به‌شێك له كریستیانه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، بۆ گه‌یاندنی دوو په‌یام گردبونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا؛ یه‌كێكیان پاڵپشتی بوو بۆ خۆپیشانده‌رانی به‌غدا و ئه‌ویتریان باسی ئه‌و مه‌ینه‌تییانه بوو چه‌ندین ساڵه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن.
له ناحیه‌ی ئه‌لقوش-ی زۆرینه كریستیان له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، شه‌ممه 26ی تشرینی یه‌كه‌م، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی به هه‌ڵگرتنی دروشمی دژ به توندوتیژی هێزه ئه‌منییه‌كان به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌رانی عیراقی، ناڕه‌زاییان نیشاندا و داواكارییه‌كانی خۆشیان گه‌یاند.
خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه، له‌سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌مه‌وه ناوبه‌ناو به‌رده‌وامی هه‌یه، تائێستاش به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بارگرژییه‌وه زیاتر له 200 كه‌س كوژراون له‌گه‌ڵ برینداربونی هه‌زاران كه‌سی تر.
هیلانه سه‌ڵاحه‌دین، یه‌كێك بوو له به‌شداربوانی گردبونه‌وه‌ی كریستیانه‌كانی ئه‌لقوش، له‌باسی هاوئایینه‌كانی خۆیدا وتی؛ ئه‌وانیش به‌درێژایی ساڵانی رابردو زۆریان مه‌ینه‌تی بینیووه له زوڵم و هه‌وڵی سڕینه‌وه، "هۆكاری ئه‌وه‌ش لێپرسراوانی حكومه‌ت و نه‌بونی پارێزگارییه له پێكهاته‌ی مه‌سیحی".
جگه له ئیدانه‌ی توندوتیژی دژی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له هه‌ر ناوچه‌یه‌كی عیراق، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "گه‌نده‌ڵی له‌پشت ئه‌و زیانه زۆره‌وه‌یه كه به‌ر هه‌موو خه‌ڵك كه‌وتووه، هه‌ر كابینه‌یه‌كی حكومیش له دوای 2003وه بارودۆخی خه‌ڵكی له‌به‌رچاو نه‌گرتووه، به‌پێچه‌وانه‌وه به ئه‌نقه‌ست به‌رده‌وامییان به قه‌یران داوه".
داعش له ناوه‌ڕاستی 2014 كاتێك موسڵی كۆنترۆڵكرد، سێ بژارده‌ی خستە بەردەم کرستیانەکان ئەوانیش بون بە ئیسلام، پێدانی جزیە یان جێهێشتنی ماڵەکانیان، بۆیە 136 هه‌زار كه‌سیان له‌و پارێزگایه بە ناچاری ئاوارەی هه‌رێمی كوردستان یان دەرەوەی وڵات بون.
بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ژمارەی کرستیانەکانی عیراق، لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەسەوە بۆ 200-300 هەزار کەس کەمبۆتەوه، به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووه‌وه.
"كوشتنی خۆپیشانده‌رانی ئاشتیخواز به فیشه‌كی قه‌ناس له‌سه‌ربانی باڵه‌خانه حكومییه‌كانه‌وه شه‌رعیه‌تی حكومه‌تی نه‌هێشت"، مارلا یوسف بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه ده‌ڵێت گردبونه‌وه‌كه‌شیان گه‌یاندنی په‌یامی پاڵپشتییه‌وه له ئه‌لقوشه‌وه بۆ به‌غدا، تا په‌یامی خه‌ڵكی ناڕازی له باكوره‌وه تا باشور بگات به هه‌موو جیهان.
له گردبونه‌وه‌ی كریستیانه‌كاندا، چه‌ندین دروشمی جیاواز له‌سه‌ر لافیته‌كانی ده‌ستیان نوسرابوو؛ له‌وانه چاكسازی له سیسته‌می سیاسی، لێپرسینه‌وه له گه‌نده‌ڵكاران و پارێزگاری له خۆپیشانده‌ران.
مایف توبیا، به‌شداربوی گردبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌لقوش بوو، داوای ده‌كرد پارێزگاری له مافی شه‌رعی خه‌ڵك بكرێت بۆ خۆپیشاندان، كه به‌پێی ده‌ستور پێیاندراوه، بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "كوشتنی خۆپیشانده‌ران به‌و رێگه به‌ربه‌رییه تاوانه و به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سزای له‌سه‌ره، چونكه هیچ پاساوێك نیه بۆ كوشتنی خۆپیشانده‌رانی ئاشتیخواز به چه‌ك و بۆمبی فرمێسك‌ڕێژ".
سه‌رباری چه‌ندین بانگه‌واز و بانگه‌شه بۆ خۆپیشاندان، به‌ڵام له موسڵ ئه‌نجامنه‌درا، كه شاره‌كه دوای چه‌ند سالێك له شه‌ڕی داعش، هێشتا به‌ده‌ست كێشه‌ی زۆره‌وه ده‌ناڵێنن.
"دیموكراسی واته رێزگرتنی حكومه‌ت له خه‌ڵك و دابینكردنی مافه‌كانیان و پارێزگاری لێكردنیان.. ئایا عیراق سیسته‌مێكی دیموكراسی هه‌یه؟" له‌یلا جونێد، له گردبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌لقوش ئه‌و پرسیاری كرد، دواتر به‌رده‌وامی به قسه‌كانی دا و داوایكرد؛ هه‌موو هاوڵاتیانی عیراق، به ته‌واوی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیه‌وه، مافی ژیانێكی رێزلێگیراویان پێبدرێت.