سكاڵایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی دەستبەكاربونی رێبوار تەها رەتكرایەوە

سەلوا ئەحمەد مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هاوپەیمانی عەرەبی فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

كەركوك ناو

دادگای كارگێڕی بەغدا سكاڵایەكی سەلوا ئەحمەد مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هاوپەیمانی عەرەبی رەتكردۆتەوە، كە داوای كردووە مەرسومی كۆماریی بۆ دەستبەكاربونی رێبوار تەها، وەكو پارێزگاری كەركوك هەڵبوەشێتەوە.

سەلوا مەفرەجی، لە ئابی ئەمساڵ سكاڵاكەی لە دادگای كارگێڕی بەغدا تۆماركردووە، دژی دەركردنی مەرسومی كۆماریی لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە بۆ دەستبەكاربونی رێبوار تەها وەكو پارێزگاری كەركوك. بەپێی سكاڵاكە "ئەو مەرسومە پێچەوانەی یاسایە".

دادگای كارگێڕی لە بەغدا لە 24ی كانونی یەكەم، داواكەی سەلوا مەفرەجی رەتكردۆتەوە و هاتووە "سكاڵاكە هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نییە".

سەلوا مەفرەجی لە سكاڵاكەیدا دەڵێت كۆبونەوەی 10ی ئابی 2024ی هۆتێل رەشید، كە بەهۆیەوە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردران، پێچەوانەی یاسا بووە، چونكە وەك هاتووە "بانگهێشتنامە بۆ كۆبونەوە لەلایەن سەرۆكی بە تەمەنەوە نەكراوە"، كە بە بڕوای ئەو دەبێت بانگهێشتی كۆبونەوە سەرۆكی بە تەمەن بیكات.

هەروەها دەڵێت ئەو دانیشتنە - كە بەهۆیەوە حكومەتی خۆجێی كەركوك دروستبوو -، تەنیا بە ئامادەبونی نۆ ئەندامی ئەنجومەن بووە، بەبێ ئەوەی ئەندامەكانی تر بانگهێشتی كۆبونەوە بكرێن.

لەسەر ئەو بنەمایەش سەلوا مەفرەجی داوا دەكات مەرسومی كۆماری بۆ دەستبەكاربونی رێبوار تەها وەك پارێزگاری كەركوك هەڵبوەشێتەوە، بەڵام داواكەی رەتكراوەتەوە.

لە 10ی ئابی ئەمساڵ و دوای هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆی 16 ئەندام، لە هۆتێل رەشیدی بەغدا، رێبوار تەها و محەمەد حافز، وەكو پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژارد.

ئەو نۆ ئەندامە پێكهاتبون لە كوتلەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قیادە (عەرەبی)، عروبە (عەرەبی) و كۆتلەی بابلیۆن (كۆتای كریستیان).

455403975_899166578923199_5751615850041666683_n
بەغدا/12ی ئابی 2024/ لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق مەرسومی كۆماری بۆ دەستبەكاربونی پارێزگاری كەركوك دەردەكات. فۆتۆ: سەرۆكایەتی كۆمار

ئەو كۆبونەوەیە ناڕەزایی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی راكان سەعید، بەرەی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستانی لێكەوتەوە كە پێكەوە خاوەنی حەوت كورسین و تائێستاش بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنیان كردووە.

لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێگای جیاواز سكاڵایان بردە دادگای كارگێڕی و تائێستا دادگا سكاڵای هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەلوا مەفرەجی رەتكردۆتەوە. بەڵام سكاڵاكانی هەریەكە لە راكان سەعید و حەسەن تۆران دواخراون.

ناوەڕۆكی هەردوو سكاڵاكەی حەسەن تۆران و راكان سەعید، بۆ پوچەڵكردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە و  رەنگە لە حاڵەتی قبوڵكردنی سكاڵاكانیاندا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن پۆستەكانیان لەدەستبدەن.

سەلوا مەفرەجی لە 25ی ئەیلولی ئەمساڵ سەبارەت بە گەڕانەوەیان بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەن، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر ئەنجامی بڕیاری دادگا لە قازانجی دانیشتنەكە و بە شەرعی ناساندنی بوو، ئەوكات دەگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ كوتلەكانی دیكەدا، تا بەشداری لە دانیشتنەكانی ئەنجومەندا بكەن، بەوپێیەی وەكو ئەندامی هەڵبژێردراو پابەندن بە بەشداریكردن چونكە لایەنگرانیان داوای خزمەتگوزاری دەكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT