لێشاوێك لە پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسان
هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بە هێزی شەق "كامێراكەیان بردین"

وێنەكە لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە لە 25ی شوباتی 2025.

كەركوك ناو

هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بە جلوبەرگی مەدەنی و سەربازییەوە لێشاوێك لە پێشێلكارییان لە شێوەی دەستگیركردن، پەلاماردان و راوەدونان، رێگریكردن لە روماڵ و ئازاردانیان ئەنجامدا، لەوكاتەی رۆژنامەنوسان دەیانویست روماڵی ناڕەزاییەكانی مامۆستایان بكەن دژی پێنەدانی موچەكانیان.

ئەو پێشێلكارییانە شەوی رابردوو 24ی شوبات لەسەر رێگای سلێمانی – عەربەت تۆماركرا، لەو رێگایە مامۆستایانی ناڕازی خێمەیان هەڵدابوو و رێگەیان بە تێپەڕبونی هیچ تانكەرێكی نەوت نەدەدا و بەهۆیەوە بارگرژیی دروستبوو.

لانیكەم 12 رۆژنامەنوس و میدیاكار لە شەش دەزگای راگەیاندن، لەلایەن هێزە ئەمنییەوە پێشێلكارییان بەرامبەر كرا. 

چیرۆكی پێشێلكارییەكە چۆن بوو؟

چاوەڕوان مەحمود و فاخر عزەدین لە تیمی دەزگای شارپرێس دوو لەو میدیاكارانە بون كە پریشكی شەپۆلی پێشێلكارییەكانیان بەركەوت.

فاخر عزەدین، وێنەگر، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێك گەیشتینە شوێنی روداوەكە، دیاربوو بارگرژیی رویدابوو، هەندێك خەڵك بەردیان دەگرتە ئەو تانكەرانەی كە دەیانویست تێپەڕن، ویستمان بە راستەوخۆ روداوەكە لە پەیجی شارپڕێس بگوازینەوە، بەر لەوەی دەستپێبكەین، ئاسایشی مەدەنی هاتن و دوو كامێرایان بەدەستەوە بوو، پەلاماری ئەوەی ئێمەشیاندا".

فاخر جەختیكردەوە لەوەی كە بە ئاسایشەكانیان وتووە ئەوان رۆژنامەنوسن و هێشتا هیچ ڤیدیۆ و وێنەیەكیان نەگرتووە، بەڵام سودی نەبووە و وتویانە یان دەیشكێنین یان دەمانەوێت.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە شارپرێس بڵاویكردۆتەوە، تیایدا چاوەڕوان مەحمود پەیامنێری شارپرێس دەڵێت "ئێوە كێن بۆچی كامێراتان پێبدەین، بە چ هەقێك لێماندەستێنن"، هەر لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەنگی كەسێك دێت كە دەڵێت "زەرەر دەكەن، یان كامێراكەمان پێدەدەن یان دەیشكێنین".

chawarwan.mahmood
چاوەڕوان مەحمود، پەیامنێری شارپرێس شەوی رابردوو - 24ی شوبات- لە روماڵی ناڕەزاییەكانی مامۆستایان پێشێلكاریی بەرامبەركرا. فۆنۆ: شارپریس

فاخر عزەدین بە (كەركوك ناو)ی وت "پێنج دەقە ئەوان كامێراكەیان رادەكێشا و ئێمەش پێمانەدەدان، تا دواتر كەسێكیان شەقێكی لە ریسیڤەرەكدا و شكاندی و كامێرا و مۆبایلەكەیان لێسەندین".

دەزگای شارپڕیس لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە "هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە کاتی روماڵی رۆژنامەوانیدا لە رێگەی عەربەت - سلێمانی بە هێزی چەك دەستیان بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەوانیی تیمی شارپرێسدا گرتووە و هێرشیانكردۆتە سەر رۆژنامەنوسان".

سێ كاتژمێر لە پێشێلكاریی

گرژییەكانی نزیك ناڕەزاییەكانی مامۆستایان، لە دوای كاتژمێر 10ی شەو دەستیپێكردووە، هەرئەوكات لە ڤیدیۆیەكدا یەكێك لە مامۆستا ناڕازییەكان دەڵێت "بە هانامانەوە وەرن هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە رفاندنی رۆژنامەنوسان کردووە".

هەروەها مامۆستایان هۆشداریاندا لەوەی "دەسەڵات بە سیناریۆیەك هەندێك كەسی نەناسراوی ناردووە تا ئاڵۆزی لە نێوان مامۆستایان و شۆفێرانی بارهەڵگر دروستبكات و بەو بیانووە بە زەبری هێز كۆتایی بە خێمەی مانگرتووان بهێنێت".

وشیار محەمەد، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی پەیام، یەكێكی تر بوو لەو رۆژنامەنوسانەی دەستبەسەر خۆی و كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیدا گیرا و  نزیك كاتژمێر یەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئازادكرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی كەناڵەكەی.

پەیامنێری وێب تیڤی ژیان (ماردین محەمەد) وێنەگرەكەی (محەمەد ئەحمەد) دووان لەو میدیاكارانە بون كە پێشێلكارییان بەرامبەر كرا.

Slemnai.24-2-2025
سلێمانی/ 24ی شوباتی 2025/ دروستبونی بارگرژیی لە ناڕەزایی مامۆستایان. وێنەكە لە ڤیدیۆیەكەوە وەرگیراوە

ماردین بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دەزگاكەمەوە ئاگاداركرامەوە كە هێزێك بەرەو  خێمەی مانگرتووان رۆیشتووە لە نزیك عەربەت و داوایان لێكردم بچم روماڵی بكەم، كە گەیشتمە ئەوێ، بارگرژییەكان دروستبوون، شەش بۆ حەوت تانكەر تێپەڕین و ئیتر بوو بە شەڕە بەرد، هێزەكانی ئاسایش رێگەی روماڵیان پێنەداین".

بەوتەی ماردین ئاسایش پەلاماری داون و  وتی "بۆ ئەوەی كامێراكەیان پێبدەم چەندجارێك كێشایان بە پشتمدا، هەروەها بە شەق لە چاوەڕوان مەحمود پەیامنێری شارپڕێس-یاندا".

دوابەدوای ئەوە رۆژنامەنوسەكان بۆ ئەوەی دەستگیرنەكرێن، بەرەو شارۆچكەی عەربەت دەچن، بەڵام وتی "هێزێكی ئاسایش بەردەوام بەدوامانەوە بون، لەكاتی راكردندا چاوەڕوان مەحمود كەوتە سەر زەوی و ئازاری زۆری هەبوو".

دوای ئەوەی بارگرژییەكە نامێنێت، رۆژنامەنوسەكان لە عەربەتەوە بەرەو سلێمانی دەگەڕێنەوە، بەڵام لە بازگەی عەربەت دەستبەسەر دەكرێن تا نزیكەی كاتژمێر یەكی شەو، بەڵام بە مەرجی ئەوەی تەواوی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانی تریان پێبدەن. هەر بەو مەرجەش ئازادكراون.

هەریەكە لە كەناڵەكانی كەی ئێن ئێن، سپێدە، دیبلۆماتیك، وێب تیڤی مۆراڵ بڵاویانكردەوە كە پێشیلكارییان بەرامبەر كراوە، لە شێوەی رێگریكردن لە روماڵ و دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان.

wshyar Amin
هەواڵی "رفاندن"ی  وشیار محەمەد، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی پەیام، لە پەیجی كەناڵەكەوە وەرگیراوە

فاخر عزەدین وتی "چاوەڕوان مەحمود لە نەخۆشخانەی عەربەت چارەسەری سەرەتایی بۆ كرا، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی شار كرا و لەوێ پشكنینی بۆ كرا، تا كاتژمێر سێی شەو رەوانەی ماڵەوە كرا، ئەوەش بەهۆی كەوتن و ئازارپێگەیشتنی".

ئیدانەی پێشێلكارییەكان دەكرێت

ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا ئیدانەی ئەو پێشێلكارییانەی كرد كە شەوی رابردوو دژ بە رۆژنامەنوسان كراوە و جەختیكردەوە "بە شێوازی توندوتیژی روبەڕوی رۆژنامەنوسان بونەتەوە كاتێك وەك ئەركی پیشەیی خۆیان هەوڵی روماڵی گردبونەوەی مامۆستایانی ناڕازییان كردووە".

"لەم هەڵسوكەوتەدا هێزە ئەمنییەكان بە زەبری توندوتیژی رۆژنامەنوسانیان پەرتەوازەكردوەو راوەدویان ناون و لەئەنجامدا ژمارەیەك لە پەیامنێرانی كەناڵەكانی میدیا دەستگیركراون و دوو لە رۆژنامەنووسانیش برینداربون، كەلوپەلی كاری رۆژنامەنوسیش شكێندراون و دەستی بەسەرداگیراوە".

هەر بۆیە داوایكرد لێپرسراوانی ئەو هێزە ئەمنیانە روبەڕوی یاسا بكرێنەوە، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبونیان بە یاسای رۆژنامەگەریی.

بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007دا دەركراوە، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەیدا و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا. لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەدا هاتووە "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی روداوەكانی شەوی رابردوو، جەختیكردەوە "وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ناوچەكە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک گەیشتنە شوێنی روداوەکە و رێکاری یاساییمان گرتەبەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە". بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ پێشێلكارییەك بكات دژ بە رۆژنامەنوسان.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت "هێرش بۆ سەر مامۆستایانی ژێر خێمەکەی عەربەت و پەلاماردانیان، هێرش بۆ سەر رۆژنامەنوسان و ئازاردانیان و زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلەکانیان، روی راستەقینەی سیاسەتی دەسەڵاتە لەگەڵ خەباتی مەدەنی ئاشتیخواز و دوبارەکردنەوەی سیناریۆکەی دیگەڵەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتی و ئازادی رۆژنامەگەری، کە مایەی شەرمەزارین بۆ ئەنجامدەرانی".

بەپێی یاسا بەركارەكان، رۆژنامەنوسان دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن دژ بەو كەس و لایەنانەی پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت.

بۆ ئەو مەبەستە لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، لە راگەیەنراوێكدا داوا لە ھەر میدیاکارێک دەكات كە ئەگەر لێیدراوە یان دەستگیرکراوە یان کەولوپەلی رۆژنامەوانی دەستیبەسەردا گیراوە، "با بێت و پێکەوە سکاڵای رەسمی لەسەر لایەنی بەرانبەر تۆمار بکەین و مافی خوراویان بۆ وەربگرینەوە و یاسای کاری رۆژنامەوانی بکەینە سەروەر نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "تا ئەم ساتەوەختە ھیچ رۆژنامەنوسێک و میدیاکارێک نەھاتووە سکاڵای یاسایی تۆمار بکات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT