له قه‌زای داقوق، حه‌وت هه‌زار كه‌س كارتی بایۆمه‌ترییان ده‌رنه‌كردووه له كۆی 33 هه‌زار ده‌نگده‌ر، به‌وه‌ش مه‌ترسی هه‌یه مافی به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا بفه‌وتێت.
كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان، له‌رێی په‌نجه‌مۆر و وێنه‌وه له كارتی كۆنی ده‌نگدان جیاده‌كرێته‌وه و هه‌ر هاوڵاتییه‌ك تۆماره‌كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نوێنه‌كاته‌وه، به‌پێی رێكاره‌كانی كۆمسیۆن، له هه‌ڵبژاردن بێبه‌شده‌كرێت.
حه‌ردان حه‌سه‌ن، بەڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی داقوقی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له قه‌زای داقوق 33 هه‌زار و 830 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، له‌و ژماره‌یه تائێستا زیاتر له حه‌وت هه‌زار هاوڵاتی تۆماری بایۆمه‌ترییان نه‌كردووه، ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆره".
به‌وته‌ی حه‌سه‌ن، كه‌متر له مانگێك ده‌رفه‌ت ماوه بۆ ده‌ركردنی كارتی بایۆمه‌تری، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه مافی به‌شداریكردنیان له ده‌نگداندا ده‌فه‌وتێت.
"هاوڵاتیانی ناوچەكە زۆر بەكەمی سەردانی كۆمسیۆن دەكەن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی چەندینجار لەرێی ئەنجومەنی گەڕەك و گوندەكانەوە ئاگاداری بڵاوكراوه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ی زۆربه‌ی خێزانه‌كانیش به ته‌له‌فۆن ئاگاداركراونه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ر نه‌هاتون تۆماره‌كانیان نوێبكه‌نه‌وه".
حه‌ردان حه‌سه‌ن ده‌ڵێت 11 بنكه كراوه‌ته‌وه له داقوق و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، به پارێزگای كه‌ركوكه‌وه، بڕیاره له 1ی نیسانی 2020دا ئه‌نجامده‌درێت.
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە 14 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانهوه له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌ك، له نێویاندا تۆماری ده‌نگده‌ران.
قه‌یس محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت جه‌ختیكردۆته‌وه له‌وه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن كارتی بایۆمه‌تری بۆ هه‌موو ده‌نگده‌ران ده‌ربكه‌ن، تا هه‌موان له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا به‌شداربن.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆمسیۆن، قه‌یس محه‌مه‌د ئاماژه ی به‌وه‌داوه، تیمی گهڕۆكیان هه‌یه و سه‌ردانی هه‌موو فه‌رمانگه و داموده‌زگاكان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵك ببێته خاوه‌نی كارتی بایۆمه‌تری.
له پارێزگای كه‌ركوك، زیاتر له ملیۆنێك كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و رێژه‌ی زیاتر له سه‌دا 60ی خه‌ڵك، تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه و كارتی بایۆمه‌ترییان وه‌رگرتووه.