خه‌رجكردنی بودجه‌ی كه‌ركوك به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه‌

كه‌ركوك/2018/ بازاڕێكی میللی شاره‌كه‌ نزیك قه‌ڵا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی كه‌ركوك، هیچ به‌ره‌وپێشچونێكی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ و به‌وته‌ی دوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، هیچ واژۆیه‌ك ره‌وانه‌ی به‌غدا نه‌كراوه‌ وه‌ك ره‌زامه‌ندی تا پارێزگار ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی هه‌بێت.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به‌هۆی ناكۆكیی كوتله‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، تائێستا نه‌یتوانیووه‌ كۆبێته‌وه‌ و ره‌زامه‌ندی بدات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی بودجه‌ و پاره‌ی پترۆدۆلار.

به‌شێكی زۆری ناكۆكییه‌كان دوابه‌دوای داواكارییه‌كی راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك هات به‌وه‌كاله‌ت بۆ ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌ن یاخود واژۆی 15 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ خه‌رجكردنی 63 ملیار دینار له‌ بودجه‌ی پترۆدۆلار بۆ پرۆژه‌كان.

ئه‌و داوایه‌ ئه‌نجومه‌نی كردۆته‌ دوو به‌ره‌ و به‌شێكیان به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری داواكارییه‌كه‌ی جبوری ده‌كه‌ن به‌وپێیه‌ی ورده‌كاریی پلانی پرۆژه‌كان و چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی پاره‌كه‌یان پێشكه‌شنه‌كراوه‌.

ره‌مله‌ عوبێدی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پرۆژه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، كه‌ به‌هۆی ناڕه‌زایی له‌و داواكارییه‌ به‌وته‌ی خۆی هه‌وڵی دورخستنه‌وه‌ی ده‌درێت له‌ لیژنه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بابەتی ناردنی 15 واژۆ بۆ به‌غدا راست نیه‌ و هه‌ركارێكی له‌وشێوه‌یه‌ش دژی یاسایه‌ چونكه‌ بڕیاری خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌ندایه‌".

كه‌ركوك، 30ی نیسانی 2019، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌هۆی ته‌واونه‌بونی نیسابه‌وه‌ كرایه‌ راوێژكاری فۆتۆ: كاروان ساڵحی
 

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، به‌شێك له‌ میدیاكان، هه‌واڵی كۆكردنه‌وه‌ و ناردنی 15 واژۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیان بۆ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌، تا ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی بودجه‌ی پترۆدۆلار بدرێته‌ پارێزگار.

"به‌غدا بۆ ره‌زامه‌ندی خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ ته‌نانه‌ت داوای ژماره‌ی مه‌حزه‌ر و دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كات نه‌ك واژۆ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن" به‌وته‌ی ره‌مله‌ عوبێدی.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، 9ى نيسان یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا دوای ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌ په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانی، ئه‌وه‌ش بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ پارێزگاكه‌ له‌ نێویاندا بودجه، بڕیاریدا دوای ماوه‌یه‌ك له‌ به‌دواداچونی پلانی پرۆژه‌كان له‌ دانیشتنێكدا ده‌نگدان بۆ خه‌رجكردنی بودجه‌ بدات، به‌ڵام بۆ سێجار شكستیهێنا له‌ كۆبونه‌وه‌ و نه‌یتوانی نیسابی یاسایی ته‌واو بكات.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ لیستی برایه‌تی (یه‌كێتیی) به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "نه‌مانبیستوه‌ واژۆ نێردرابێت و ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی كه‌ركوك ده‌یه‌وێت به‌وشێوه‌یه‌ ره‌زامه‌ندی خه‌رجكردنی پاره‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت ئیتر 15 واژۆی ئه‌ندامانی بۆچییه‌ با بچێت بڕیاری خه‌رجكردنی بدات به‌ڵام ئه‌وكات ته‌واوی پرۆسه‌كه‌ ده‌چێته‌ قاڵبی گه‌نده‌ڵی و نایاسایی و دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌".

وه‌ك عه‌سكه‌ری باسیكرد، نوێنه‌رانی سێ پێكهاته‌ی كه‌ركوك تێبینییان له‌سه‌ر پرۆژه‌ پێشنیاركراوه‌كان هه‌یه‌ و "ناشكرێت به‌م جۆره‌ مافی خه‌ڵك پێشێلبكرێت".

حكومه‌تی عیراق، بۆ چه‌ند ساڵێك ناردنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌ركوكی راگرت، به‌هۆیه‌وه‌ شاره‌كه‌ روبه‌ڕوی كێشەی دارایی بۆوه‌ و سەرجەم پڕۆژەكان وەستێنران، تا له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا به‌دوو جار بودجه‌ ره‌وانه‌ كراو و به‌شێكی ته‌رخانكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان، به‌بێ چاودێری ئه‌نجومه‌ن.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ كه‌ركوك، دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ په‌كیكه‌وت كه ‌رۆڵێكی سه‌ره‌كی چاودێری بوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT