"ته‌مه‌نم له‌گه‌ڵ ئه‌م باخه‌دا گه‌وره‌بوو، سه‌رچاوه‌ی بژێوی خێزانێك بوو، وائێستا به ناچاری جێیدههڵێم، ئه‌مجاره‌یان دڵی خۆیشم وه‌ك باخه‌كه‌م سوتا" فاخر حه‌مید وای وت، دوای ئه‌وه زیانه زۆره‌ی به‌هۆی ئاگره‌وه لێیكه‌وت.
له زێدی فاخر، گوندی شالیار له قه‌زای داقوق، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئاگرێكی گه‌وره كه‌وته‌وه و زیانی زۆری به‌دوای خۆیدا جێهێشت، له سوتانی ده‌غڵ و دان و چه‌ندین باخه‌وه تا خانووی خه‌ڵك.
فاخر زۆر دڵی پڕ بوو، چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به‌هۆی ئه‌و ئاگره‌وه زیاتر له سێ هه‌زار داری سوتاون، له داری زه‌یتون، قه‌یسی، هه‌نار و ترێ، له‌كاتێكدا هه‌مو ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و باخه و ئاوه‌دانی گونده‌كه‌یدا بردۆته‌سه‌ر.
هێشتا دیارنیه ئاگره‌كه‌ی گوندی شالیار له‌كوێ و چۆن سه‌ریهه‌ڵدا، كه ئه‌و سنوره، دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌ده‌ست هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌یه، له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك.
فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له داقوق كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی زانیارییه‌كان ئاگره‌كه له خواروی گوندی شالیاره‌وه دروستبووه، دواتر ته‌شه‌نه‌ی كردووه بۆ گوندی شالیار و به‌هۆیه‌وه، چه‌ندین ره‌ز و باخی خه‌ڵك سوتاون".
گوندی شالیار، دانیشتوانه‌ی له پێكهاته‌ی كاكه‌یین و ده‌كه‌وێته باشوری خۆرئاوای قه‌زای داقوق، زیاتر له 20 خێزانی تێدایه كه پێشتر ئاواره‌بون و دوای شه‌ڕی 2003ی عیراق گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵام دوای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كه له هێرشی 2014ی داعش ئاواره‌بونه‌وه و ئێستاش ئاگر ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون.
فرهاد نەزر، دانشتوی گوندی شالیاری كاكەیی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەمە دوهمینجارە ئێمە ئاوارە بوین، بەڵام ئەمجارە ئاگر ناخمانی سوتان" ئه‌و ده‌گریا كاتێك باسی زیانه‌كانی ده‌كرد، "زیاتر له 15 دۆنم ره‌ز و باخم سوتا، ئه‌و باخه‌م وه‌ك رۆڵه‌ی خۆم به‌خێوكرد و دڵم پێی خۆش بوو".
جگه له ره‌ز و باخ، ئاگره‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوی گوندی شالیار، ژماره‌یه‌ك له خانوی هاوڵاتیانیشی گرتۆته‌وه و زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه.
حسێن سەفەر، ئەنجومەنی گوندی شالیار به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زیاتر لە دوو ساڵ گونده‌كه‌مان چۆڵكرد بهعۆی مه‌ترسی چه‌كدارانی داعشه‌وه، هه‌رچه‌نده ئێستاش هێزه ئه‌منییه‌كان داواده‌كه‌ن بگه‌ڕێینه‌وه، به‌ڵام هێشتا ترسی داعش له‌و سنوره‌دا ماوه".
"دوای ئه‌وه‌ی ئاگاداركراینه‌وه كه گونده‌مان سوتێنراوه، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڵاتییه‌ك چوینه گونده‌كه به‌لام له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه رێگریمان لێكرا به پاساوی خراپی بارودۆخی ناوچه‌كه‌وه"، ئه‌نجومه‌نی گوندی شالیار وای وت.
روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه له داقوق، چه‌ند مانگێكه به‌رده‌وامی هه‌یه و هه‌زاران دۆنم چێنراو به گه‌نم و جۆ سوتاون، جگه له زیانی تری ماددی، له به‌شێك له‌و گوندانهیشی ئاگری لێكهوتهوه، ته‌قه‌كردن له جوتیاران و ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی چێنراو تۆماركراون، زیانه گیانییه‌كانیش تائێستا گه‌یشتۆته گیانله‌ده‌ستدانی دوو كه‌س و برینداربونی نزیكه‌ی 20 هاوڵاتی.
رەجەب عاسی کاکەیی، چالاکوان و سەروكی رێخكراوی میثرا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "جگە لەكوشتن و ئاوارە بون، ئەمساڵ بەروبومە كشتوكاڵیهكانیش له گونده‌كانی كاكهیلا سوتێنران و زیانی ماددی زۆر به‌ر جوتیاران كه‌وت، كه دواترینیان له شالیار بووه و چه‌ندین ره‌زو باخی خه‌ڵك سوتاوه".
به‌بڕوای ره‌جه‌ب كاكه‌یی، ئه‌وان له هه‌موو عه‌شیره‌ته‌كانی تری ناوچه‌كه زیاتر زه‌ره‌رمه‌ند بون، به تایبه‌ت له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه تائێستا به‌ده‌ستی گروپه چه‌كداره‌كان سه‌دان كه‌سیان بونه‌ته قوربانی.
"به‌هۆی هەڕه‌شەی چەكدارانی داعش بۆ سەر ناوچەی داقوق، بەتایبەتی كاكەییەكان؛ حەوت گوندی كاكەیی چوڵكراوە و دانیشتوانەكەی ئاواره‌ی كەركوك و شارەكانی كوردستان بوون، جگە لە دوو گوند كە رێژەكەیەكی زور كەمی دانشتوانەكەی گەڕاوەتەوە" كاكه‌یی واده‌ڵێت.
هه‌رچه‌نده له ناوه‌ڕاستی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵه‌وه په‌رله‌مانی عیراق بڕیاری قه‌ره‌بوی زیانی جوتیارانی ده‌ركرد، به‌هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌وه دوای خه‌مڵاندن و لێكۆڵینه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه دراوه‌ته ده‌ستی لیژنه و هێشتا لیژنه‌كانیش پێكنههێنراون.
به‌پێی ئاماره‌كانی به‌رگری شارستانی عیراق، له ته‌واوی وڵات‌دا زیاتر له 36 هه‌زار دۆنم سوتاوه و له‌و ژماره‌یه‌ش، زیاتر له شه‌ش هه‌زار دۆنم ده‌كه‌وێته پارێزگای كه‌ركوك، له نێویاندا قه‌زای داقوق.
قەزای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك)، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.