پرده روخاوه‌كانی موسڵ، هێشتا به‌ربه‌ستێكی سه‌ره‌كین له به‌رده‌م هاتوچۆدا و به‌وته‌ی هاوڵاتیانی ئه‌و شاره‌كه؛ چاره‌سه‌ر كاتییه‌كان نه‌ك رزگاری نه‌كردون، به‌ڵكو مه‌ینه‌تی و بارگرانی زیاتری دروستكردووه.
له موسڵ پێنج پردی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر روباری دیجله دروستكراوه، بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی روباره‌كه شاره‌كه ده‌كاته دوو به‌شه‌وه، به‌ڵام هه‌موو پرده‌كان له‌شه‌ڕی داعش له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه ته‌قێنرانه‌وه.
یه‌كه‌م پردی موسڵ، پردی كۆن یان عه‌تیق به له‌هجه‌ی موسڵاوی، له 1932دا بنیاتنرا و دوای دوو ساڵ له‌لایه‌ن مه‌لیك غازی، مه‌لیكی ئه‌وكاتی عیراقه‌وه كرایه‌وه، كه درێژییه‌كه‌ی 305 مه‌تره و هه‌ردوو ناوچه‌ی نه‌سر و مه‌یدان، به یه‌كترییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
دوای فراوانبونی شار، له هه‌ردوو به‌ری راست و چه‌پی موسڵ، به‌دوا یه‌كدا پرده‌كانی سێ، چوار و پێنج بنیاتنران، پلانیش هه‌بوو پردی شه‌شه‌م دروستبكرێت، به‌ڵام له‌دوای 2003وه پرۆژه‌كه مایه‌وه و جێبه‌جێنه‌كرا.
قه‌یرانی هاتوچۆ
ساڵح عه‌بدولعه‌زیز، ته‌واو بێزار بووه له هاتوچۆی هه‌ردوو به‌ری شاری موسڵ، چونكه بۆ بڕینی رێگایه‌كی كورت، پێویسته 45 خولهك له ئۆتۆمبێلدا بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پرده‌كان چاكنه‌كراونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌شی له كاردایه، وه‌ك پێویست نییه.
"دوای سێ ساڵ له كۆتایی شه‌ڕ، هێشتا زیانی پرده‌كان ماوه‌ته‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانی ئاسایی قورس كردووه، به تایبه‌ت له ناوچه‌كانی خۆرئاوا و باشوری شار" ساڵح بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه كه نیشته‌جێی گه‌ڕه‌كی 17ی ته‌مموزه له‌به‌ری راستی موسڵ، وتی "پردی سێ كه به گرنگترین پردی موسڵ داده‌نرێت و ده‌كه‌وێته میحوه‌ری خۆرئاوا، به چاككردنه‌وه‌ی ژیان بۆ شاری پزیشكی ده‌گه‌ڕێته‌وه، جگه له‌وه‌ش قه‌ره‌باڵغی هاتوچۆ چاره‌سه‌ر ده‌كات كه رۆژانه روبه‌ڕوی پرده‌كانی عه‌تیق و چوار ده‌بێته‌وه".
له‌و 45 خوله‌ی پێویسته بۆ هاتوچۆ له نێوان هه‌ردوو به‌ری موسڵ، زیاتر كێشه بۆ ئه‌و كه‌سانه دروستده‌بێت كه نه‌خۆشن یان له ته‌مه‌ندان، وه‌ك ساڵح عه‌بدولعه‌زیز باسیكرد، له‌كاتێكدا به‌شێكی زۆر له خه‌ڵك هاتوچۆی نێوان هه‌ردوو به‌شی شار ده‌كه‌ن بۆ كاروباری رۆژانه‌یان.
له شوباتی ئه‌مساڵدا و دوای سه‌ردانیكردنی بۆ نه‌ینه‌وا، به‌نگین رێكانی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و شاره‌وانیه‌كانی عیراق بهڵێنیدا، له كۆتایی 2019دا و سه‌ره‌تای ساڵی نوێ‌دا، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هه‌موو پرده‌كانی ناوشاری موسڵ ته‌واو بكرێن.
ئه‌یاد عه‌بدولغه‌نی، دوكانی فرۆشتنی ئامێر و كه‌لوپه‌لی بیناسازی له‌ناوچه‌ی ساعه له به‌ری راستی موسڵ، به‌هۆی له‌كاركه‌وتنی پرده‌كانه‌وه زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه و وه‌ك پێشتر بازاڕی نه‌ماوه، ئه‌و ده‌ڵێت "ئێستا كه‌س له به‌ری چه‌پی شاره‌وه ناگات به ئێمه بۆ شت كڕین، به‌هۆی قورسی هاتوچۆ له نێوان هه‌ردوو به‌شه‌كه‌دا".
ئه‌و هاوڵاتییه وتی "هیچ مه‌نتقێكی تێدانییه هه‌ردوو به‌ری چه‌پ و راستی شاره‌كه ته‌نیا له‌سه‌ر پردێك یان دوو پرده‌وه هاتوچۆ بكه‌ن كه ئه‌وانیش به كه‌ڵك نایه‌ن له كاتێكدا پێشتر پێنج پرد هه‌بوو".
پلانی حكومه‌ت چییه بۆ پرده‌كان؟
مه‌نسور مه‌رعید، پارێزگاری نه‌ینه‌وا جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی چاككردنهویه پرده‌كان به ته‌واوه‌تی، له پێشه‌نگی كاره‌كانیاندایه له حكومه‌تی خۆجێیی، ئه‌وه‌ش له پاڵ پرۆژه گرنگه‌كانی تردا تا موسڵ بچێته‌وه باری سروشتی خۆی.
"رۆژانه چاودێری كاره‌كانی فه‌رمانگه‌ی رێگه‌وبان و پرده‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به ئاوه‌دانی پرده سه‌ره‌كییه‌كان تا دوباره بكه‌ونه‌وه گه‌ڕ له زوترین كاتدا".
مه‌رعید ئه‌وه‌شی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "قۆناغی یه‌كه‌م له نۆژه‌نكردنه‌وه بۆ پردی دووه له موسڵ، كه دوای مانگێگ ده‌ستپێده‌كات و له دوای دانانی سیاجی ئاسنین، كۆنكرێتی و كاره‌كانی دیكه‌ش جێبه‌جێده‌كرێن".
حكومه‌تی ناوخۆیی نه‌ینه‌وا، پێشتر و له 25ی ئابی ئه‌مساڵدا، دوباره پردی فه‌یسه‌ڵییه‌ی كرده‌وه كه هاوكاری كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی ده‌كات له‌سه‌ر پردی كۆن.
"چاره‌سه‌ری قه‌ره‌باڵغی هاتوچۆ ناكرێت له موسڵ و ناوچه‌كانی تر ئه‌گه‌ر هه‌موو پرده‌كان به‌گه‌ڕ نه‌خرێنه‌وه، بۆیه رێككه‌وتن كراوه بۆ دابینكردنی بودجه بۆ پرده‌كان له سنوری ئیداری موسڵ و هه‌ردوو پردی گه‌یاره و گوێر، تا له زوترین كاتدا نۆژه‌نبكرێنه‌وه" به‌وته‌ی پارێزگاری نه‌ینه‌وا.
بازرگانی له موسڵ دوای روخانی پرده‌كان
ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره گه‌وره‌كه‌ی سه‌عد غانم، ئه‌گه‌ر پێشتر رۆژانه چه‌ندجارێك هاتوچۆی نێوان هه‌ردوو به‌ری شاری موسڵی كردبێت بۆ گواستنه‌وه‌ی شمه‌ك، ئێستا زۆر به ئه‌سته‌م ناتوانێت یه‌كجاریش هاتوچۆ بكات.
سه‌عد به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌یان بارهه‌ڵگر رۆژانه له هه‌ردوو به‌ری شاره‌كه گیرده‌خۆن، ئه‌وه‌ش مه‌نتقی نییه و پێیوسته حكومه‌ته‌كانی نه‌ینه‌وا و به‌غدا، چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ن، چونكه به‌شێك له‌و شمه‌كانه‌ی له بارههڵگرهكاندان، ره‌نگه خراپ ببن و زیانی زۆری دارایی به بازرگان و كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه بگه‌یه‌نێت".
له شاری موسڵی ناوه‌ندی پارێزگای نه‌ینه‌وا، نزیكه‌ی ملیۆن و نیوێك خه‌ڵك هه‌یه، جگه له‌وانه‌ی له قه‌زا و ناوچه‌كانی تره‌وه رووی تێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش قه‌ره‌باڵغی زیاتری هاتوچۆی دروستكردووه له كاتێكدا ته‌نیا بچوكترین پردی شاره‌كه، عه‌تیق له كاردایه و پردی چواریش به كات چاككراوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ دوو پردی كاتی كه سوپا دایناوه تا قه‌ره‌باڵغی له‌سه‌ر پردی یه‌كه‌م كه‌مبكاته‌وه.
كه‌ی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟
ره‌زوان شه‌هوانی، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی موسڵ جه‌ختیكرده‌وه له چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی پرده‌كان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌ری راستی له زیانه‌كانی شه‌ڕ.
"ته‌واوی پرد و رێگه‌وبانه‌كان له نزیكترین كاتدا نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه و له ئێستاشدا كۆمپانیاكان به‌رده‌وام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌كاردان، بۆیه له چه‌ند مانگی كه‌می داهاتوودا گۆڕانكاری ده‌بینن له بارودۆخی خزمه‌تگوزاری له موسڵ و به‌ره‌و باشتر ده‌چێت" شه‌هوانی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
جگه له پرده سه‌ره‌كییه‌كان، له به‌ری چه‌پی موسڵیش، پێنج پردی بچوك دروستكراوه له‌سه‌ر روباری خوسه‌ر له خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌دا، ئه‌وانیش موسه‌نا، سوكه‌ر، زهور، سوێس و سنحاریب-ـه، كه گه‌ڕه‌كه‌كانی شار به یهكتریییهوه ده‌به‌ستنه‌وه.
زۆرینه‌ی پرده‌كانی نێو موسڵ، به سه‌ره‌كی و لاوه‌كییه‌كانه‌وه، له بارانبارینی به‌خوڕی زستانی رابردوودا زیانی زۆریان به‌ركه‌وت، به‌شێكیان روخان و ئه‌وانیتر مه‌ترسی داڕوخانی هه‌بوو.
شاری موسڵ، له شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی داعش و هێزه عیراقییه‌كاندا، جگه له پرد، زیانی زۆری به‌ركه‌وت له كه‌رتی گشتی و تایبه‌تیشدا، له‌وانه وێرانبونی هه‌زاران خانوو و باڵه‌خانه، كه هێشتاش پاشماوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه به‌ربه‌سته له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا.