جەمال مەولود، سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ کاروباری دارایی، بۆ جاری چوارەم لەسەریەك ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەن نەبوو، هەرچەندە خۆی كاتی كۆبونەوەكەی دیاریكردبوو. تەنیا 17 ئەندام ئامادەبون و بەهۆیەوە نیسابی یاسایی تەواو نەبوو و كۆبونەوەكە بوو بە راوێژكاریی.
پەیامنێری (كەركوك ناو) لەناو هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، جەختیكردەوە، تەنیا 17 ئەندام ئامادەبون، ئهوانیتر بهشدارنهبون لەنێویاندا جەمال مەولود، بەبێ ئەوەی هۆكاری نەهاتنی بۆ ئەندامانی ئەنجومەن و راگەیەندنەكان ئاشكرابكات.
بڕیاربوو لە كۆبونەوەی كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی حوزەیران، پلانی گواستنەوەی سەدا 50ی پارەی پترۆدۆلار پەسەندبكرێت، لەگەڵ تاوتوێکردنی پلانی پڕۆژەکانی ساڵی 2019.
ئەندامانی یەكێتی لە لیستی برایەتی و پێكهاتەی توركمان زۆرینەی ئامادەبووەكانی كۆبونەوەكەیان پێكدەهێنا.
جەمال مەولود، لە سێ جاری پێشوودا بە پاساوی ئەوەی تەندروستی باش نەبووە ئامادەی كۆبونەوەكان نەبووە.
دوێنێ دوشەممە 10ی حوزەیران جەمال مەولود، بە (کەرکوک ناو)ی وت "پێدەچێت ئەمجارە رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن بۆ کۆبونەوەکە تەواوبکرێت، چونکە هەوڵێکی پێشوەختە هەیە بۆ ئەو مەبەستە".
وتیشی "پەیام و نامەمان ئاراستەی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن کردووە، تاڕادەیەکی زۆر ئەگەری ئەوە هەیە هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکەی ئەنجومەن ئامادەی دانیشتنەکە ببن، چونکە بۆ پرسێکی گرنگە لەبارەی پارەی پترۆدۆلار و پڕۆژە پێشنیازکراوەکان بۆ ساڵی 2019 کە ماوەیەکی زۆرە لەکاتی خۆیدا دواکەوتووە و هەوڵاتیان تێیدا زەرەرمەندبون".
ئەنجومەنی پارێزگا کە لە 41 ئەندام پێکدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (کورد)، تورکمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێکهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە، ههر کۆبونهوهیهکی ئاسایی پێویستی به ئامادهبونی پهنجا کۆ یهکی ئهندامان ههیه.