تەلەعفەر؛ جلوبەرگی توركمانی ململانێی مانه‌وه‌ ده‌كات

كەركوك/ 22ی ئاداری 2018/ فیستیڤاڵێكی بەهارەی توركمانەكان لەسەر قەڵای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

جەعفەر تەلەعفەری – نەینەوا

"نەوەی ئێستا جلوبەرگی میللی نەریتی بە قەوانی كۆن و بەسەرچوو دەزانێت"، عه‌مشه‌ ساڵح، كه‌ ژنێكی توركمانە لە پەنجاكانی تەمەنیدا، به‌مشێوه‌یه‌ باس لە كەمبونەوەی خواست لەسەر پۆشینی جلوبەرگی كلتوری توركمانی لە قەزای تەلەعفەر ده‌كات.

جلوبەرگی میللی بە بەشێك لە شوناسی هەر پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی دادەنرێت، بەوپێیەی گرێدراوە بە شارستانییەت، كەلەپور و نەریتی كۆمەڵایەتیی، ئابوری و ئاینیی، ژینگە و شوێنی جوگرافی و كلتوری ئەو پێكهاتەیەوە، هاوكات رۆڵی ئاوێنەی ئەو پێكهاتەیە دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی جیهانگیری چەندین لایەنی پەیوەندیدار بە خواستی میللەتانی سڕیوەتەوە.

توركمانەكانی تەلەعفەر جلوبەرگێكی تایبەت بەخۆیان هەیە كە گەیشتۆته‌ لێواری لەناوچون و تەنیا لە بۆنە و فیستیڤاڵەكاندا دەپۆشرێت، سەرباری ئەو جوانی و سادەییەی پێی ناسراوە.

 

مەیلی پۆشینی جلوبەرگی عەرەبی بەدەوی

"پابەندنەبون بە پۆشینی جلوبەرگی میللی نەریتیی كێشەیەكی گشتییە و تەنیا دانیشتوانی قەزای تەلەعفەری نەگرتۆته‌وه‌، بەڵكو رەوتی نوێگەری لە فاشن و جلوبەرگدا هەموو كۆمەڵگەیەكی عیراقی گرتۆتەوە"، رشید عەبدولقادر ره‌شید، نوسه‌ر له‌ ته‌له‌عفه‌ر واده‌ڵێت.

دانیشتوانی تەلەعفەر دەستیانكردوە بە لاساییكردنەوەی جلوبەرگی عەرەبە بەدەوییەكان

ئەوەی تەلەعفەر لە شوێنەكانیر جیادەكاتەوە وەك ره‌شید دەڵێت "كۆمەڵگەكانی تر جلوبەرگی نەریتیی خۆیان لە بۆنە میللی و كەلەپورییەكاندا زیندودەكەنەوە، بەڵام دانیشتوانی تەلەعفەر دەستیانكردوە بە لاساییكردنەوەی جلوبەرگی عەرەبە بەدەوییەكان، كە زۆر پێی كاریگەر بون، بەوپێیەی به‌ریتانییەكان لەسەردەمی داگیركاریدا هانی خەڵكی ناوچەكەیان دەدا خۆیان بە عەرەب بچوێنن، ئەوەش بەردەوامبوو لە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكاندا لەسەردەمی پادشایەتی تا سەردەمی رژێمی بەعس."

ره‌شید بۆ‌ (كه‌ركوك ناو) هۆكاری پاشەكشێی جلوبەرگی میللی لە تەلەعفەر گەڕاندەوە بۆ "ئاشنانەبونی بەشێك لە دانیشتوانی تەلەعفەر بە مێژوی كۆن و سەردەم و لاوازی ئینتیمای نەتەوەییان."

هەروەها داوایكرد "ئامرازەكانی راگەیاندنی ناوخۆیی بانگەشە بۆ جلوبەرگی نەریتیی بكەن و زیندوی بكەنەوە، بەتایبەتی لە بۆنە و رێوڕەسمە میللییەكاندا، وەك جه‌ژنی خدر ئەلیاس، رێوڕەسمه‌كانی خەتەنە و زەماوەند، دەشكرێت پشتگیری بەرگدروەكان بكرێت بۆ ئەوەی دوبارە جلوبەرگی نەریتیی بەرهەمبهێنن".

نەینەوا/ 2019/ جلوبەرگی میللی توركمانی لەفیستیڤاڵێك كە لە موسڵ ساز كرابوو   ڤیدیۆ: جەعفەر تەلەعفەری

محەمەد عەلی، خاوەنی كۆگای جلوبەرگ و پێداویستی جوانكاری ئافرەتان به‌(كەركوك ناو)ی وت "ژنانی تەلەعفەر جلوبەرگی میللی تەنیا لە جەژن و بۆنە كۆمەڵایەتییەكاندا دەپۆشن"، بەڵام ئاماژەی بەوەدا كە "جاروبار خواستمان پێدەگات لە ناوچە جیاجیاكانی عیراق و تەنانەت لە توركیاشەوە بۆ ئەوەی ئەو جلوبەرگە جوانەیان بۆ دابینبكەین."

قەزای تەلەعفەر نزیكەی 70 كیلۆمەتر لە باكوری خۆرئاوای موسڵەوە دوورە، ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە 220 هەزار كەس كە زۆرینەیان لەپێكهاتەی توركمانن.

ژنانی تەلەعفەر جلوبەرگی میللی تەنیا لە جەژن و بۆنە كۆمەڵایەتییەكاندا دەپۆشن

 

دیزاینی جلوبەرگی توركمانی چۆنە؟

توێژەری توركمانی ئەحمەد قەدوش دەڵێت "جلوبەرگی پیاوان لە تەلەعفەر هاوشێوەی جلوبەرگی گەلانی ئاسیای ناوەڕاست بووە، لەگەڵ ئەوەشدا (ئەردان) بەیەكێك لەتایبەتمەندییەكانی دادەنرێت، جامانەی سەر بە (عەرەقچین) ناسراوە كە لەبەرگێكی ئەستور نەخشراو پێكهاتوە بەشێوەی لولپێچ دەپێچرێت بە سەردا".

سەبارەت بە جلوبەرگی ژنانی تەلەعفەر، قەدوش وتی "رێك وەك جلوبەرگی سۆمەرییەكان وایە، پێكهاتوە لە عەزییەكی پان و قۆڵ درێژ لەگەڵ ژێر كراسێك كە لە تەلەعفەر بە (ئەتەك) ناسراوە، عەزییەكەش پێی دەوترێت (كۆیناك)، جگە لەوەش ژنان پشتێنێكی پانیان دەبەست، هەروەها قایشی چەرمیان بەكاردەهێنا".

قەدوش زیاتر وتی "جلوبەرگی تریش هەبوو كە پیاوان و ژنان دەیانپۆشی لەوانە (قەتە)ی پیاوان و (قەتە)ی ژنان، وێراِی ئەوەش پیاوان چاكەتێكی درێژی هاوشێوەی (قاپوت)یان لەبەردەكرد كە بە (دەمیر) ناودەبرا، پیڵاوەكانیشان (قۆن گارا)ی پێ دەوترا، كە بە زمانی سۆمەری بە واتای (جێپێ) دێت".

 التركماني في تلعفر (1)
نەینەوا/ 2019/ فیستیڤاڵی نمایشی جلوبەرگی توركمانی لە شاری موسڵ    فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

توێژەری بواری فۆلكلۆر، سه‌عید عەباس ئۆغڵو دەربارەی پۆشاكی سەری پیاوان بە (كەركوك ناو)ی وت "(بورك) لە لباد دروستدەكرا و درێژ بوو، (فیس) لە خوری پەستێنراو دەچنرا و كورت بوو، (عەگاڵ) لە مووی بزن دروست دەكرا و ڕەنگی ڕەش و باریك بوو."

سەبارەت بە سەرپۆشی ژنان، بە وتەی توێژەرەكە، پێكهاتبوو لە "(میعسەب) كە لە ئاوریشم یاخود سەتەن دروستدەكرا، لێوارەكانی بەشێوە و رەنگی جۆراوجۆر دەنەخشێنرا، (میعسەب) كە قەبارەی گەورە بوو، كچان و ژنان وەك سەرپۆش یاخود ملپێچ بەكاریاندەهێنا."

سەعید عەباس ئۆغڵو وتیشی "(ئابری) لەئاوریشمێكی تەنك دروستدەكرێت و چوارگۆشەیە، ڕەنگیشی یان ڕەشە یاخود ڕەنگاوڕەنگە، ئەمەش لە بۆنەكاندا بوك وەك سەرپۆش بەكاریدەهێنا، هاوكات (جوت) كە جامانەیەكی ئاوریشمە و بە رەنگی سپی و هەندێجار زەرد بەردەستبوو."

عەمشە ساڵح؛ نیگەرانه‌ له‌وه‌ی گەنجانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی په‌نا بۆ پۆشینی مۆدێلە نوێیەكانی جلوبەرگ ده‌به‌ن كە هیچ پەیوەندییەكیان بە جلوبەرگی ڕەسەنی توركمانەكانەوە نییە، "بەڕاستی جێی داخه‌". عه‌مشه‌ وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT