دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەكانی سەر رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، دوای ئەوەی لە مانگی تەمموزی رابردوو بە سێ ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای دهۆكەوە حوكمدرا.
بەشدار حەسەن، لە دەستەی پارێزەرانی بەرگریکردن لە دۆسیەی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمڕۆ دووشەممە 6ی كانونی دووەم دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان تەواوی تۆمەتەكانی سەر رۆژنامەنوس سلێمانی ئەحمەد-ی هەڵوەشاندەوە".
ئەو بڕیارەی دادگای پێداچونەوە دوای ئەوە هات كە پارێزەرانی كەیسی بەرگریكردن لە سلێمانی ئەحمەد تانەیان لە بڕیارەكەی دادگای دهۆكدا كە لە 29ی تەمموزی رابردوو سزای سێ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاند.
دادگای دهۆک ئەوكات بەپێی یاسای ژمارەی 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان سلێمان ئەحمەد-ی سزادا، ئەو یاسایە تایبەتە بە "جاسوسیکردن و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی".
سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاری دەكرد، لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023دا لەكاتی گەڕانەوەیدا له رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان له دهروازهی فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا.
بەشدار حەسەن بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە دەرچووە، كەواتە سلێمان ئەحمەد هیچی لەسەر نییە، هەندێك رێكاریی یاسایی ماوە لەوانە دادگای دهۆك دەبێت بێت دۆسییەكەی بباتەوە و سلێمان رەنگە ئەم پێنجشەممەیە ئازادبكرێت و بگەڕێتەوە ناو كەسوكاری".
لەكاتی سزادانی ئەو رۆژنامەنوسەدا، بەشدار حەسەن سەرسوڕمانی خۆی لە بڕیارەكەی دادگا نیشاندا و بە (كەركوك ناو)ی وت "مۆبایل و لاپتۆپی سلێمانیان پشکنیوە، هیچ بەڵگەی تیانەبووە کە بیسەلمێنێت سلێمان ئەحمەد کاری جاسوسی کردووە".
ئاسایشی دهۆك لە كاتی دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد-دا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە "كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە كردووە"، ئەوەش لەكاتێكدابوو هیچ یاسایەك لە هەرێمی كوردستاندا نییە كاركردنی پارتی كرێكارانی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان قەدەغە كردبێت.