لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك تۆمەتباردەكەن بە دورخستنەوەی لێپرسراوانی كورد لە فەرمانگەكانی شارەكە و ئەنجامنەدانی خزمەتگوزاری لەناوچە كوردییەكان.
ئەو هەڵوێستەی لیستی برایەتی لە راگەیەنراوێكدا هاتووە، كە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەكەم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە لە بینای پارێزگا بەڕێوەچوو.
ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، بەیاننامەكەی خوێندەوە و وتی "وەكو لیستی برایەتی بە توندی ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین لەسەر رەفتاری تاکڕەوانەی راکان سەعید، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، هەموو کار و رەفتاری دژ بە کوردی کەرکوکە بەگشتیی و بە تایبەتی گوندە کوردنشینەکان، جارێك هانی عەرەبە هاوردەكان دەدات بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو کەرکوک، بە مەبەستی تەعریبکردن، جارێکیش گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ گوندەکانی سەر بە داقوق، دوبز، سەرگەڕان و لەیلان) كە ئامانج لێی گۆڕینی باری دیمۆگرافیای شارەکەیە".
وەكو لیستی برایەتی بە توندی ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین لەسەر رەفتاری تاکڕەوانەی راکان سەعید
هەروەها ئاماژەی بەوەدا ناوبەناو بڕیار بۆ دورخستنەوەی لێپرسراوانی كورد دەدات لە فەرمانگە گشتییەکان و دیوانی پارێزگا بە ناوی هاوسەنگییەوە.
ئەو وتی "لە یەكی تشرینی 2019ەوە بێگوێدانە راو بۆچونی كورد و داوکارییەکانی لیستی برایەتی، راكان سەعید کۆنوسێکی مۆرکردووە بەهەماهەنگی ژمارەیەك ئەندامی عەرەب و توركمان بۆ دورخستەوەی بەرپرسە کوردەکان کە لە لێپرسراوی بەشەکان و ژورەکانی دیوانی پارێزگای کەرکوک پێكدێن".
"ئەم جۆرە رەفتارانەی پارێزگاری بەوەكالەتی کەرکوک، دژی یاسا و دەستور و رێككەوتنی سیاسیی و پێکەوەژیانی نەتەوەکانە، دورخستنەوەی کورد لە پارێزگای کەرکوک دەچێتە خانەی دەمارگیریی و بیرکردنەوەی تەسک بە عەقڵیەتێکی شۆڤێنی و دەبێتەهۆی تێکدانی بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی"، بەپێی راگەیەنراوەكەی لیستی برایەتی.
تیایدا جەختیشكراوەتەوە، كە ئەو هەنگاوانە "بەرەو پشێویی و ململانێی نێوان نەتەوەکان دەمانبات، دەبوو پارێزگاری بەوەکالەت هەوڵی هێنانەکایەی دەرفەرتی هەلی کار و دامەزارندنی گەنجان و پڕۆژەی ستراتیجی بۆ خزمەتگوزاریی و نەهێشتنی بێکاری لە پارێزگاکە بدایە، نەک سیاسەتی قۆرغکاری لە بەڕێوەبردنی دامەزاروەکانی پارێزگا پەیڕەوبکات".
ئەو هەنگاوانە بەرەو پشێویی و ململانێی نێوان نەتەوەکان دەمانبات
لیستی برایەتی بەرپرسیارێتی تێکچونی بارودۆخەكە دەخەنە ئەستۆی راکان سەعید.
ئەحمەد عەسكەری وتی "چەند رۆژێک لەمەوبەر نامەیەكمان ئاراستەی راكان سەعید كردو لە كارە نایاساییەكان ئاگادارمان كردەوە... لای ئێمە ئەو هەنگاوانە جێگای قبوڵ نییە، پێویستە بە زوترین کات رابگیرێت، یەکێک لەو خاڵانەی باسمان کرد خزمەتگوزاریی ناوچە کوردنشینەکانە".
"لێرەوە ئاگاداری راكان سەعید دەکەینەوە بە دورستیی و برایەتی و پێکەوەژیان کار بکات و رێز لە ئیرادەی نەتەوەی کورد بگرێت کە زۆرینەی پارێزگای کەرکوک پێکدەهێنێت و ئەگەر كورد وەلاوەبنرێت وەڵامی خۆمان دەبێت"، بەپێی راگەیەنراوەكە.