راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت راده‌ستكردنی 14 فه‌رمانبه‌ری دیوانی پارێزگای به دادگا پشتڕاستكرده‌وه، دوای ده‌ستگیركردنیان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر سكاڵای په‌رله‌مانتارێكی عیراق و به تۆمه‌تی به هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی.
یه‌كشه‌ممه 27ی تشرینی یه‌كه‌م، (كه‌ركوك ناو) وه‌ك یه‌كه‌م میدیا له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی 14 فه‌رمانبه‌ری له دیوانی پارێزگای كه‌ركوك بڵاوكرده‌وه، له نێویاندا كوڕ و برایه‌كی راكان سه‌عید جبوری.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی (كه‌ركوك ناو)، راكان جبوری ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ فه‌رمانبه‌ره‌كانی دیوانی پارێزگامان راده‌ستی دادگای عیراقی كرد به‌پێی سكاڵایه‌ك كه دیلان غه‌فور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پشكی كه‌ركوك پێشكه‌شیكردووه".
به‌وته‌ی پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت "سكاڵاكه په‌یوه‌سته به خه‌رجی خوارده‌مه‌نی و پێشوازی له هێزه ئه‌منییه‌كان و فه‌رمانده‌كانیان له‌گه‌ڵ میوانانی پارێزگا له لێپرسراوان و دیبلۆماسیی و راوێژكارانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له دوای ئۆپه‌راسیۆنی سه‌پاندنی یاسا".
سكاڵاكه په‌یوه‌سته به خه‌رجی خوارده‌مه‌نی و پێشوازی له دیوانی پارێزگای كه‌ركوك
راكان جبوری، له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه بۆته پارێزگار به وه‌كاله‌ت، ئه‌وه‌ش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك له‌ژێر ناوی "سه‌پاندنی یاسا"، كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.
بەپێی چەند وەسڵێك كە لە حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایه‌وه و چەند كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، ژەمە خواردن بە بڕی جیاواز جیاواز لە دوو ملیۆنەوە بۆ پێنج ملیۆن، بۆ میوانخانەی پارێزگار خەرجكراوە، بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی راستی ئەو بەڵگەنامانە بسەلمێنێت و هەروەها رون نییە ئایا لە ماوەی چەند-دا خەرجكراوە و ئەو خواردنە بۆ كێ و چۆن بووە.
پارێزگاری كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت، پێشتر و زیاد له جارێك خودی خۆیشی له‌سه‌ر سكاڵای په‌رله‌مانتار دیلان غه‌فور چۆته به‌رده‌م دادگا.
راكان جبوری له به‌یاننامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت "سكاڵای ئه‌و په‌رله‌مانتاره له‌رێی نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی نه‌زاهه‌وه به‌رزكراوه‌ته‌وه به‌ڵام له بیری كردوه باوكی خۆی كه لای خه‌ڵكی كه‌ركوك ناسراوه (مامۆستا غه‌فور) هێشتا هه‌ڵاتووه له كه‌ركوك و سه‌رباری فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كردوه راده‌ستی دادگای بكات".
دیلان غه‌فور، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و كچی غه‌فور ساڵح، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتییه كه له‌مساڵدا له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆری كەركوك فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوو.