دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دهۆك ستافی كەناڵ8 دەستبەسەر دەكەن، ئەوەش لەوكاتەی دەیانویست روماڵی لەشكركێشی توركیا بكەن بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.
ئێوارەی شەممە 13ی تەمموز، هەریەكە لە نژیار محەمەد و وێنەگرەكەی (بەهێز ئاكرەیی) لەگەڵ شۆفێرەكەیان لە قەزای ئامێدی دەستبەسەركران و ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ئازادكران، بەپێچەوانەی یاسا بەركارەكانی پەیوەست بەكاری رۆژنامەوانیش نە بڕیاری دادوەریان پێبووە، نە سەندیكای رۆژنامەنوسانیان ئاگاداكردۆتەوە.
دلڤین محەمەد، خۆشکی نژیار محەمەد، بە (كەركوك ناو)ی وت "نژیار و وێنەگر و شۆفێرەكەیان، بۆ روماڵكردنی شەڕی هێرشی توركیا بەرەو ئامێدی رۆیشتون، بەڵام كاتژمێر 7ی ئێوارە مۆبایلەكانیان داخرا و نەمانتوانی پەیوەندییان پێوەبكەین".
وتیشی "دواتر دەزگا ئەمنییەکان ئێمەیان ئاگادارکردوە و وتیان لای ئێمەن... وتیان هەركات ئیجرائاتی ئەمنی تەواوبوو، ئەوا هەردوکیان ئازاد دەکرێن".
بەرلەوەی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ئازادبكرێن، دلڤین وتی "ئێمە دڵنییاین کە ئەوان جگە لە کاری کاری رۆژنامەوانی هیچ شتێکی هەڵەیان نەکردووە، بۆیە پێویستە ئازادبکرێت".
لە رۆژی 10ی ئەم مانگەش هەژین رێکانی، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی زووم، بەهەمان شێوە دوای چوار كاتژمێر دەستبەسەركردن ئازادكرا و وێنەگر و شۆفێرەكەشی 10 كاتژمێر هێڵدرانەوە.
ڤیان عەباس، لێپرسراوی لقی دهۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەی ستافی کەناڵی زووم دەستگیرکردن نەبوو، بەڵکو هێزە ئەمنییەکان کۆمەڵێک ئامۆژگارییان کردون و دوای کۆتاییهاتنی ئیجرائاتەکان بە بەڕێزەوە گەڕاونەتەوە ناو کەسوکارییان، هاوکات کەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان وەكو خۆی رادەستكردونەتەوە".
"ئێمە هەر ئەوکات بەدواداچونمان بۆ کردن و لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان قسەمان کرد، لەسەر خەت بوین تا گەڕاونەتەوە ناو ماڵی خۆیان".
لەبارەی ستافی كەناڵ 8، ڤیان عەباس بەر لە ئازادكرنیان وتی "لەگەڵ قایمقامی ئامێدی و ئاسایش قسەمان کردووە، ئەوان وتیان لەگەڵ تەواوبونی رێکارە ئەمنییەکان ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە ناو کەسوکاری خۆیان".
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی و روماڵكردنی روداوەكان.
لە هیچ بڕگەیەكی یاسای رۆژنامەگەریدا رێگە بە دەستگیركردنی رۆژنامەنوس نەدراوە، هەروەها لە یاساكەدا هاتووە كە نابێت لێكۆڵینەوە لە رۆژنامەنوس بكرێت تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت، لەكاتی گرتنەبەری رێكاری یاساییشدا ئەگەر پەیوەندی بە پیشەكەیەوە هەبوو پێویستە سەندیكای رۆژنامەنوسان ئاگاربكرێتەوە.
بەڵام لە دەستبەسەركردنی ستافی ئەو دوو دەزگایە نە سەندیكا ئاگاداركراوەتەوە نە بڕیاری دادوەر هەبووە بۆ دەستگیركردنیان.
ڤیان عەباس، وتی "هەندێک خاڵ هەیە لە یاسای رۆژنامەوانی بەتایبەت پرسە نیشتیمانییەکان کە پێویستە رۆژنامەنوس جێبەجێی بکات و لێی ئاگادار بێت"، بەڵام رونینەكردەوە چ بڕگەیەكی یاساكە.
لەگەڵئەوەشدا وتی "رۆژنامەنوس ئازادن و نابێت سنوردار بکرێن، بەڵام کۆمەڵێک رێنمایی و یاسا هەیە کە پێویستە رۆژنامەنوس لێی ئاگادار بێت و جێبەجێ بکات".
ئەو پێشێلكارییانە هاوكاتە لەگەڵ هێرشی سوپای توركیا لە 15ی حوزەیران بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، كە بەهۆیەوە دەیان گوندی سنوری قەزای ئامێدی چۆڵكراون و باخ و ماڵەكانیان سوتاون، لەو لەشكركێشییەدا سوپای توركیا بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دژی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەنجامدراوە و لەوكاتەوە 238 جار بۆردومان و هێرشی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان كردووە، بەهۆیەوە زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، ئەوەش بەپێی تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی CPT.