ئاواره ئێزیدییه‌كانی چیای شنگال، له كه‌مپه‌كانه‌وه به‌ره‌و زێدی خۆیان ده‌ستیانكردووه به گه‌ڕانه‌وه، دوای هاوكاریكردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان له مین.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، هه‌فته‌یه‌كه پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی هه‌ردوو كه‌مپی چیای شنگال ده‌ستیپێكردووه و به‌رده‌وامیشی هه‌یه، كه پێشتر به‌هۆی پاشماوه‌ی شه‌ڕ و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه ئاماده‌نه‌بون بگه‌ڕێنه‌وه.
عه‌لی شهعبو، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت له چیای شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زیاتر له حه‌فته‌یه‌كه رێژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان زیادیكردوه به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگه‌كانی رابردوو، دوانزده خێزان له كه‌مپی سه‌رده‌شته‌وه گه‌ڕانه‌ونه‌ته‌وه بۆ گۆندی وه‌ردیه له گرعوزێر".
به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌كان، مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی سه‌رده‌می داعش بون، له‌گه‌ڵ نه‌بونی هاوكاری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك ئاو و كاره‌با.
"هۆكارێكی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان پاككردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناحیه‌ی گرعوزێره له مین و ته‌قه‌مه‌نی" به‌وته‌ی شهعبو.
چەكدارانی رێكخراوی داعش، لە ماوەی حوكمڕانییاندا زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان بۆمبڕێژكرد، به تایبه‌ت قه‌زای شنگال، پێش بەجێهێشتن و كۆنتڕۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزە عیراقییەكانهوه.
سه‌نته‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر و دوو كۆمه‌ڵگه‌ی تری نیشته‌جێبون، كۆتایی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ، به ته‌واوی له مین پاككرانه‌وه.
جەلال خەڵەف، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به‌وه‌كاله‌ت پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دڵنیایی ده‌ده‌ینه هاوڵاتیان له‌مه‌ودوا ده‌توانن به‌بێ ترس بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان".
زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ئێزیدی، له سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعش رویانكرده چیای قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای نه‌ینه‌وا) و هێشتا سه‌دان خێزان له دوو كه‌مپی ئه‌و سنوره‌دا ماون؛ كه‌مپی چیای شنگال زیاتر له دوو هه‌زار و كه‌مپی سه‌رده‌شت زیاتر له هه‌زار خێزانی تێدایه
به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت له چیای شنگال وتی "له هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر له هه‌زار خێزان مامه‌ڵه‌یان پێشكه‌شی نوسینگه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی شنگال كردوه تا بڕی یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دینار وه‌ربگرن و له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی پارهكهشدا، ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه".
به‌بڕوای عه‌لی شهعبو، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه به‌شێوه‌ی ئێستا به‌رده‌وامی هه‌بێت، ئه‌وا تا كۆتایی ئه‌مساڵ هیچ ئاواره‌یه‌ك له كه‌مپی سه‌رده‌شتی چیا نامێنێت.
حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، هاوكاری دارایی به بڕی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار ته‌رخانكراوه بۆ هه‌ر خێزانێكی ئاواره، ئه‌گه‌ر بڕیاری گه‌ڕانه‌وه بدات.
شهعبو پێیوایه ئه‌و بڕه پاره‌یه كه‌مه و به فه‌رمی داوایانكردووه زیاد بكرێت، چونكه ئاواره‌كان قوربانی زۆریانداوه و زیانه‌كانیان پڕناكاته‌وه.
جگه له كه‌مپه‌كانی چیای شنگال، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌كان سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوڵاتیانی ئێزیدی سه‌دا 30ی ئاواره‌كانی هه‌رێمیش پێكده‌هێنن، كه زۆرینه به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه ناگه‌ڕێنه‌وه.
قەزای شنگال، كه ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی پارێزگای نه‌ینه‌وایه و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له ئێزیدی پێكهاتون، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت و هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه‌ی كۆمه‌ڵكوژ كرد و رفاندنی، تا لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 قه‌زاكه له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه كۆنتڕۆڵكرایەوه.