راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت رایدەگەیەنێت كە ئەگەر ئاسایشی یەكێتیی و پارتی لە ساڵی 2003ەوە هەزار بۆ دوو هەزار كەسی لێ دەستگیركردبن، ئەوا "با رەخنە لەخۆمان بگرین، كە بەهۆی لەخۆگرتنی داعش لە ناوچەكانماندا زیاتر لە 7000 هەزار كەسمان كوژران و سەربڕدران".
ئەو وتەیەی راكان سەعید لە كۆنگرەیەكی گردبونەوەى سیاسى عەرەبیدا هات كە شەممە 20ی تەمموز لە کەرکوک بە ناونیشانی "ئازادکردنى بێتاوانان بنەمای دادپەروەریى و ئاشتى و پێکەوەژیان بەڕێوەچوو. كۆنگرەكە تایبەت بوو بە داواكردن بۆ ئازادكردنی بێسەروشوێنانی عەرەب كە تیایدا هەردوو ئاسایشی یەكێتی و پارتی تۆمەتباركران.
راكان سەعید لە وتارێكیدا لە كۆنگرەكە، وتی "ئێستا ئێمە باس لە هەزار یان دوو هەزار کەس دەکەین کە لە ساڵی 2003وە لەلایەن ئاسیشى پارتی و یەکێتییەوە دەستگیرکراون، بەڵام با رەخنە لە خۆمان بگرین بەهۆى پێشوازى لە داعشەوە لە ناوچەكانمان زیاتر لە 7000 کەسمان کوژران و سەربڕدران".
راكان سەعید خۆی خەڵكی قەزای حەویجەیە 55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك، ئەو قەزایەی لە حوزەیرانی 2014وە كەوتە دەست داعش تا تشرینی یەكەمی 2017ەو ژمارەیەك لە عەشیرەتەكانی ئەو ناوچەیە ئەوكات بەیعەتیان بە داعشدا.
هەر لەوتارەكەیدا، راكان سەعید وتی "رۆڵەى هەموو ئەوانەى دانیشتون، یان ئامادەنەبون لە هۆڵەکە، بەبێ فەرمانى دادوەر دەستگیرکراون... پێویستە بەغدا و هەرێمى کوردستان ئاگاداربن بۆ ئەوەى دەستگیرکراوەکان یاخود کەسوکارەکانیان هۆکارى دەستگیرکردنەکەیان بزانن و بە گفتوگۆ ئازادیان بكەن".
رۆڵەى هەموو ئەوانەى دانیشتون، یان ئامادەنەبون لە هۆڵەکە، بەبێ فەرمانى دادوەر دەستگیرکراون
لەو كۆنگرەیەدا، فۆرمی 1000 بێسەروشوێن رادەستی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك كرا. ئەو فۆرمانە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پڕكراونەتەوە و بڕیاری لەڕێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە رادەستی حكومەتی هەرێم بكرێت بۆ ئازادكردنیان.
راكان سەعید وتی "دەیان جار سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانمان کردووە بۆ ئەو بابەتە و هەروەها هیچ دەرگایەک نەماوە لێى نەدەین، لەگەڵ سەرۆك كۆماریش بۆ هەمان مەبەست قسەمانكردووە... دواى رادەستکردنەوەی یەک دوو قۆناغ لە دەستگیرکراوەکان بە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، پرۆسەكە راوەستا، ئەوەش تەنها بۆ خۆڵکردنە چاو بوو و هیچى تر".
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، هێزه ئهمنییهكانی سلێمانی 36 بهندكراویان به دوو قۆناغ بۆ كهركوك گەڕاندەوە، قۆناغی یهكهمی رادهستكردنهكه به نهێنیی و به رێككهوتنی نێوان لێپرسراوانی یهكێتیی نیشتیمانیی و راكان سهعید، پارێزگاری كهركوك بوو.
لە كۆنگرەكەی شەممەدا، راكان سەعید، وتی "زۆربەتان تاکو ئێستا بەبێ پاسەوان یاخود دەزگا ئەمنیەکان، ناتوانن سەردانى گوند و ناوچەکانى خۆتان بکەن، لەبەرئەوەى دەکوژرێت، یان دەڕفێنرێت لەلایەن خزم و کەسوکارییەوە کە تێوگلاون لەگەڵ تیرۆریستان... هەروەها کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکى نمونەى نییە پێشوازى کرد لە تیرۆریستانى داعش و باوشى بۆ كردنەوە و رۆڵەى خۆیان کوشت، پێویستە ئێستا ئەمن و ئاسایش بپارێزین و هاوکارى دەزگا ئەمنیەکان بکەین".