ته‌واوی قوربانیانی ئێزیدی له شنگال، بڕیاره له دوو گۆڕستانی گه‌وره‌دا بهخاكبسپێردرێنهوه، دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان له‌رێی پشكنینه‌وه.
جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزدیی، حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، بڕیاریاندا به دروستكردنی دوو گۆڕستان بۆ روفاتی كوژراوانی ده‌ستی داعش له شنگال و بۆ ئه‌وه‌ش له‌رێی لیژنه‌یه‌كه‌وه، رێكاره پێویسته‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه له به‌غداوه یه‌كلاییده‌كه‌نه‌وه.
داود موراد خه‌تاری، لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندیه‌كان و راگه‌یاندنی جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو )ی وت "له 12ی حوزه‌یران جڤاته‌كه دوای كۆبونه‌وه و راگۆڕینه‌وه دوو بڕیاری ده‌رباره‌ی ناشتنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیان به كۆی ده‌نگ ده‌ركرد".
گۆڕستانی یه‌كه‌م بڕیاره له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندی قه‌زای شنگال دروستبكرێت، بۆیه داوای ته‌رخانكردنی زه‌وی له شاره‌وانی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تری قه‌زاكه كراوه، تا هه‌موو روفاته‌كانی سه‌نته‌ر و ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش له‌و گۆڕستانه‌دا به‌خاكبسپێردرێن.
خه‌تاری ده‌ڵێت گۆڕستانی دوه‌م ده‌كه‌وێته گوندی كۆجۆ، ئه‌وه‌ش تایبه‌ته به قوربانیانی ئه‌و گونده، كه هاوڵاتییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی زه‌وی ته‌رخانكردووه و هیچ به‌ربه‌ستێك له‌دروستكردنیدا نییه.
یه‌كه‌م گۆڕی به كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له گوندی كۆجۆی قه‌زای شنگال، به بڕیاری حكومه‌تی عیراق له 15ی ئازاری ئه‌مساڵدا هه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌ستیپێكرد و له‌وكاته‌وه پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌یه، تائێستاش زیاتر له 10 گۆڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه و روفاتی نێو گۆڕه‌كان ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون، بۆ پشكنین و لێكۆڵینه‌وه، تا راده‌ستی كه‌سوكاریان بكرێنه‌وه.
رائید فه‌لاح حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پرۆسه‌كه زۆر به هێواشی به‌رێوه‌ده‌چێت، ڕه‌نگه كه‌سوكاری قوربانیانهكان حه‌زبكه‌ن كاره‌كه زوو ته‌واو بێت، به‌ڵام ئێمه نامانه‌وێت په‌له‌ی تێدا بكه‌ین و له هه‌مانكاتیشدا پرۆسه‌كه زۆر قورسه، ته‌نیا هه‌ڵدانه‌وه نیه".
بەپێی دوایین ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدیان له وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، له سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه مێژوهكانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش له دوای ئابی 2014 ده‌گه‌ڕێته‌وه.
لێپرسراوی راگه‌یاندنی جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی باسی له‌وه‌كرد ژماره‌ی روفاته ده‌رهێنراوه‌كان له كۆجۆ گه‌یشتۆته 200 روفات و چاوه‌ڕوانده‌كرێت تا ئابی ئه‌مساڵ ته‌واوی گۆڕه‌كان هه‌ڵبدرێنه‌وه.
جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی، ئایاری ئه‌مساڵ له 15 ئه‌ندام پێكهات له كه‌سوكاری قوربانیان و رزگاربوانی ده‌ستی داعش.
به‌وته‌ی خه‌تاری، بڕیاره بۆ ته‌واوكردنی رێكاره یاساییه‌كانی دروستكردنی ئه‌و دوو گۆڕستانه، لیژنه‌یه‌ك سه‌ردانی به‌غدا بكات و تا ره‌زامه‌ندی وه‌ربگرێت و هیچ كێشه‌یه‌ك رونه‌دات، جگه له رێكاره‌كانی دابینكردنی زه‌وی پێویست بۆ پرۆژه‌كه.
له هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال، "هەزارو 293 ئێزیدی شەهیدبون"، جگه له‌وه‌ی هێشتا نزیكه‌ی سێ هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه به‌تایبه‌ت ژنان، دوای رفاندنیان له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه چاره‌نوسیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه، بەپێی ئاماره‌كانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدیان له هه‌رێم.
پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بونەوە دوای دەستبەسەرداگرتنی شەنگال (بەدووری 120 لە خۆرئاوای موسڵ) لە 3ی ئابی 2014، كه لە 13ی تشرینی دووەمی 2015دا كۆنتڕۆڵكرایەوە.