باندێك له‌ كه‌ركوك ده‌ستگیركران
له‌ دوو رۆژدا نزیكه‌ی هه‌شت ده‌فته‌ر دۆلار دزراوه‌

كه‌ركوك، 2019، شه‌قامی سه‌ره‌كی گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوای ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ته‌نیا له‌ ماوه‌ی دوو رۆژدا، حه‌وت ده‌فته‌ر و 80 وه‌ره‌قه‌ له‌ نێو شاری كه‌ركوك دزراون، ئه‌وه‌ش له‌ دوو روداوی جیاوازدا و به‌ زه‌بری چه‌ك.

له‌ دوایین روداودا؛ سێشه‌ممه‌ 20ی كانونی دوه‌می 2020 له‌ شه‌قامی بازنه‌یی شاری كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌ رێگریی له‌ هاوڵاتییه‌ك ده‌كه‌ن و بڕی 18 هه‌زار دۆلار (ده‌فته‌رێك و 80 وه‌ره‌قه‌) به‌زۆر لێده‌سه‌نن.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، سائر مه‌هدی ته‌مه‌ن 53 ساڵ كه‌ ئۆتۆمبێلێكی له‌ جۆری بێ ئێم ده‌بلیو پێ بووه‌، له‌ نزیك گه‌ڕه‌كی شۆراو له‌لایه‌ن ئۆتۆمبێلێكی توێتا پیكابه‌وه‌ رێگری لێكراوه‌ و سه‌رنیشینه‌كانی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ك، پاره‌كه‌یان لێی بردووه‌ و هه‌ڵاتون.

ئه‌وه‌ دووه‌م روداوی دزی بووه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ نێو شاری كه‌ركوك.

پێشتر و له‌ 12ی ئه‌م مانگه‌دا، هاوڵاتییه‌ك دوای ده‌رچونی له‌ ماڵ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ بڕی 60 هه‌زار دۆلار (شه‌ش ده‌فته‌ر)ی لێ دزرا.

كەریم ئەحمەد، خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو به‌ (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 7:45 خوله‌كی ئێواره‌ بوو، له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م و كه‌سێكی تر، له‌ ماڵ ده‌رچوین و كاتێك گه‌یشتینه‌ دووسایدی نزیك مۆڵ زەیتونە لە گەڕەكی رەحیماوە، چه‌كداره‌كان رێگرییان لێكردین".

چه‌كداره‌كان له‌ نێو ئۆتۆمبێلێكی جۆری جێب لاریدۆ بون و به‌رده‌م ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كه‌ریم ئه‌حمه‌د-یان گرتووه‌ تا داببه‌زێت.

"فیشه‌كیان به‌سه‌رماندا ته‌قاند و به‌ زه‌بری چه‌ك پاره‌كه‌یان لێبردین" كه‌ریم واده‌ڵێت.

police
كه‌ركوك، 2019، هێزێكی پۆلیسی كه‌ركوك له‌ نێو بازاڕی شاره‌كه‌دا فۆتۆ: راگه‌یاندنی پۆلیس

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك، كه‌ 21ی كانونی دوه‌م بڵاویكرده‌وه‌، دوای چه‌ند رۆژێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ توانیویانه‌ باندێكی دزی ده‌ستگیر بكه‌ن، له‌ نێویاندا ئه‌و كه‌سانه‌ن هه‌ن پاره‌كه‌یان له‌ خاوه‌نی نوسینگه‌ی دراو بردووه‌.

عه‌مید قەیس عامر ناجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان له‌ كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی 60 هه‌زار دۆلاره‌كه‌ی له‌ خاوه‌نی نوسینگه‌یه‌كی دراو دزی بوو، ژماره‌ی ساخته‌ی لێ درابوو، به‌ڵام دوای لێكۆڵینه‌وه‌ توانرا بدۆزرێنه‌وه‌".

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك، له‌ كامێراكانی چاودێرییه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ دوای ئه‌و دزییه‌، سه‌ره‌تا دەچێتە ماڵێك لە گەڕەكی عروبەی كه‌ركوك، دوای لێكردنه‌وه‌ی ژماره‌ ساخت و ئه‌و جوانكارییانه‌ی له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ درابوو تا نه‌ناسرێته‌وه‌، له‌ عروبه‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌به‌نه‌ گەڕەكی بەدر.

"له‌ هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕانی هێزه‌كانماندا، توانیمان له‌و روداوه‌دا باندێكی سێ كه‌سی ده‌ستگیربكه‌ین، دەستیشمانگرت به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلەكە، چه‌ندین پارچه‌ چەك و كەلوپەلی سەربازی به‌كارهاتوو له‌ دزییه‌كه‌دا".

ده‌ستگیركراوه‌ به‌سه‌ر چه‌ك و ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییانه‌ی له‌ دزییه‌كه‌دا به‌كارهاتوون

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان ئه‌وه‌شی وت؛ هێشتا تۆمه‌تباری تری ئه‌و بانده‌ ماون و له‌ گه‌ڕاندان تا هه‌موویان ده‌ستگیرده‌كه‌ن.

عه‌مید قەیس عامر ده‌ڵێت له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ته‌نیا دوو روداوی دزی لای ئه‌وان تۆماركراوه‌.

له‌ كۆتایی ساڵی رابردوشدا، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كامێری چاودێری له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌، له‌ شه‌ودا شمه‌كی به‌رده‌م دوكانه‌كانی بازاڕی خان خورما ناسراو به‌ عه‌لوه‌ی كه‌ركوك ده‌خه‌نه‌ ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازییه‌وه‌ و ده‌یبه‌ن، به‌ڵام تائێستا هیچ تۆمه‌تبارێكی ئه‌و روداوه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندایه‌ به‌ به‌شداری پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ش هێزه‌كانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی تێدایه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT