هێزەئەمنییەكانی داقوق ئادمینی پەیجێكیان دەستگیركرد، بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، لە نێویاندا بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەربڕینی پۆلیسێك بەدەستی چەكدارانی داعش.
سەرچاوەیەکى ئەمنى لە سنورى قەزاى داقوق، بە (کەرکوک ناو)ى وت "كۆمەڵێك پەیج لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەسیبوك لە چەند رۆژی رابردودا هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاوكردۆتەوە، گوایا پۆلیسێك لە رێگای نێوان هەردوو قەزای داقوق – دوزخورماتوو سەربڕدراوە و تەرمەكەشی هەرلەوێ بەجێهێڵدراوە".
سەرچاوەكە جەختیكردەوە لەوەی، كە ئەوان لێكۆڵینەوەیان لەو هەواڵانە كردووە و هیچ روداوێكی لەو شێوەیە و لەو ناوچەیە و ناوچەكانی تر روینەداوە. بۆیە بڕیاریانداوە رێكاریی یاسایی بەرامبەر ئادمینی ئەو پەیجانە بگرنەبەر.
"رەزامەندی دادوەرمان وەرگرت و توانیمان ئادمینی یەكێك لەو پەیجانە دەستگیر بكەین كە ئەو هەواڵەیان بڵاوكردەوە"، سەرچاوەكە وایوت.
رەزامەندی دادوەرمان وەرگرت و توانیمان ئادمینی یەكێك لەو پەیجانە دەستگیر بكەین
وتیشی "ئەو هەواڵانە ترس و دڵەڕاوكێیان لەناو خەڵك بڵاوكردەوە، بۆیە بەپێی ماددەی 240ی یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرمان كرد".
بەپێی ئەو ماددەیە هەركەسێك پێشێلكاریی فەرمان یان بڕیارێكی یاسای حكومەت بكات سزادەدرێت بە زیندانی لە شەش مانگ زیاتر نەبێت.
ئادمینی ئەو پەیجە لە ئێستا لە پۆلیسی داقوق دەستگیركراوە.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "لە هەوڵداین بۆ دەستگیرکردنى چەند خاوەن پەیجێكی تر كە هەمان هەواڵیان بڵاوكردۆتەوە".