عه‌قیدێكی پارتی له‌ به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی كه‌ركوك دورخرایه‌وه‌

كه‌ركوك، 2019، هێزێكی پۆلیسی كه‌ركوك له‌ نێو بازاڕی شاره‌كه‌دا فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیس

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بڕیاریدا به‌ دورخستنه‌وه‌ی عەقید دانیال جەبار ئەحمەد لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوك لە پشكی پارتی، دوای مانگێك له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌، له‌ جێی ئه‌ویش عه‌قیدێكی یه‌كێتی به‌ كاتی دانراوه.

عەقید دانیال جەبار، 4ی ئاب وه‌ك بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوك دەستبەكاربوو، ئەوەش بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق، بەڵام بە بڕیارێكی نوێی هەمان وەزارەت ناوبراو دوێنێ چوارشەممە 18ی ئه‌یلول له‌و پۆسته‌ لابرا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی، كه‌ له‌به‌ر نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوان ئاماده‌نه‌بوو ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوێنێ چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ نوسراوی ره‌سمی بڕیاریداوه‌ به‌ دورخستنه‌وه‌ی عه‌قید دانیال جه‌بار له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتن و له‌ جێی ئه‌و عه‌قید مازن غه‌ریب، له‌ شوێنه‌كه‌ی ده‌ستبه‌كاربووه‌ كه‌ كورده‌ و سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌".

پێشتر و له‌ 7ی ئابی ئه‌مساڵیشدا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی بۆ عه‌قید دانیال جه‌بار له‌و پۆسته‌ ده‌ركرد و له‌ جێی ئه‌و عه‌مید سابیر عوبێدی دانابوو له‌ پشكی یه‌كێتی، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زاییه‌وه‌، ئه‌وكات جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ راگیرا.

سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی كه‌ركوك وتی "دوو هۆكار هه‌یه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی عه‌قید دانیال، یه‌كه‌میان سه‌ردانی پارێزگاری كه‌ركوك بووه‌ بۆ لای وه‌زیری ناوخۆ و داواكاری ئه‌و، له‌گه‌ڵ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كراوه‌ له‌ نێوان لیژنه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی حزب و نه‌ته‌وه‌كانی پارێزگاكه‌".

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاری كه‌ركوك كه‌ سێشه‌ممه‌ 17ی ئه‌یلول بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، راكان جبوری له‌گه‌ڵ یاسین یاسری وه‌زیری ناوخۆ كۆبۆته‌وه‌، بۆ تاوتوێی چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ پێكهاته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ كه‌ركوك.

danial
عه‌قید دانیال جه‌بار، به‌ڕێوه‌به‌ری دورخراوه‌ی پۆلیسی فریاكه‌وتنی كه‌ركوك

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی تائێستا ته‌نیا بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی عه‌قید دانیال چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ئاگاداری گۆڕانكارییه‌كانی تر نین.

وەزارەتی ناوخۆ بەر لە جەژنی قوربان و له‌ ئابی ئه‌مساڵدا، لیستێك گۆڕانكاریی لە پۆستە ئەمنییەكانی كەركوكدا كرد، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كورد و توركمان بەتایبەت كورد گۆڕانكارییەكان راگیران و كاریان پێنەكرا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تری ئه‌منی له‌ كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد، دوابه‌دوای بڕیاری دورخستنه‌وه‌ی عه‌قید دانیال و له‌سه‌ر پێشنیاری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی كه‌ركوك، عه‌قید مازن غه‌ریب عه‌بدولره‌حمان وه‌ك كاربه‌ڕێكه‌ر بۆته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی كه‌ركوك، كه‌ خۆی له‌ پشكی یه‌كێتی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی روباره‌كانه‌.

ناڕەزایی كورد له‌ گۆڕانكارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دوای ئەوەهات، بەپێی لیژنەی راگرتنی باڵانس و گەڕاندنەوەی ئەفسەرەكان لە ناوچەكانی جێناكۆك، كە چەند پەرلەمانتارێكی كوردیش تیایدا ئەندامن، كورد 100 پۆستی ئەمنی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەدەستداوە.

عەمید ئەفراسیاو كامل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، پێشتر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئەو گۆڕانكارییانە هێشتا لەنێوان نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و نەتەوە جیاوازەکانی کەرکوکە و وەزارەتی ناوخۆ لە تاوتوێکردندایە.. بڕیارەکان هەڵنەوەشاونەتەوە، تەنیا راگیراون".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT