راكان جبورى به‌ دانانی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ نوێیه‌كانی كه‌ركوك قایل بوو

كەركوك/ 13ی كانونی دووەمی 2020/ كۆبونه‌وه‌ی پارێزگار له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كاندا فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

كەركوك ناو

راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربونی چوار به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی حكومی كرد له‌ پارێزگاكه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی بۆ نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ رێگرییكرد و نه‌یهێشت ده‌وام بكه‌ن.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگار، كه‌ ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 13ی كانونی دوه‌م بڵاویكرده‌وه‌، راكان جبوری له‌ سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كاندا، پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی شاره‌وانی، شاره‌وانییه‌كان، ژینگه‌ و ئاوه‌ڕۆ كرد به‌هۆی ده‌ستبه‌كاربونیانه‌وه‌، هیوای خواست وه‌ك تیم كاربكه‌ن، دوور له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی.

ئەو به‌ڕێوه‌به‌ره‌ حكومییانه‌، لە 30ی كانونی یەكەمی 2019 لەلایەن پەنگین رێكانی، وەزیری ئاودانکردنەوە و نیشتەجێبون و شارەوانییەکانی عیراق له‌و پۆستانه‌دا دانراون، بەڵام تا كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوش سیانیان دەستبەكارنەبون و یەكێكیشیان بەربەستی بۆ دروستده‌كرا له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه‌.

هەفتەی رابردوو، سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك، كە بەهۆی ئەوەی مافی لێدوانی نییە بۆ راگەیاندن، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك، پێیوایە لە گۆڕانكارییەكاندا پرسی پێنەكراوە و بەو گۆڕانكارییانە رازی نییە، بۆیە لە هەوڵدایە لەڕێی هێزەوە ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە كە بۆ دەستبەكاربونی ئەو چوار بەڕێوەبەرە دەركراوە و لەو هەوڵەش بەردەوامدەبێت".

بەپێی نوسراوێكی پەنگین رێكانی، كە 30ی كانونی یەكەم ئاراستەی پارێزگای كەركوك كراوە و كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تیایدا هاتووە "ئەو فەرمانانەی كە دەریدەكەین، بۆ ئەوە نییە رەزامەندی ئێوە وەربگرین، بەڵكو پێویستە جێبەجێبكرێت و جێگەی گفتوگۆ نییە".

 


  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT