هۆشداریی دەدرێتە میری ئێزیدییان
سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای شنگال: خوێن دەڕێژێت

شێخان، 27ی ته‌مموزی 2019، مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربونی حازم ته‌حسین به‌گ وه‌ك میری ئێزیدیان له‌ عیراق و جیهان له‌ لالش فۆتۆ: باسم قاسم

عه‌مار عه‌زیز – شنگال

هەریەكە لە قایمقامی شنگال و سەرۆكی ئەنجومەنی قەزاكە، هۆشداریی دەدەنە میر حازم، یەكێك لە میرانی ئێزدییان و داوادەكەن سەردانی شنگال نەكات، "ئەگینا خوێن دەڕێژێت"، ئەوەش بەهۆی ئەوەی "زۆرێك" لە عەشیرەتەكانی قەزاكە ناوبراو بە میری ئێزیدییان دانانێن.

لە 27ی ته‌مموزی ئەمساڵ و له‌ په‌رستگای لالش له‌ قه‌زای شێخان، حازم ته‌حسین به‌گ له‌ رێوره‌سمێکی ئایینیدا وه‌ک میری ئێزیدیان له‌ عیراق و جیهان ده‌ستبه‌کاربوو، بەڵام دیاریكردنی ناڕەزایی عەشیرتەكانی شنگالی بەدواداهات.

بەهۆیەوە لە 4ی ئاب و له‌ مه‌زاری شبیل قاسم له‌ شنگال، ژماره‌یه‌ك له‌ پیاوانی ئایینی و كه‌سایه‌تی ئێزیدییه‌كان بڕیاریاندا به‌ دانانی نایف داود سه‌لمان، وه‌ك میری شنگال و پێكهێنانی ئیماره‌تی قه‌زاكه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق.

هه‌رمان میرزا به‌گ، جێگری میر حازم  به‌ ( که‌رکوک ناو )ی وت "میر حازم لە بەرنامەیدایە سه‌ردانی شنگال بكات و سەد لە 100 ئەو سەردانە ئەنجام دەدرێت، بەڵام كاتەكەی هێشتا دیاری نەكراوە".

سەد لە 100 میر حازم سەردانی شنگال دەكات

وتیشی "میر حازم میرى هه‌موو ئێزیدییه‌کانی جیهانه‌ و شنگالیش رۆحی ئێزیدییه‌کانه،‌ بۆیه‌ کاری سه‌ره‌کی ئێمه‌ جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی شنگاله".

بەڵام فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال بە(کەرکوک ناو)ی وت "تەنیا لەڕێی چەند كەسێكەوە بیستومانە میر حازم دێتە شنگال، ئێمە لەگەڵ دەنگی خەڵکی خۆمانین، ئەگەر خەڵک رازی نەبون میر حازم بێتە ناو شنگال و رێگرییان لێکرد ئێمە ئەوکات بەرگری لە میر حازم ناکەین و پاراستنی سەلامەتی ئەو لە ئەستوی خۆیدایە".

زیاتر وتی "من لەو بڕوایدا نیم کە خەڵک پێشوازی لێبکەن، بەڵکۆ بە پێچەوانەوە رێگری لێدەکەن، وەک چۆن رێگرییان لە مەحما خەلیل قایمقامی قەزاکەیان کرد و نەیانهێشت بێتە شنگالەوە، چونکە خەڵک ناڕازییە لە شێوازی هەڵبژاردنی میر و دانانی کۆمەڵێک جێگر بۆ خۆی".

میر حازم لەلایەن بنەماڵەی میرەوە هەڵبژێردراوە و لە شێخان دادەنیشێت، بەڵام پشتیوانی عەشیرەتەكانی شنگالی نییە،  بەپێچەوانەوە نایف داود سه‌لمان، میری شنگال پشتیوانی زۆرێك لە عەشیرەتەكانی هەیە، بەڵام بنەماڵەی میر دانیپێدانانێن.

meer
شێخان/ شوباتی 2019/ ساتی بەخاكسپاردنی تەرمی میر تەحسین بەگ فۆتۆ: كەركوك ناو

هەردوو میرەكە نەیانتوانیوە پشتیوانی تەواوی جڤاتی رۆحانی ئێزیدییەكان بەدەستبهێنن، كە لایەنێكی یەكلاییكەرەوەی دیاریكردنی میرە. بەگشتی، بنەماڵەی میر، عەشیرەتەكان و جڤاتی رۆحانی رۆڵیان هەیە لە هەڵبژاردنی میری ئێزیدییان.

فەهد حامد كە لەلایەن ئەنجومەنێكی كاتی قەزاكەوە كراوەتە قایمقام و بەغداش مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆر باشترە میر حازم سەردانی شنگال نەكات، چونکە بە هاتنی ئەو هیچ گوڕانکارییەک لە هەڵوێستی خەڵكی شنگال روونادات، بەپێچەوانەوە کێشەکە گەورەتر دەبێت".

بەگشتی لە ئێستادا میر حازم وەك میری ئێزیدیان بۆ پەرستگای لالش لە شێخان ناودەبرێت و میر نایف داود سه‌لمان-یش بە میری ئێزیدییان لە شنگال و مەزاری شبیل قاسم لەو قەزایە دادەنرێت.

سه‌عید مه‌لحه‌م، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نە كاتییەكەی قه‌زای شنگال به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ شنگال ئازادکراوە، هیچ جارێک نه‌مانبیستووه‌ که‌ حازم ته‌حسین به‌گ كە ئەوكات‌ وه‌کیلی میر بووە بڵێت ده‌چمه‌ شنگال بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، بەڵام ئێستا بەنیازی سەردانە‌ لەکاتێكدا زۆرینه‌ی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان و خه‌ڵکی شنگال بە میری خۆیان دانانێن".

وتیشی "ئه‌گه‌ر میر حازم سه‌ر‌دانی شنگال بکات خوێن ده‌ڕێژێت و کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ روده‌دات، باشتروایه‌ بیر لەو سەردانە نه‌کات".

ئه‌گه‌ر میر حازم سه‌ر‌دانی شنگال بکات خوێن ده‌ڕێژێت و کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ روده‌دات

حازم تەحسین بەگ، کوڕی میری کۆچکردوی ئێزدیان تەحسین بەگ‌، ساڵی 1964 لە ناحیەی باعەدرێ سەر بە قەزای شێخان لەدایک بووە، لە ساڵی 1989ـه‌وه‌ بۆته‌ بریکاری باوكیی و ئه‌ندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بوو له‌ پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

Lalashah
شێخان، 2019، مه‌راسیمه‌ ئاینییه‌كانی چوارشه‌ممه‌ی سور-ی ئێزیدییه‌كان له‌ په‌رستگای لالش فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

 

سه‌عید مەلحەم وتیشی "بەهیچ شێوه‌یه‌ک ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی میر حازم نین بۆ شنگال، له‌گەڵ قایمقام و لێپرسراوانی ئه‌منی باسی ئه‌و سه‌ر‌دانه‌مان‌ كردووە و هه‌مووان ره‌تیده‌که‌نه‌وه، چونكە كاتێك ئێمە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوین ئەو هیچی بۆ ئێزیدییەكان نەكرد‌".

بەڵام هه‌رمان میرزا به‌گ، جێگری میر حازم، وتی "سەرقاڵی دروستکردنی جڤاتێکی باڵای ئێزدییەکانین و لە 120 ئەندام پێکدێت، خەڵکی شنگال دەبنە بەشێکی گرنگ و سەرەکی لە جڤاتەکە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیەکی فەرمی رایدەگەیەنین، ئەم جڤاتە داواکارییەکی سەرەکی سەرۆک عەشیرەتەکانی شنگال بوو، وردە وردە ئەو داواکارییانەی کە ماون جێبەجێدەکرێن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT