نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو ده‌نێرن
به‌ره‌ی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك: زیندانییه‌كانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌وێته‌وه‌

كه‌ركوك، ئابی 2019، خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی هاوڵاتیان و لایه‌نگرانی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوك، جارێكیتر داوای چاره‌نوسی زیندانییانی عه‌ره‌ب له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی عیراق به‌پێویستی ده‌زانن ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ پێشه‌نگی كاره‌كانیدا بێت.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو نامه‌یه‌كی بۆ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی عیراق كرد، له‌سه‌ر دۆسیه‌ی زیندانییانی عه‌ره‌ب له‌ گرتوخانه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر.

نازم شمه‌ری، جێگری سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو به‌ (كه‌ركوك)ی وت "له‌ نامه‌كه‌دا داوامانكردوه‌ دۆسیه‌ی زیندانییانی عه‌ره‌بی سونه له‌ گرتوخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی و دۆسیه‌كانیان یه‌كلابكرێته‌وه‌".

محەمەد عەلاوی، سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌وه راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌ 30 رۆژدا.

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو پێیانوایه‌ دۆسیه‌ی زیندانییه‌كان بۆته‌ "بابه‌تێكی بازرگانی" و ته‌نیا له‌كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا باسده‌كرێن.

شمه‌ری ده‌ڵێت "دۆسیه‌كه‌ بۆته‌ بابه‌تی سازشكردن و بازرگانی سیاسی، ئەوانەشی دۆسیەكه‌یان  پشتگوێخستووە نوێنەرانی عەره‌بن لە پەرلەمان، به‌ تایبه‌ت نوێنه‌رانی كەركوك، دیاله‌، تكریت و موسڵ".

besarwshwen
كه‌ركوك، 2019، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی كه‌سوكاری بێسه‌روشوێن و رفێنراوان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

پێشتر و زیاد له‌ جارێك، لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك، له‌رێی گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه‌وه‌، داوای چاره‌نوسی ده‌ستگیركراوانیان كردووه‌ لای هێزه‌ ئه‌منییه‌ كوردییه‌كان، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا له‌ ته‌مموزی ساڵی رابردودا ناوی 1000 بێسەروشوێنی رادەستی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك كرد، كه‌ هەردوو ئاسایشی یەكێتیی و پارتییان به‌ بێسه‌روشوێنكردنیان تۆمەتباركرد.

"به‌ندكراوان گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌زاران كه‌س له‌ گرتوخانه‌كانی هه‌رێم، تائێستا چاره‌نوسی نیوه‌یان هه‌ر دیارنییه‌، به‌شێكیشیان روبه‌ڕوی ئه‌شكه‌نجه‌ و توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌".

جێگری سه‌رۆكی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی داوای له‌ هه‌رێمی كوردستانیش كرد "وەكو هەڵوێستێكی مرۆڤانە كار لەسەر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بكات، ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباری راده‌ستی حكومه‌تی عیراقی بكاته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی بێتاوانن ئازادبكرێن".

وه‌زاره‌تی ناوخۆیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌یلولی ساڵی رابردوو له‌ وه‌ڵامی داواكاری كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان و حزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا، له‌ نێویاندا ئیداره‌ی كه‌ركوك، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ "بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی دانیشتوانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانی هه‌رێم دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، ده‌رگای به‌ندیخانه‌كانیش له‌به‌رده‌م رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵی كراوه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

به‌ڵام دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر له‌ سلێمانی (سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان)، 90 ده‌ستگیركراوی سه‌رده‌می داعشیان له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب ره‌وانه‌ی كه‌ركوك كرده‌وه‌.

پێشتر و له‌ شوباتی 2019یشدا، له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ 12 به‌ندكراوی عه‌ره‌ب به ‌نهێنیی و دور له‌ چاوی راگه‌یاندنه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕێنرانه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ و له‌ 11ى نیسانی هه‌مان ساڵدا، 24 به‌ندكراوی تر به ‌ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆمار (ئاراس شێخ جه‌نگی برازای جه‌لال تاڵه‌بانی) گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و هه‌ندێكیان دواتر ئازادكراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT