ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، پێنج لێپرسراوی باڵای موسڵ وه‌ك كه‌مته‌رخه‌م له دۆسیه‌ی نقومبونی به‌له‌مه گهشتیارییهكهدا راده‌گه‌یه‌نێت و بڕیاریشیداوه، لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 16ی نیسان ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا بۆ تاوتوێی چه‌ند پرسێك له نێویاندا، ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه له روداوه‌كه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ری موسڵ.
لێكۆڵینه‌وه‌كه له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه ئه‌نجامدرا به‌پێی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له 22ی ئازار، ته‌نیا رۆژێك دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ی موسڵ، كه به‌هۆی نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاریه‌وه له روباری دیجله، زیاتر له 200 كه‌س خنكان و هێشتاش ته‌رمی به‌شێك له قوربانییان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
حوسامه‌دین عهبار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و سه‌رۆكی لیژنه‌كه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان، چه‌ندین راسپارده‌یان راده‌ستی ئه‌نجومه‌ن كردووه و له‌ئه‌نجومه‌ن، ته‌واو راسپارده‌كان په‌سه‌ند كراون.
به‌پێی ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان؛ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن كه پارێزگار كه‌سی سه‌ره‌كییه تێیدا كه‌مته‌رخه‌م بون له روداوه‌كه‌دا.
نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا چه‌ند رۆژێك دوای روداوه‌كه‌ی موسڵ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه له پۆسته‌كه‌ی دورخرایه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆكوه‌زیران و به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی، دوای ناڕه‌زایی خه‌ڵكی شاره‌كه له‌چوارچێوه‌ی لێكه‌وته‌كانی روداوه‌كه‌دا.
لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، پێیوایه هه‌ریه‌ك له قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی موسڵ، به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زا كه‌مته‌رخه‌م بون.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا لیژنه‌كه جه‌ختیانكرده‌وه له‌وه‌ی بڕیاریشدراوه ئه‌و لێپرسراوانه‌ی به كه‌مته‌رخه‌م تۆمه‌تباركراون، جگه له پارێزگاری پێشوو، بانگهێشتی به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن بكرێن بۆ لێپرسینه‌وه و دواتر ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كانیان جێی بڕوا و ره‌زامه‌ندی نه‌بوو، متمانه‌یان لێبسه‌نرێته‌وه.
لیژنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، دوای سه‌ردانی زۆربه‌ی فه‌رمانگه حكومییه‌كان، ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ی تری ده‌ركردووه له نێویاندا چاودێری شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، داخستنی ئه‌و شوێنانه‌ی مۆڵه‌تیان نیه، هاوكاری تیمه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیان.
به‌پێی دوایین ئاماره‌كان لای ئه‌و لیژنه‌یه، ته‌واو قوربانیانی به‌له‌مه‌كه زیاتر له 200 كه‌س بوون و تائێستا ته‌رمی 121 كه‌س دیاره، ئه‌وانیتر بێسه‌روشوێنن.
پێشتر و له سه‌روبه‌ندی روداوه‌كه‌ی موسڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له فه‌رمانێكدا پێكهێنانی شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی نه‌ینه‌وا و ئیداره‌دانی پارێزگاكه راگه‌یاند، كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ش له سه‌رۆكی زانكۆ، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی پۆلیس، به‌بێ پارێزگار.