بەرەی بایكۆت لە كەركوك، عومەر هیلالی دەدەنە دادگا
سەلوا مەفرەجی: ئەو چاودێر نییە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنەوە

رۆژنامەنووس عومەر هیلالی

كەركوك ناو – كەركوك

سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەرەی بایكۆت، داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەنووس عومەر هیلالی تۆماردەكەن، دوای ئەوەی لە پەخشێكی راستەوخۆدا لەناو باڵەخانەی ئەنجومەن، چووە بەردەم ژورەكانیان و ناوی ئەو ئەندامانەی بڵاوكردەوە لە دەوام نەبوون.

"عومەر هیلالی چاودێر نییە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە تا راپۆرتێكی لەو شێوەیە بكات، دواتر ئەو بێلایەن نەبوو، من لەو كەسانەم رۆژانە لە باڵەخانەی ئەنجومەن ئامادەییم هەیە، ئەوەی عومەر هیلالی كردوویەتی خستنی سیاسی و كۆمەڵایەتییە" سەلوا مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە هاوپەیمانی عەرەبی بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

مەفرەجی جەختیكردەوە "داوای یاساییمان (دەرهەق بە عومەر هیلالی) پێشكەش كردووە و دادوەر بەپێی ماددەیەكی یاسایی گونجاو دۆسیەكەی بۆ دەكاتەوە".

عومەر هیلالی، رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری رادیۆی رەشید لە كەركوك، نیوەڕۆی 25ـی ئاداری 2025 لە پەخشێكی راستەوخۆدا لە ناو بینای ئەنجومەنی پارێزگا، ژوور بە ژووری ئەندامانی ئەنجومەنی نیشاندا و ناوی ئەو ئەندامانەی هێنا، كە دەرگای ژورەكانیان داخرابوو و لە دەوام نەبوون.

راستەوخۆكە لە پەیجی رادیۆی رەشید لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پەخشرا و بۆ رۆژی دواتر لە پەیجەكەدا دیارنەما.

"دوای ئەو راستەوخۆیە، چەند ئەندامێكی ئەنجومەن پەیوەندییان پێوەكردم و گلەیی و ناڕەزاییان هەبوو، پاشان هەر بەهۆی ئەو راستەوخۆیەوە ناوم زڕێندرا، هەڕەشەم لێكرا، وتیان گوایە داوای پارەم كردووە، هەرچەندە لە بەرانبەر ئەو گومان و ناوزڕاندنانەدا روبەڕویان بومەوە" عومەر هیلالی بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو دەڵێت پێشتر زیاتر لە جارێك، تەنانەت روبەڕو بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای راگەیاندووە كە دەچێتە ئەنجومەن و پەخشی راستەوخۆی دەبێت، شەوی پێش پەخشەكەش، بڵاویكردۆتەوە كە لەناو ئەنجومەندا بە راستەوخۆ وەكو رۆژنامەنوسێك دەیەوێت بۆ هاوڵاتیانی رونبكاتەوە كێ دەوام دەكات و كێ دەرگای ژورەكەی داخراوە.

ئەوەی عومەر هیلالی كردویەتی قبوڵكراو نییە

"ئەو رۆژەی پەخشی راستەوخۆم هەبوو، پێشتر سەرۆكی ئەنجومەنم بینی و دواتر ئێمە مۆڵەت و رێگەپێدانمان هەیە كە دەتوانین وێنە و ڤیدیۆی هەموو بەشەكانی ناو ئەنجومەن بگرین تەنیا شوێنی ئەمنی هەستیار نەبێت، من هەموو ژورەكانی ئەندامانی ئەنجومەن گەڕام لە پەخشەكەدا و هەرئەوكات وتم هەر كەس لێرە نییە دواتر مافی وەڵامدانەوەی هەیە" بەوتەی هیلالی.

بەشێك لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگا كە عومەر هیلالی لە پەخشەكەیدا ناویاندەهێنێت، لە دوای پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوكەوە لە مانگی ئابى ساڵی رابردووەوە لە هۆتێل رەشیدی بەغدا، بەشداری هیچ دانیشتنێكی ئەنجومەن ناكەن و بایكۆتیان كردووە و ناڕازین.

سەلوا مەفرەجی لە شێوازی پەخشە راستەوخۆكە ناڕازییە و دەڵێت "دەبوو وردبینی بۆ نوسراوەكانی هاتوو و رۆیشتوو بكردایە یان بە لیستی سەردانیكەراندا بچێتەوە، تا ببینێت من لە نێو ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگام كە رۆژانە دەوام دەكەم".

هەروەها رونیكردەوە بەپێی یاسا پێویستە ئامادەی دانیشتنەكان بن، بەڵام ئەوان بە رەسمی بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە، سەرباری ئەوەش "بەبێ دابڕان دەوامم كردووە لەگەڵ هاوكارانم ئەحمەد عەبدولواحید (ئەندامی ئەنجومەن لە هاوپەیمانی عەرەبی) و سەوسەن جەدوع (ئەندامی ئەنجومەن لە بەرەی توركمانی)" دەشڵێت هەر ئەوە هۆكارە هەرسێكیان داوا تۆماربكەن، "ئەو هەڵسوكەوتە ناوزڕاندنە نەك كاری رۆژنامەوانی".

ئەندامەكەی ئەنجومەن زیاتر رونیكردەوە "ئەوەی عومەر هیلالی كردویەتی قبوڵكراو نییە، ئەگەر بە راستی دەیویست بێلایەن بوایە، پێویست بوو بە كامێراكانی چاودێریدا بچێتەوە تا لە ئامادەكردنی راپۆرتەكەیدا وردبێت، نەك لە بەردەم دەرگای ژورەكاندا بوەستێت و پەخشی راستەوخۆ بكات و دەربارەی موچەكانمان قسە بكات، وەك ئەوەی ئەو پارەیە بە ناشایستەیی وەردەگرین"، مەفرەجی داواكارە رۆژنامەنووسان رەچاوی تایبەتمەندێتی كەركوك بكەن، ئاگاداربن لەهەر وشەیەك یان ناوەڕۆكێك كە كاریگەری بكاتە سەر ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.

بەپێی ماددەی 38ـی دەستوری هەمیشەیی عیراق، ئازادی رادەربڕین بە هەموو شێوەیەك فەراهەم كراوە، لەگەڵ ئازادی رۆژنامەوانی و راگەیاندن بە مەرجێك نەبێتە هۆی تێكچوونی یاسا و ئادابی گشتی. لە ماددەی 19ـی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ-ـیشدا هاتووە؛ هەموو كەسێك مافی ئازادی بیروڕا و رادەربڕینی هەیە.

هەروەها لە یاسغای مافەكانی رۆژنامەنووسان لە عیراق هاتووە؛ رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی، نابێت لێپرسینەوە لە رۆژنامەنووس بكرێت لەسەر بۆچوون یان بڵاوكردنەوەی زانیاری ئەگەر نەبێتە هۆی زیانگەیاندن و پێچەوانەی یاسا نەبێت، لە هەر دۆسیەیەكیشدا دەبێت دادگا سەندیكای رۆژنامەنوسان ئاگاداربكاتەوە.

هەوڵدەدەن بە داوای یاسایی فشار دروستبكەن بۆ داخستنی دەمی ئێمە و رۆژنامەنوسانی تری كەركوك

مەروان ئیبراهیم، سەرۆكی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەگەڵ عومەر هیلالی قسەمان كردووە، پێشوازیم لێكردووە و وەكو سەندیكا ئەركمان ئەوەیە (بە رۆژنامەنوسەكەی كەركوك ناو دەڵێت زیاترم لێمەپرسە) بەرگری لە هەموو رۆژنامەنووسێك بكەین، ئەگەر ئەندامی سەندیكا بێت یان نا، بەرگرییان لێدەكەین و گرەنتی مافەكانیان دەكەین، لە هەمانكاتدا هیچ رۆژنامەنووسێك لە سەروو یاساوە نییە".

هەروەها رونیكردەوە ئەركی ئەوەیە پاڵپشتی رۆژنامەنوسانی ئەندامی سەندیكا بكات، لە نێویاندا عومەر هیلالی و هەموو رۆژنامەنووسانی دیكە بەبێ جیاوازی، پێشتریش چەندین حاڵەتی هاوشێوە هەبووە و لە بەرژەوەندی رۆژنامەنووسان یەكلاییانكردۆتەوە، ئەوان پاڵپشتی رۆژنامەنووسان دەبن بەڵام نابێت رۆژنامەنووسانیش هێڵ و سنوری ئەوانیتر ببەزێنن.

كاتێك پەیامنێرەكەی (كەركوك ناو) دەپرسێت رێكارەكانتان چین بۆ پاڵپشتی ئەو دۆسیەیە، بۆ نمونە دابینكردنی پارێزەر، مەروان ئیبراهیم توڕە دەبێت و بە سوكایەتییەوە لە پەیامنێرەكە دەپرسێت تۆ چەند ساڵ ئەزمونی كاری رۆژنامەوانیت هەیە، نابێت بەوشێوەیە پرسیار بكەیت، "یانی چی رێكارەكانمان چییە، چۆن رێكارەكانمان چییە، سەندیكا خۆی ئامادەدەبێت ئەگەر رۆژنامەنووس روبەڕوی لێپرسینەوە یان داوای یاسایی بۆوە".

لە نێو 180 وڵاتی دنیادا، عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە لە پلەی 169ـەمیندایە، ئەوەش بەپێی دوایین پلەبەندی وڵاتان بۆ ئازادیی رۆژنامەوانی، كە رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور بڵاویكردەوە.

عومەر هیلالی، كە هاوكات رۆژنامەنووسی دەزگای میدیایی (كەركوك ناو)ـە، دەڵێت ئەو رۆژنامەنووسە و وەكو دەسەڵاتی چوارەم، مافی چاودێریكردن و بەدواداچونی هەیە بۆ رۆڵی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، بەوپێیەی رۆژانە هاوڵاتیان دەربارەی خزمەتگوزاری و ئەدای ئەندامانی ئەنجومەن پرسیاریان روبەڕو دەكەنەوە.

"متمانەی زۆرم بە دادگا هەیە، رەنگە منیش دژی ناوزڕاندن سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەم، چونكە هیچ كەسێكم لە پەخشی راستەوخۆ و بابەتە رۆژنامەوانییەكانمدا بە ئامانج نەگرتووە، دژی هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو نەبوین، بەڵام ئەوان هەوڵدەدەن بە داوای یاسایی فشار دروستبكەن بۆ داخستنی دەمی ئێمە و رۆژنامەنوسانی تری كەركوك" عومەر هیلالی وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT