حزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك هه‌وڵی یه‌كلیستی ده‌ده‌ن

كه‌ركوك، 2018، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك، له‌ هه‌وڵی یه‌كلیستی و دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییدان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاكه‌، تا رێگریبكه‌ن له‌ په‌رته‌وازه‌یی و ده‌نگی زیاتری هاوڵاتیانی پێكهاته‌كه‌شیان كۆبكه‌نه‌وه‌.

ئه‌و هه‌وڵه‌ی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان، به‌ جیا له‌ كه‌ركوك و به‌غدا‌وه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، له‌رێی چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ریی و بژارده‌ی جیاوازه‌وه‌، كار بۆ كپكردنی ناكۆكییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی نێوانیان ده‌كه‌ن.

ئیسماعیل حەدیدی، كەسایەتی دیاریی عەرەبی سوننەی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین تا نێوماڵی عەرەب كۆبكەینەوە بۆ هه‌ڵبژاردن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یەك لیست نەبوین ئەوە جارێكیتر دەنگی زۆری نەتەوەی عەرەب لە دەستدەدەین و بۆ لیستەكانی دیكە دەچێت".

بڕیاره‌ له‌ 1ی نیسانی 2020دا و له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی تری عیراق، كه‌ركوكیش به‌شداربێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، كه‌ به‌هۆی ناكۆكی حزبه‌كانه‌وه‌ 14 ساڵه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ بێبه‌شه.

حه‌دیدی كه‌ هاوكات راوێژكاره‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق، ره‌خنه‌ی له‌ حزبه‌كان هه‌بوو، به‌وپێیه‌ی به‌ر له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك باسی هاوپه‌یمانی ده‌كه‌ن و دواتر هیچ به‌رهه‌مێكی نابێت، بۆیه‌ هه‌وڵه‌كه‌ به‌و ئاراسته‌دایه‌ له‌مجاره‌دا، سه‌ركه‌وتوو بێت.

xopeshandan
كه‌ركوك، 12ی ته‌مموزی 2019، خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب دژی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگار فۆتۆ: كاروان ساڵحی

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوك، پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان راگه‌یاند و داواشیكرد، لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵیاندا به‌شداربن.

وه‌سفی عاسی، سه‌رۆكی ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌رگایان كرایه‌وه‌ و هێڵی سوریان له‌سه‌ر هیچ كه‌س و لایه‌نێك نیه‌، تا بچنه‌ نێو لیست و هاوپه‌یمانییه‌كه‌یانه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و واده‌یه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاریكردووه‌، تا 5ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ له‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی بۆ هه‌ڵبژاردن تۆماربكه‌ن.

وه‌سفی عاسی داوای له‌ هۆز و لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك كرد، رۆڵیان هه‌بێت و فشار بكه‌ن تا پێكه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، وتی "هه‌ر حزبێك نەیەوێت بەیەك لیست بەشداربێت ئه‌وا شه‌قامی عه‌ره‌بی تاوانباری دەكات به‌وه‌ی بونه‌ته‌ هۆی په‌رته‌وازه‌یی ده‌نگی عه‌ره‌ب".

ئەم بەرەیە چەند جارێك رەخنەیان روبەڕوی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی كردۆتەوە كە ئەوانیش لە كۆمەڵێك حزب و سەرۆك هۆز و پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەن پێكدێن و راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك یەكێكە لە كەسایەتییە بەهێزەكانی.

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌ب، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ ئایاری ساڵی رابردودا به‌ لیستێكی هاوبه‌ش به‌شداربون و توانییان سێ كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

ئه‌گه‌ر یه‌كلیست نه‌بین ئه‌وا دەنگێكی زۆر لە دەستده‌ده‌ین له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا

مەحمود زێدان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەنجومەنی عەرەبی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەردەوام هەوڵی یەكڕیزی نێو ماڵی كەركوكی بەگشتی و نێو ماڵی  عەرەبی بەتایبەت دەدەین، بەمەبەستی كاری سیاسی و هەروەها ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن".

زێدان ستایشی داواكاری و هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی كرد بۆ یه‌كلیستی، به‌ڵام وتی، ئه‌وانیش به‌رنامه‌ و پلانی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ له‌و رووه‌وه‌.

"بۆ دوو رۆژ سه‌ردانی به‌غدمان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كاندا كۆبوینه‌وه‌، تا رێگری بكرێت له‌ ترازانی نێو ماڵی عه‌ره‌ب".

ئه‌و لێپرسراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت هه‌وڵه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ پارێزگاری له‌ ده‌نگه‌كانیان بكه‌ن، به‌ تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، كه‌ "هەڵبژاردنێكی چاره‌نوسسازه‌ بۆ دیاریكردنی سنوری نەخشەی پارێزگاكە بۆ دانیشتوانەكەی".

مه‌حمود زێدان جه‌حتیكرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر یه‌كلیست نه‌بوین ئه‌وا دەنگێكی زۆر لە دەستده‌ده‌ین، بۆیه‌ پێویستە له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبی و كه‌سییه‌كان دوربكه‌وینه‌وه‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی شه‌قامی عه‌ره‌بیدا".

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تی سیاسی، له‌ پارێزگای كه‌ركوك پێكهێنرا.

خەلیل حەدیدی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و ئەندامی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌ره‌ی یه‌كگرتوو دروستبووه‌ تا ببێته‌ مه‌رجه‌ع و كۆكردنه‌وه‌ی ماڵی عه‌ره‌بی، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵده‌دات".

جگه‌ له‌ عه‌ره‌ب، حزبە كوردییەكانیش له‌ كەركوك، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌یان رێككەوتنیان راگه‌یاند بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، تا له‌ڕێی لیستێكی هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ناوی "كه‌ركوكی كوردستانی" به‌شداری بكه‌ن، بەڵام هێشتا ئه‌و لیسته‌ تۆمارنه‌كراوه‌ و ناكۆكی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا هه‌یه‌.

به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، مادده‌ی 35 تایبه‌ته‌ به‌ كه‌ركوك و له‌ بڕگه‌یه‌كیدا باس له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاكه‌ كراوه‌ دوای هه‌ڵبژاردن، به‌جۆرێك ئه‌نجومه‌ن میكانیزمێك دابنێت بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكان.

له‌ به‌شێكی تری هه‌مواری یاساكه‌دا، ژماره‌ی كورسی ئه‌نجومه‌نه‌كان كه‌مكراونه‌ته‌وه‌، بۆ پارێزگای كه‌ركوك 14 كورسی ئه‌نجومه‌ن دانراوه‌ و یه‌كێكیان بۆ كریستیانه‌ كه‌ پێشتر 41 كورسی هه‌بوو، ئه‌وه‌ش به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و 600 هه‌زار كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌ ملیۆنێكیان مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT