نورزەهرا دایك و باوكی لەدەستدا
خانەقین دوو رۆژی خوێناویی بەڕێكرد

خانەقین، 12ی ئایاری 2020/ نورزەهرا شەوی رابردوو لە هێرشی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو رزگاری بوو، بەڵام دایك و باوكی لەدەستدا

ئەمیر خانەقینی

چوار هاوڵاتی خانەقین لە دوو روداوی جیاوازدا كوژران، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشی ژمارەیەك چەكدار بۆ سەر دوو گوندی قەزای خانەقین.

شەوی رابردوو 11ی ئایار ژمارەیەك چەكدار، لە بۆسەیەكدا خێزانێكی سێ كەسی دەكەنە ئامانج و دەستڕێژی گولـلەیان لێدەكەن لەوكاتەی لەخانەقینەوە بەرەو گوندەكەیان (تەفرەقە) دەگەڕانەوە.

لەو روداوەدا ژن و پیاوەكە دەستبەجێ كوژران و چەند گولـلەیەك بەر سەریان كەوتووە، كچە سێ ساڵانەكەیان بەناوی نورزەهرار زگاری بووە.

بەپێی وتەی كەسوكاریان، عەلی فەرمان کە پیشەی پێشمەرگەیە بەرلەوەی بگاتەوە بۆ گوندی تەفرەقە كەوتۆتە بۆسەكەوە لەسەر رێگا سەرەكییەكەی نزیك گوندەكەیان.

دوای روداوەكە هێزەكانی حەشدی شەعبی، چونەتە شوێنی روداوەكە و نورزەهرایان لە نزیك ئۆتۆمبێلەكەیان دۆزیوەتەوە و تەرمی دایك و باوكیان رەوانەی نەخۆشخانە كردووە.

24 كاتژمێر پێش ئەو روداوە و شەوی 10ی ئایار، ژمارەیەك چەكدار هێرشیانكردە سەر ژمارەیەك جوتیار لە گوندی مێخاس و لەو روداوەدا دوو جوتیار كوژران.

mexas
خانەقین/11ی ئایاری 2020/ جوتیارێك بەدیار تراكتۆرە سوتاوەكەیەوە، دوای ئەوەی چەكدارانی نەناسراو هێرشیانكردە سەر گوندەكە و دوو جوتیاریش كوژران

دوو جوتیارەكە بورهان حاتم – موختاری گوندی مێخاس- و نەبەرد ناسر ئامۆزای موختارەكەیە لەكاتی هێرشەكەدا سەرقاڵی دروێنەكردن بون.

ئەدهەم حاتەم، برای یەكێك لە كوژراوەكان بە (كەركوك ناو)ی وت "زانیمان تیرۆریستەکان لە نێو زەوییەکەماندان و بورهان و نەبەردیان دەستگیركردووە، بۆیە هێزە ئەمنییەكانمان ئاگاداركردەوە، بەڵام تا ئەوان گەیشتن، هەردوكیان لەناو زەوییەكان كوژرابون".

لەو هێرشەدا چەكدارەكان ئاگریان لە دەغڵ و دانی جوتیاران بەردا و بەهۆیەوە دوو تراكتۆر سوتان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT