كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پەكیكەوتووە

كەركوك/ 15ی تشرینی یەكەمی 2024/ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا. فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

كەركوك ناو

كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پەكیكەوتووە و رێژەی یاسایی ئەندامان بۆ كۆبونەوە بەشدارنابن، دوای ئەوەی ئەندامێكی بەرەی هۆتێل رەشید كە حكومەتیان پێكهێناوە لە سێ دانیشتنی رابردودا بەشداریی نەكرد و بەرەی بایكۆتیش هیشتا ئامادەنین بەشداریی لە دانیشتنەكان بكەن.

دواین كۆبونەوەی ئەنجومەن كە رێژەی یاسایی ئامادەبونی ئەندامانی تەواوكرد، لە 5ی تشرینی دووەمی 2024دا بەڕێوەچوو، لەوكاتەوە ئەنجومەن نەیتوانیوە  رێژەی یاسایی ئامادەبووان تەواوبكات و كۆببێتەوە.

نەشئەت شاهوێز، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "نەمانتوانیوە سێ کۆبونەوەی رابردوی ئەنجومەن ئەنجامبدەین بەهۆی تەواونەبونی رێژەی یاسایی، جگە لە بەرەی بایكۆت، ئەندامێكی تری ئەنجومەن بە بیانوی نەخۆشییەوە، بەشداری کۆبونەوەکان ناکات".

زاهیر ئەنوەر عاسی، كە بەشێك بووە لەو بەرەیەی لە ئابی ئەمساڵ حكومەتی خۆجێی كەركوكیان لە هۆتێل رەشید لە بەغدا پێكهێنا، سەر بە هاوپەیمانێتی عروبەیە و بەشداریی كۆبونەوەكانی نەكردووە. ئەو هاوپەیمانێتییە تەنیا یەك كورسیان هەیە لە كۆی 16 كورسی ئەنجومەنەكە.

ئەو 16 ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دابەشبوون بەسەر حەوت هاوپەیمانێتی و حزبی سیاسی، حەوت ئەندامیان لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكەوە بایكۆتیان كردووە، چونكە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنیان لە دانیشتنەكەی هوتێل رەشید بە نایاسایی دەزانن و لە دادگای ئیداریی سكاڵایان تۆماركردووە.

نەشئەت وتی "بەشێوەیەكی گشتی تا ئێستا نۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنمان بەڕێوەبردووە... ئێستا کۆبونەوەکانی ئەنجومەن راوەستاون، چاوەڕێین ئەو ئەندامەمان چاکبێتەوە و كۆبونەوەكان دەستپێبكەینەوە".

ڤیدیۆ: دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كە رێژەی یاسایی ئەندامان ئامادەبون. زاهیر ئەنوەر عاسی (كەسی دووەم لای چەپی وێنەكە)

بەپێی یاسا كۆبونەوەی ئەنجومەن پێویستی بە ئامادەبونی 50+1 ئەندامان هەیە، ئەوەش بەو مانایەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێویستی بە نۆ ئەندام دەبێت، بەڵام ئێستا ئەنجومەن تەنیا دەتوانێت هەشت ئەندام كۆبكاتەوە.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە 16 ئەندامی هەیە و بوون بە دوو بەرەی دژبەیەك (9ـی پێكهێنەری حكومەت یان بەرەی هۆتێل رەشید، بەرانبەر بە 7ـی ناڕازی).

هەر دوو بەرەكە بەهۆی ناكۆكیی و بایكۆتەوە نەیانتوانیوە ئەركەكانی خۆیان بەباشی بەڕێوەببەن، لەوانە یەكلاییكردنەوەی هەموو پۆستە ئیدارییەكان و پرسی پەسەندكردنی بودجە و دابەشكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەسەر ناوچەكاندا كە ئەركی ئەوانە.

سەلوا مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەن لە بەرەی بایكۆت، لە 25ی ئەیلولی ئەمساڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر ئەنجامی بڕیاری دادگا لە قازانجی دانیشتنەكەی هۆتێل رەشید و بە شەرعی ناساندنی حكومەتی خۆجێی كەركوك بوو، ئەوكات دەگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ كوتلەكانی دیكەدا، تا بەشداری لە دانیشتنەكانی ئەنجومەندا بكەن، بەوپێیەی وەكو ئەندامی هەڵبژێردراو پابەندین بە بەشداریكردن، چونكە لایەنگرانمان داوای خزمەتگوزاری دەكەن".

چوار سكاڵای جیاواز  لەلایەن بەرەی بایكۆت دژی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك تۆماركراوە و دوانیان لە بەرژەوەندی ئەو بەرەیە یەكلاییبۆتەوە كە حكومەتیان پێكهێناوە، یەكێك لەوانە سكاڵاكەی سەلوا مەفرەجی بوو كە ئەندامێكی هاوپەیمانی عەرەبی-یە، ئەو هاوپەیمانێتییە سێ ئەندامیان هەیە و راكان سەعید، پارێزگاری پێوی كەركوك سورۆكایەتی دەكات و بایكۆتی كۆبونەوەكانیان كردووە.

دادگای كارگێڕی بەغدا لە 24ی كانونی یەكەم سكاڵاكەی سەلوا مەفرەجی لە بەرژەوەندی بەرەی هۆتێل رەشید رەتكردەوە و لە بڕیارێكدا هاتووە "سكاڵاكە هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نییە".

سەلوا لە سكاڵاكەدا داوایكردبوو كە مەرسومی كۆماریی بۆ دەستبەكاربونی رێبوار تەها، وەكو پارێزگاری كەركوك هەڵبوەشێتەوە، چونكە لە "دانیشتنێكی نایاساییدا پۆستەكەی وەرگرتووە".

لەگەڵئەوەی سكاڵاكە یەكلاییبۆتەوە، بە رەتكردنەوەی داواكەی، بەڵام هێشتا سەلوا ئامادەنییە بگەڕێتەوە كۆبونەوەكانی ئەنجومەن.

هەمان رۆژی رەتكردنەوەی سكاڵاكەی سەلوا، دادگای كارگێڕی سكاڵایەكی تری رەتكردەوە كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لەسەر نایاسایبونی دانیشتنی 10ی ئابی هۆتێل رەشید تۆماركرابوو.

ڤیدیۆ: 26ی تشرینی دووەمی 2024/ ئەنجومەنی پارێزگا نەیتوانی رێژەی یاسایی ئەندامان كۆبكاتەوە و دانیشتنەكە بوو بە راوێژكاریی.

رۆژێك بەر لە رەتكردنەوەی سكاڵاكە، حەسەن شێخانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وتی "ئێمە هەمیشە لەناو ئەنجومەن بوین، بەڵام بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەكان جارێ دانیشتنەكانی ئەنجومەن هەر ناكرێن، ئەگەر هەركات بڕیاری كۆبونەوەی ئەنجومەن درا، ئێمەش بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارەكەی دادگا چاوەڕێی سەركردایەتی خۆمان دەكەین بۆ بڕیاردان".

ئەوەش لەكاتێكدا هێشتا دوو سكاڵای تر لە دژی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، لە دادگای كارگێڕییە و یەكلاییكردنەوەیان دواخراوە.

ئەو دوو سكاڵایە لەلایەن هەریەكە لە بەرەی توركمانی و راكان سەعید، پارێزگاری پێشوی كەركوك، لە دژی دانیشتنی 10ـی ئابی 2024ی هۆتێل رەشید-ـی بەغدا تۆماركراون كە بەهۆیەوە حكومەتی خۆجێی كەركوك پێكهات و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردران.

نەشئەت شاهوێز لە فراكسیۆنی یەكێتی وتی "لەڕاستیدا ئێمە تەمەنای ئەوەمان دەكرد، هەموو ئەندامانی ئەنجومەن بەشداری کۆبونەوەکان بكەن، چونكە بەو 16 ئەندامەوە دەتوانین نوێنەرایەتی خەڵکی کەرکوک بکەین".

ئەو بەرگری لە كۆبونەوەی هوتێل رەشید كرد و وتی "لەڕوی یاساییەوە توانیمان دەنگی ئەندامی پێوست کۆبکەینەوە بۆ بەستنی کۆبونەوەکە كە نۆ ئەندام بوو، هەر لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوامیماندا بە كۆبونەوەكانی ئەنجومەن، لە ئێستاشدا كە كۆبونەوەكان راوەستاون بەهۆی ئەوەیە ئەو ئەندامەی ئەنجومەن بە بیانوی نەخۆشكەوتنەوە، بەشداریناكات".

(كەركوك ناو) نەیتوانی بۆچونی زاهیر ئەنوەر عاسی وەربگرێت سەبارەی بە بەشدارنەبونی، بەڵام بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك كە لە ئەنجومەنی پارێزگا و هاوپەیمانی عروبەوە دەست كەوتون، ناوبراو ناڕازییە لە دابەشكاریی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی كەركوك و پێیوایە مافی هاوپەیمانێتییەكەی ئەوان بەپێی پێویست نەدراوە.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن و بەپێی یاسای پارێزگاكان، هەر ئەندامێكی ئەنجومەن ئەگەر چوار دانیشتنی لەدوای یەك یاخود یەك لەسەر چواری دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە چوار مانگدا ئامادەنەبوو، بەبێ پاساوێكی رەوا، ئەوا بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت.

نەشئەت شاهوێز وتی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆکی ئەنجومەن دەتوانیت رێکاری یاسایی بگرێتەبەر، بەڵام  کە تائێستا ئێمە و سەرۆکی ئەنجومەن رێکاریی یاسایمان نەگرتۆتەبەر، ئامانجمان ئەوەیە ئاڵۆزییەکان لەوە زیاتر تەشەنەنەسەنێت و دۆخەکە ئارامبێتەوە، بەڵكو ئەو ئەندامانەشی بایکۆتی کۆبونەوەکانیان کردووە بگەڕێنەوە ناو کۆبونەوەکانی خۆیان". 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT