ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، بڕیاره سبه‌ی له دانیشتنێكی ئاسایی‌دا پارێزگار و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وه‌ش دوای وه‌رگرتنی ناوی 72 كاندید بۆ ئه‌و سێ پۆسته له نێویاندا ته‌نیا یه‌ك ئافره‌ت.
ناوه‌ڕاستی نیسانی ئه‌مساڵ، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به فه‌رمی ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا و جێگره‌كانی كرده‌وه، به‌هۆی چۆڵبونی ئه‌و پۆستانه بۆ زیاتر له مانگێك و دوای چه‌ند جارێك درێژكردنه‌وه‌ی واده‌كه‌ش، 7ی ئایار كۆتایی به پرۆسه‌كه هات.
سه‌یدۆ چه‌تۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له نوسراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه بانگهێشتی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات بۆ دانیشتنی دوشه‌ممه 13ی ئایار، به ئامانجی هه‌ڵبژاردنی هه‌ریه‌ك له پارێزگار و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی.
به‌پێی نوسراوه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجومه‌ن پاڵپشته به یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه و دوای كۆتایی واده‌ی پێداچونه‌وه‌یه به بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار و جێگره‌كانی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه.
له 24ی ئازار، په‌رله‌مانی عیراق، بڕیاریدا به دورخستنه‌وه‌ی نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆکوه‌زیران و به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی.
بریاره‌كه‌ی په‌رله‌مان دوای نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری هات له روباری دیجله، كه ئێواره‌ی 21ی ئازار به زیاتر له 280 كه‌سه‌وه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و ته‌نیا نزیكه‌ی 70 كه‌س رزگاریان بوو، ئه‌وانیتر زیاتر له نیوه هێشتا ته‌رمه‌كانیشیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
فه‌هیمه عه‌باس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێستا 48 كاندید بۆ پۆستی پارێزگار ماون".
ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ پۆستی جێگری یه‌كه‌می پارێزگار خۆیان كاندید كردووه گه‌یشتۆته حه‌وت كه‌س، ئه‌وانه‌یشی ده‌یانه‌وێت پۆستی جێگری دووه‌می پارێزگار به‌ده‌ستبهێنن 17 كاندیدن، به‌وته‌ی عه‌باس.
مه‌رجه‌کانی خۆکاندیدکردن بۆ ئه‌و سێ پۆسته ئه‌وه‌یه هاوڵاتی عیراقی بێت، بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ نیشته‌جیێ پارێزگای نه‌ینه‌وا بێت، هه‌روه‌ها بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس، یان زیاتری هه‌بێت و ته‌مه‌نی له 30 ساڵ که‌متر نه‌بێت، به ده‌نگی سێ له‌سه‌ر یه‌كی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵده‌بژێردرێت.
فه‌هیمه عه‌باس وتی "له نێو كاندیده‌كاندا ته‌نیا ژنێك خۆی كاندید كردووه بۆ پۆستی پارێزگار، ئه‌ویش جه‌میله عوبێدی (ئه‌ندامی پێشوی په‌رله‌مان)ـه".
پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌که‌ی، له ساڵی 2013 به‌پێی رێککه‌وتنێکی سیاسی نێو کوتله‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا دابه‌شكرا.
به‌پێی رێککه‌وتنه‌که پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سونه، جێگری یه‌که‌م بۆ کورد و جێگری دووه‌م بۆ عه‌ره‌بی سونه بوو، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ کورد و جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌ن بۆ تورکمان.
هه‌وڵه‌كانی دانانی پارێزگار هاوكاته له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش له‌رێی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه، كه هه‌فته‌ی رابردوو شكستیهێنا له گفتوگۆ و ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه و ئه‌و دۆسیه‌یه‌ی دواخست، به‌هۆی دروستبونی ناكۆكی له نێوان كوتله جیاوازه‌كاندا.