گه‌نجانی ناڕازی خانه‌قین، بڕیاریانداوه درێژه به خۆپیشاندانه‌كانیان بده‌ن تا داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێده‌كرێت، ئه‌وه‌ش سه‌رباری چه‌ندین رێگریی بۆ ئه‌وه‌ی وازبێهنن و بچنه‌وه ماڵه‌وه.
له گۆڕه‌پانی عه‌بدولعه‌زیز پشتیوان له ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین، چه‌ند رۆژێكه ناڕه‌زایی ده‌ستیپێكردووه و به‌پێی به‌دواداچونی رۆژانه‌ی په‌یامنێری (كه‌ركوك)، تا دێت فراوانتر ده‌بێت.
خۆپیشانده‌رانی خانه‌قین، سه‌ره‌تا بۆ پاڵپشتی ناڕه‌زاییه‌كان به‌غدا چوونه سه‌ر شه‌قام و له ئێستاشدا، رۆژانه ده‌یان هاوڵاتی و گه‌نج له كوڕ و كچ، داوای رۆیشتنی حكومه‌ت و چاكسازی ده‌كه‌ن.
سەعد كاكەیی، بەشداربوویەكی ناڕهزاییهكانه و ده‌ڵێت داواكاریی ئه‌وان "هەڵوەشانەوەی حكومەتی عیراقی و فەراهەمكردنی هەلیكار، نەهێشتنی گەندەڵی، باشكردنی گوزەرانی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانه"، له‌گه‌ڵ پاڵپشتی خۆپیشانده‌رانی به‌غدا.
خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له به‌غدا و چه‌ند شارێكی دیكه‌ی عیراق، مانگێكه به‌رده‌وامی هه‌یه و به‌هۆی بارگرژییهكانیشهوه، زیاتر له 250 كه‌س كوژراون و هه‌زاران كه‌سی تر برینداربون.
نه‌بیل محه‌مه‌د، چالاكوانی مەدەنی و به‌شداربوی خۆپشاندانه‌كانی خانه‌قین به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەشێك لە خۆپێشاندەران روبەڕوی هەڕەشە و رێگری بونەتەوە، بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەكان فراوان نەبێت".
هه‌رچه‌نده خۆپیشانده‌ران ئاماژه به رێگری ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان دیاله، زیاد له جارێك ئه‌و تۆمه‌ته‌یان ره‌تكردۆته‌وه.
"كەسانی نەناسراو لە رێگای تەلەفۆن یان فەیسبوك بە بیانوی هەبوونی ناوی خۆپێشاندەران و كەسانی چالاكوانی و ڕۆژنامەنووس لە دەزگای هەواڵگری داوا دەكەن كە بەشداری خۆپێشاندانەكان نەكرێت، بەڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو رێگرییه‌كاندا، خەڵك بەشداره و زۆرینه‌ش لاوان و گەنجانن" به‌وته‌ی نه‌بیل.
بڕیاربوو چوارشه‌ممه 30ی تشرینی یه‌كه‌م پارێزه‌رانی دادگای خانه‌قینیش بچنه ریزی خۆپیشانده‌رانه‌وه به‌ڵام چالاكییه‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه.
عەباس زەكی، لێپرسراوی ژووی پارێزەرانی دادگای خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاربوو بچینە پاڵ خۆپێشاندەران و پاڵپشتی لە دواكارییەكان بكەین، چونكە لەسەر ئاستی عیراق سەندیكای پارێزەران بڕیاریداوه ببنه پاڵپشتی ناڕه‌زاییه‌كان و بایكۆتی كاركردن بكه‌ن له دادگاكان‌دا تا 4ی تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵ".
وه‌ك زه‌كی ئاماژه‌ی پێدا، هۆكاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی چالاكییه‌كه، ئاماده‌نه‌بونی زۆرینه‌ی پارێزه‌ران بووه، چونكه له كۆی 120 پارێزه‌ر ته‌نیا 25 كه‌س ئاماده‌بون بچنه پاڵ خۆپیشانده‌ران، "بۆیه دوامانخست بۆ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو تا ژماره‌یه‌كی باش له پارێزه‌ران ئاماده‌بن".
به‌پێی زانیارییه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، نه‌چونی پارێزه‌ران بۆ نێو خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له خانه‌قین، به‌شێكی په‌یوه‌ندی هه‌بووه به داواكاری و ده‌ستتێوه‌ردانی حزبییه‌وه، تا به‌شدارنه‌بن.
خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له خانه‌قین، له دوو كاتی جیاوازدا ده‌چنه گۆڕه‌پانی نێو قه‌زاكه، به‌یانیان له كاتژمێر 9ی تا 12ی نیوه‌ڕۆ، هه‌روه‌ها له 3ی دهمهوئێوارهوه تا 5ی ئێواره‌ی هه‌موو رۆژێك.
هاوشێوه‌ی خانه‌قین، له كه‌ركوك و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نه‌ینه‌واش، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی هه‌بووه بۆ پاڵپشتی له داواكاریی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا.
خۆپیشانده‌رانی به‌غدا و شاره‌كانی تر، جگه له داوای هه‌لیكار و خزمه‌تگوزاری، جه‌خت له گۆڕانكاریی له سیسته‌می سیاسی و رۆیشتنی حكومه‌تی ئێستا ده‌كه‌نه‌وه.