بەرەی توركمانی لە كەركوك، داوا لە خەڵكی شارەكە و لایەنگرانی دەكات، سبەی پێنجشەممە 26ی كانونی یەكەم، بچنە بەردەم بینای پەروەردە و خۆپیشاندان بكەن، لەپێناو دابەشكردنی پشكی پێكهاتەكان لە دامەزراندن بە رێژەی لەسەدا 32.
ئەو داواكارییەی بەرەی توركمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی كانونی یەكەم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات لە بارەگای لقی كەركوكی بەرەی توركمانی.
بەپێی بەیاننامەكە، كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە، تیایدا هاتووە "داوا لە خەڵك دەكەین پێنجشەممە بچنە بەردەم پەروەردە لە پێناو جێبەجێكردنی رێژەی لەسەدا 32ی دامەرزاندن، بەشێوەی یەكسان بۆ پێكهاتەكان و تەرخانكردنی رێژەیەك لە دامەزراندن بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە خوێندنی توركمانیدا هەیە".
بەرەی توركمانی هەروەها داوا دەكات، رێكارەكانی دابەشكردنی پلە وەزیفییەكان بۆ قەزاو ناحییەكان رونبكرێنەوە و ئاشكرابكرێن.
ئەو داواكارییانە بەهۆی ئەوەوەیە كە بەرەی توركمانی پێیوایە، روبەڕوی زوڵم و دەستبەسەراگرتنی مافەكانیان بونەتەوە.
بەرەی توركمانی دەڵێت "لە ساڵانی رابردودا، ژمارەیەك زۆر مامۆستا بۆ برایانی كورد دامەرزاوە، هەروەها لە سەردەمی محەمەد تەمیم، وەزیری پەروەردەی عیراق – خەڵكی حەویجە – سەدان كەس لە عەرەب وەكو مامۆستا دامەزرێنران، ئەوەش بەپاساوی ئەوەی لە ئیدارەی پێشوی كەركوكدا عەرەب دانەمەزراوە".
بۆیە جەختدەكەنەوە لەوەی "ئێستا دامەزراندن كراوەتەوە، پێویستە بەپێی ریژەی لەسەدا 32 و بەهاوسەنگی لەنێوان پێكهاتەكاندا بێت، چونكە پێمانوایە نایەكسانی هەیە لە كەركوكدا، ئەوانەشی رەتیدەكەنەوە دەیانەوێت ناكۆكیی و دووبەرەكی لەنێوان پێكهاتە راستەقینەكانی كەركوكدا دروستبكەن".
ئێستا دامەزراندن كراوەتەوە، پێویستە بەپێی ریژەی لەسەدا 32 و بەهاوسەنگی لەنێوان پێكهاتەكاندا بێت
ئەو داواكاریی و هۆشدارییەی بەرەی توركمانی، لەكاتێكدایە، دوشه‌ممه 23ی كانونی یه‌كه‌م، عه‌بد عه‌لی توعمه، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌واوی كاره‌كانی پرۆسه‌ی دامه‌زراندن ته‌واو بووه و پێنجشه‌ممه تا كۆتایی كاتی ده‌وام ناوه‌كان راده‌گه‌یه‌نین".
به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، له 27ی ئاب به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بوو.
له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه پڕكرده‌وه، كه سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه، به پێی خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامهزرێنراوان هه‌ڵده‌بژێردرێن.