروستی باش و جێگیر بوو، وتی حەوت مانگە لێرە راگیراوم".
دۆخی تەندروستی باش و جێگیر بوو، وتی حەوت مانگە لێرە راگیراوم
سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاردەكات، لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023دا لەكاتی گەڕانەوەیدا له رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان له دهروازهی فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا.
هەرچەندە ئەو پارێزەرانە دەیانجار داوایان لە ئاسایش كرد بۆ ئەوەی سلێمان ببینن تا لانیكەم بۆ بەرگریكردن لێی بریكارنامەی پارێزەری پێ واژۆ بكەن، بەڵام ئاسایش دەیوت لای ئەوان نییە.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەر خۆیان (ئاسایشی دهۆك) هەفتەیەك دوای دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد و لە 31ی تشرینی یەكەمی رابردوو، لە راگەیەنراوێكدا بەبێ ئەوەی، وەكو رۆژنامەنوس ناوی ببەن، جەختیانكردەوە "كادیرێكی پەكەكەمان دەستگیركرد كە بۆ كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە هاتوچۆی كردووە، بۆیە راگیراوە"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "لە لێكۆڵینەوەشدا دانی بە كارەكانی خۆیدا ناوە، بۆیە روبەڕوی دادگا دەكرێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت". بەبێ ئەوەی ئەو ماددە یاساییە ئاشكرابكرێت كە بەهۆیەوە سلێمانی پێ دەستگیركراوە.
رێگەنەدانی ئاسایش بۆ ئەوەی سلێمان ئەحمەد پارێزەر بۆ خۆی بگرێت، لە ماوەی 210 رۆژی رابردودا، لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی 23ی یاسای بنەمای دادگەرییە سزاییەكان هەموو تۆمەتبارێك دوای 24 كاتژمێر و بەبێ هیچ پۆلێنێك بۆ ئهو تۆمهتهی كه ئاراستهی كراوه، مافی ئەوەی هەیە بریكارنامە بۆ پارێزەرێك بكاتەوە و بیبینێت بۆ ئەوەی بتوانێت راوێژی یاسایی پێبكات. جا پێش لێكۆڵینهوه بێت یان لهكاتی لێكۆڵینهوهدا.
رێڤینک یاسین، دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕەسمی بونە پارێزەری سلێمان ئەحمەد، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەنگاوەی ئەمڕۆمان زۆر باش و ئەرێنی بوو، لەمەودوا دەتوانین لێکوڵینەوە و بەدواداچون بۆ کەیسەکەی بکەین و لەوە بكۆڵینەوە کە بۆچی راگیراوە و هۆکارەكەی چییە، هەروەها ئەو ماددە یاساییە چییە كە ئەو رۆژنامەنوسەی پێ دەستگیركراوە".
لەمەودوا دەتوانین لێکوڵینەوە و بەدواداچون بۆ کەیسەکەی بکەین و لەوە بكۆڵینەوە کە بۆچی راگیراوە
"دۆسییەکەی هێشتا لە قۆناغی لێکوڵینەوەدایە و نەهاتۆتە بەردەم دادگا، هەموو هەوڵێک دەدەین بەزووترین کات ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو کەسوکاری خۆی".