دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، جارێكی‌تر راگیرا و له حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه داوای پێداچونه‌وه‌ی ده‌كرێت، دوای ناڕه‌زایی نوێنه‌رانی كورد و توركمان له په‌رله‌مانی عیراق.
پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له‌سه‌ر میلاكی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، له مانگه‌كانی رابردودا ناكۆكی و ئاڵۆزی زۆری له نێوان ده‌رچواندا لێكه‌وته‌وه، به‌هۆی ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكهات و تائێستا رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر پرۆسه‌كه نه‌كراوه.
سوها خه‌لیل به‌گ، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عیراق داوای چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی دامه‌زراندنه‌كه‌ی كه‌ركوك ده‌كات و به پێویستی ده‌زانێت، گره‌نتی مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی پارێزگاكه بكرێت و به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌ر دامه‌زراندنه‌كه دابه‌شبكرێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌ت كه 22ی نیسان بڵاویكرده‌وه.
وته‌كانی وه‌زیری په‌روه‌رده له دیدارێكیدابوو له‌گه‌ڵ عه‌بد عه‌لی حسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك و لێپرسراوی هه‌ردوو به‌شی كوردی و توركمانی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی.
ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه دوای رۆژێك هات له خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دامه‌زراوانی كه‌ركوك له به‌رده‌م په‌روه‌رده‌دا، كه 21ی نیسان به‌رێوه‌چوو.
خۆپیشانده‌ران بۆ جاری دووه‌م له ماوه‌ی مانگێكدا داوایانكرد وه‌ك چۆن له یه‌كه‌م لیستی راگه‌یه‌ندراودا ناوه‌كانیان بڵاوكراوه‌ته‌وه به‌و شێوه‌یه و بێ گۆڕانكاری فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربونیشیان بۆ ده‌ربكرێت.
ئه‌و لیسته‌ی په‌روه‌رده له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا بڵاویكرده‌وه، به‌وته‌ی ده‌رچوانی كورد و توركمان، دادپه‌روه‌ری تێدا نییه.
بەپێی لیسته‌كه لانیكه‌م سه‌دا 62ی دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، زیاتر له سه‌دا 20 بۆ كورد، زیاتر له سه‌دا 17 بۆ توركمان، هەریەكە لە كریستیان و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەكیان به‌ركه‌وتووه.
مەریوان نادر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عیراق له راگه‌یه‌نراوێكدا دوێنێ چوارشه‌ممه 22ی نیسان بڵاویكرده‌وه لەسەر دامەزراندنی پەروەردەی کەرکوک نەگەیشتونه‌ته رێکەوتن و رەتیانکردۆته‌وه.
به‌وته‌ی مه‌ریوان، دوای پاشگه‌زبونه‌وه‌ی پەروەردەی کەرکوک لە پێدانی "پشکی راستەقینەی کورد و تورکمان لە دامەزراندنەکەدا"، ئه‌و و پەرلەمانتار توركمانی، ناڕه‌زاییان گه‌یاندۆته په‌روه‌رده و رازی نه‌بون بەبێ رەچاوکردنی هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکاندا رێگە بە تێپەڕاندنی پرۆسه‌كه بدرێت.
به‌پێی یاسای بودجه‌ی ساڵی رابردودا و به بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، له 27ی ئابی 2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بوو.
له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه پڕكرده‌وه، كه سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه، به‌وته‌ی په‌روه‌رده، پاڵپشت به خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامه‌زرێنراوان هه‌ڵبژێردراون.