ناڕه‌زاییه‌كانی موسڵ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی راگیراوه‌

نه‌ینه‌وا، 23ی ئازاری 2019، هه‌ڵدانی خێوه‌تی ناڕه‌زایی له‌نزیك شوێنی نقومبونی به‌له‌مه‌ گه‌شتیاریه‌كه‌ی موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌لی ئه‌یاد – موسڵ

هاوڵاتیانی ناڕازی موسڵ، بڕیاریانداوه‌ گردبونه‌وه‌ و خۆپیشاندانه‌كان رابگرن به‌شێوه‌یه‌كی كاتی، به‌ڵام هه‌ر له‌ شوێنی روداوه‌كه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و بێده‌نگ نابن، ئه‌وه‌ش وه‌كو مۆڵه‌تێك تا سبه‌ی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێبكرێت له‌ نێویاندا دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار.

به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی ئازار، له‌ نزیك شوێنی روداوی نقومبونی به‌له‌مه‌كه‌ له‌ دورگه‌ی گه‌شتیاری شاری موسڵ، به‌شێك له‌ گه‌نجان و خه‌ڵكی توڕه‌ی موسڵ خێوه‌تیان هه‌ڵدا، به‌ڵام به‌هێمنی ماونه‌ته‌وه‌ و هاوشێوه‌ی رۆژی پێشتر دروشم و هوتافی ناڕه‌زایی ناڵێنه‌وه‌.

دكتۆر عه‌لی ئه‌غوان، یه‌كێك له‌ ئاماده‌كارانی ناڕه‌زاییه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه‌ له‌ تێكده‌ران ده‌ترسین و به‌رپرس نین له‌هه‌ر كێشه‌ و ناڕه‌زاییه‌ك ئه‌مڕۆ روبدات"، ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ناڕه‌زاییانیان هێوركردۆته‌وه‌ و رایانگرتووه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌وه‌ی دوینێ رویداوه‌ به‌بێ ئاماده‌كاری و سروشتی بووه‌ دژی گه‌نده‌ڵی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان دوای روداوه‌كانی موسڵ.

ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئازار له‌ پرۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری موسڵ، به‌له‌مێك به‌ ده‌یان كه‌سه‌وه‌ له‌ نێو روباری دیجله‌ نقوم بوو، به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی 100 كه‌س له‌ نێویاندا ژن و منداڵ خنكان، هێشتاش چه‌ندین كه‌س بێسه‌روشوێنن.

نه‌ینه‌وا، 22ی ئازاری 2019، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی خه‌ڵك دژی لێپرسراوانی موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 

رۆژێك دوای روداوه‌كه‌، خه‌ڵك له‌و پرۆژه‌ گه‌شتیارییه‌ به‌توندی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و هێرشیانكرده‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك لێپرسراوی باڵای عیراق، داوایانكرد پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ پۆسته‌كه‌ی دوربخرێته‌وه‌ و به‌رپرسان له‌و روداوه‌ش سزابدرێن.

دوابه‌دوای ناڕه‌زایی خه‌ڵك عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق بڕیاریدا به‌ پێكهێنانی شانه‌ی قه‌یران بۆ به‌رێوه‌بردنی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا به‌بێ پارێزگار و له‌ نوسراوێكیشدا بۆ په‌رله‌مان، پێشنیاری كردووه‌ نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و جێگره‌كانی دوربخرێنه‌وه‌، به‌تۆمه‌تی كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی.

ئه‌غوان كه‌ وه‌ك نوێنه‌رێكی خۆپیشانده‌رانی موسڵ خۆی ناساند ده‌ڵێت ئه‌وان چاوه‌ڕێی دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار و لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵ و كه‌مته‌رخه‌مان ده‌كه‌ن، "بڕیاره‌كان كه‌ دراون باشن به‌ڵام له‌ئاست خواستی خه‌ڵكدا نیه‌".

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ "ئێمه‌ چاوه‌ڕێی دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار ده‌كه‌ین له‌ كۆبونه‌وه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ی په‌رله‌مانی عیراق و چاوه‌ڕێین گه‌نده‌ڵكارانیش بدرێنه‌ دادگا".

چالاكوانانی مه‌ده‌نی له‌ موسڵ، هاوكاتی ناڕه‌زایی خه‌ڵك هه‌ڵمه‌تێكیان به‌ هاشتاگی "بێده‌نگ نابین" له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌ستپێكردووه‌.

ئه‌غوان ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانیشدا رێككه‌وتون تا سكاڵای یاسایی دژی كه‌مته‌رخه‌مان بجوڵێنن، وتیشی "نه‌ینه‌وا بێده‌نگ نابێت له‌ مافه‌كانی له‌مه‌ودوا به‌ تایبه‌ت به‌رانبه‌ر گه‌نده‌ڵكاران".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT