كۆمسیۆنی باڵای كاروباری په‌نابه‌ران له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UNHCR)، هه‌ر خێزانێكی ئاواره و په‌نابه‌ر له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بڕی 200 دۆلاری ئه‌مریكی هاوكاری ده‌كات، به ئامانجی پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ژیانیان له سه‌رده‌می كۆرۆنادا.
ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له مانگێكه له ئاوه‌دانی دابڕاون و رێگه‌ی هاتوچۆیان پێ‌نادرێت، به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه.
ئه‌و بارودۆخه ناڕه‌زایی ئاواره‌كانی لێكهوتهوه و زیاد له جارێك له‌رێی راپۆرته‌كانی (كه‌ركوك ناو)وه داوای هاوكارییان كرد له پاره‌ی كاش و خۆراك.
ره‌واج حاجی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕێن له ئه‌نجامی كۆرۆنادا، رێكخراوی (UNHCR) به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگاكه‌ی ئێمه‌دا 200 دۆلار به هه‌ر خێزانێكی په‌نابه‌ر و ئاواره ده‌دات".
"ده‌ستمانكردووه به دابه‌شكردنی ئه‌و هاوكارییه داراییه له هه‌ردوو كه‌مپی په‌نابه‌رانی باسرمه و قوشته‌په‌وه، به‌رده‌وامیش ده‌بین تا هه‌موو خێزانێك هاوكارییه‌كه وه‌رده‌گرێت".
له هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له ملیۆنێك ئاواره و په‌نابه‌ر هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم كه شوباتی 2020 بڵاویكردۆته‌وه.
ئیسماعیل محه‌مه‌د، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران به (كه‌ركوك ناو)ی وت ئه‌و هاوكارییه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان به هه‌ر خێزانێكی ده‌دات بڕه‌كه‌ی 200 دۆلار، "سه‌ره‌تا هاوكارییه‌كه به‌سه‌ر په‌نابه‌راندا دابه‌شده‌كرێت و دواتریش به ئاواره‌كان ده‌درێت".
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقیش، له رۆژانی رابردودا، ده‌ستیكرد به هه‌ڵمه‌تێك بۆ گه‌یاندنی خۆراك و به‌شێك له پێداویستیه‌كانی تر به كه‌مپی ئاواره‌كان له ناوچه جیاوازه‌كان، به تایبه‌ت له هه‌ردوو پارێزگای نه‌ینه‌وا و دهۆك، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته.
به‌شێك له ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له كاتێكدا به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه له هه‌موو كار و كاسبییه‌ك دابڕاون، كه‌مترین هاوكاریشیان له رێكخراوه‌كانه‌وه پێده‌گات، بۆیه روبه‌ڕوی كێشه‌ی كه‌می خۆراك و پێداویستی تری رۆژانه‌ش بونه‌ته‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌مساڵی وه‌زاره‌تی كۆچ، له كۆی 184 كه‌مپی ئاواره، هێشتا 86 كه‌مپ له پارێزگاكانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ی تێدا ده‌ژی.