كچێك له شنگال گیانی له‌ده‌ستدا، به‌هۆی گڕگرتنی گژوگیای ده‌وروبه‌ری ماڵه‌كه‌یانه‌وه، به‌وه‌ش ژماره‌ی قوربانیانی ئاگر له‌و سنوره‌دا گه‌یشته چوار كه‌س ته‌نیا له ماوه‌ی 10 رۆژدا.
یه‌كشه‌ممه 16ی حوزه‌یران له كۆمه‌ڵگه‌ی گوهبهڵ له قه‌زای شنگال، مارتین برۆ ته‌مه‌ن 15 ساڵ، له‌كاتی سوتانی گژوگیای نزیكی ماڵه‌كه‌یاندا و به‌هۆی به‌نزینه‌وه، گڕی گرتووه و گیانی له‌ده‌ستداوه، به‌وته‌ی كه‌سوكاری بۆ (كه‌ركوك ناو).
هادی حەسەن، کەسێکی نزیکی بنەماڵەی قوربانییه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "مارتین نزیكی نیوه‌ڕۆ ویستویه‌تی ده‌وروبه‌ری ماڵه‌كه پاكبكاته‌وه و ئاگری له گژوگیای وشكی حه‌وشه و نزیكی ماڵه‌كه به‌رداوه، له جیاتی گاز به هه‌ڵه به‌نزینی پێداكردووه تا ئاگر به پوش و په‌ڵاش به‌ربدات، بۆیه ئاگره‌كه بڵاوبۆته‌وه و جه‌سته‌ی خۆی گرتۆته‌وه".
به‌هۆی ئاگره‌وه، به‌شێكی زۆر له جه‌سته‌ی ئه‌و كچه سوتاوه و دوای گه‌یاندنی به نه‌خۆشخانه‌ی ناحیه‌ی سنونێ گیانی له‌ده‌ستداوه، ته‌رمه‌كه‌یشی گواستراوه‌ته بۆ پزشكی داد له پارێزگای دهۆك.
پێشتر و له 8ی حوزەیران، سێ جوتیار لەكاتی كەوتنەوەی ئاگر سوتان لە كۆمەڵگەی بۆركی سەر بە قەزای شنگال، دوانیان بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەوە ده‌ستبه‌جێ گیانیانلەدەستدا، ئه‌وی دیكه‌ش دوای چه‌ند رۆژێك گیانی سپارد.
به‌ره‌کات عیسا، لێپرسراوی هۆبه‌ی کشتوکاڵی قه‌زای شنگال به (که‌رکوک ناو)ی وت "جگه له گیانله‌ده‌ستدانی چوار كه‌س، له ماوه‌ی 10 رۆژی رابردودا له ناحیه‌ی سنونێ 825 دۆنم چێنراو به گه‌نم سوتاون".
په‌رله‌مانی عیراق، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو بڕیاریدا به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی جوتیارانی زیانلێكه‌وتووی ئاگركه‌وتنه‌وه، ئه‌وه‌ش دوای به‌دواداچونی سوتانی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان و خه‌مڵاندنی زیانه‌كان له‌رێی لیژنه‌یه‌كه‌وه.
به‌ره‌كات عیسا ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ هه‌ر روداوێكدا، لێكۆڵینه‌وه‌ی پێویست ده‌كرێت و ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ده‌كرێته راپۆرتێك، به ئامانجی به‌دواداچون و قه‌ره‌بوی زیانه‌كانی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر.
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رگری شارستانی بڵاویكردۆته‌وه، له 8ی ئایار تا 4ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، 44 حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه له نه‌ینه‌وا تۆماركراوه و به‌هۆیه‌وه 11 هه‌زار و 183 دۆنم سوتاون، كه روبه‌رێكی به‌رفراوانی ده‌كه‌وێته قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر.
جگه له نه‌ینه‌وا، له كه‌ركوكیش به‌هۆی روداوه‌كانی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌وه، ژماره‌یه‌ك جوتیار و كارمه‌ندی هێزه‌كانی به‌رگری شارستانی بونه‌ته قوربانی.