كەلەپچەكەی مامۆستا گەردنی تەندروستی گرت

وێنە: کلیر تۆماس / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عيراق / 2018

لەیلا ئەحمەد – كەركوك

"هەر وتیان بەهۆی پێنەدانی ئۆكسجینەوە هاوژینی مامۆستایەك لە نەخۆشخانە مردووە و پۆلیس خۆشیان كەلەپچە كردووە، بە كوڕەكانم وتم لێمگەڕێن با لە ماڵەوە بمرم باشترە"، رەمزیە عەبدولڕەحمان (58ساڵ) توشبویەكی كۆرۆنا لە كەركوك وایوت.

رەمزییە یەكێكە لەو توشبوانەی متمانەی بە كەرتی تەندروستی كەركوك نەماوە و لە 15 كەسی توشبوی خێزانەكەی كەسیان ئامادەنەبون پشكنین بكەن، هەرچەندە تەواوی نیشانەكانی كۆرۆنایان هەبووە.

رەمزیە 13ی تەمموز، نیشانەكانی كۆرۆنای تیادا دەركەوت، لەرز و تایەكی توند، ژانەسەر، تەنگەنەفەسی و سكچون؛ ئەوەش هەمان ئەو رۆژە بوو كە گرتەی ڤیدیۆیی مامۆستا محەمەد جەباری بڵاوبۆوە، كە تیایدا بە كەلەپچەكراوی بە قەرەوێڵەی ژنەكەیەوە لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بەسترابۆوە، بەر لەوەی ژنەكەی گیانلەدەستبدات.

ئەو روداوە بوەهۆی ئەوەی رەمزییە و منداڵەكانی بڕیاربدەن "بەهیچ شێوەیەك" نەچنە نەخۆشخانە و لە ماڵەوە بمێننەوە، رەمزییە وتی "كە مامۆستاكەم بینی بە كەلەپچەوە و ژنەكەیشی لەبەر بێ ئۆكسجینی بە بەرچاوییەوە مرد، زیڕەم کرد، ترس سەراپاى گیانمى داگرت و وامدەزانى ئاخر زەمانە، وتم ئەمە ئەو رۆژەیە كەسمان بە سەلامەتی لێی دەرناچین".

coronakirkuk
كه‌ركوك، ئایاری 2020، نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ توشبوانی كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ته‌ندروستی

كەلەپچەكردنی مامۆستاكە و مردنی هاوژینەكەی، كاردانەوەی فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و شەقامی كەركوكدا بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوەش بووەهۆی رەوانەكردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ كەركوك و لە ئێستادا سێ پۆلیس لەسەر روداوەكە دەستگیركراون.

مامۆستا محەمەد‌ له‌سه‌ر دابینكردنی ئۆكسجین بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌کە بۆته‌ ده‌مه‌قاڵێ و له‌وكاته‌دا ئامێرێكی پزیشكی تایبه‌ت به‌ هه‌ناسه‌دانی شكاندووە، "بۆیە ئیدارەی نەخۆشخانە پۆلیسان ئاگاداركردەوە و بە قەرەوێڵەی ژنەكەمەوە كەلەپچەیان كردم"، بەپێی وتەی مامۆستا محەمەد جەباری بۆ (كەركوك ناو)، ئەمە كورتەی چیرۆكەكەیە كە بە مردنی هاوژینەكەی كۆتاییهات.

محەمەد جەباری لەسەر روداوەكە وتی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك نەهاتون بەدەم هاوژینەكەیەوە، لەكاتێكدا پێویستی بە ئۆكسجین بووە و هەر بەو هۆیەوە هاوژینەكەی مردووە.

روداوەكە بووەهۆی ئەوەی رەمزییە هیچ متمانەی بە كەرتی تەندروستی كەركوك نەمێنێت.

"دۆخم زۆر خراپ بوو، بەڵام هەر لە ماڵەوە مامەوە و لە دەرمانخانە چارەسەرم وەردەگرت... 15 كەسی تری خێزانەكەم بەهەمان شێوە توشبون و كەسمان نەچوین بۆ نەخۆشخانە". رەمزییە هەروەها وتی "خوشكێكم و كچەكەشی پێش من توشبون و چونە نەخۆشخانە، بەهەمان شێوە گلەییان لە نەخۆشخانە هەبوو".

دۆخم زۆر خراپ بوو، بەڵام هەر لە ماڵەوە مامەوە و لە دەرمانخانە چارەسەرم وەردەگرت

هێمن خدر گەنجێكی 24 ساڵی كەركوكە و باوكی زۆرێك لە نیشانەكانی كۆرۆنایە، لەوانە  تا، ژانەسەر و سكچون، وتی "ئەوە 10 رۆژە ئەو نیشانانەی هەیە و لە ماڵەوە خۆی كەرەنتین كردووە.

لەبارەی ئەوەی بۆ نایبەنە نەخۆشخانە و پشكنینی بۆ بكەن وتی "لەو رۆژەوە روداوەكەی مامۆستا محەمەدمان بینیووە، هیچ متمانەمان بە نەخۆخشانە نەماوە، گرەنتی چییە هەمان مامەڵە لەگەڵ ئێمەشدا نەكرێت".

سامان یابە، بەڕێوەبەرى راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بە هەمان شێوە جەختیكردەوە لەوەی ژمارەیەكی زۆری توشبوو ئامادەنین بچنە نەخۆشخانە و پشكنین بكەن، ئەوەشی بە مەترسی زانی.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لە نەخۆشخانەکان خزمەتێکى باش هەیە، بەڵام دۆسییەكەی مامۆستا محەمەد و هەوالی هەڵبەستراو لەسەر نەمانی ئۆكسجین خەڵكی ترساندووە، هەندێكیان لەماڵەوە دەمرن و نایانەوێت بێنە نەخۆشخانە".

هەندێكیان لەماڵەوە دەمرن و نایانەوێت بێنە نەخۆشخانە

لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشداریدا لەوەی زۆربەى مردوانى توشبوى کۆرۆنا، لە ماڵەوە مردون نەك نەخۆشخانە. وتی "ئەوانەی بە سوكی توشی كۆرۆنا بون، ئاساییە لەماڵەوە بمێننەوە و چارەسەر وەربگرن، بەڵام ئەوانەى بە قورسی گرتویانە پێویستە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرن".

هەروەها وتی نزیکەى 10 گروپی چارەسەرى توشبوانى کۆرۆنایان دروستکردوە بۆ سەردانی ماڵ و گەڕەكەكان.

محەمەد ئەکرەم (42 ساڵ) دوكاندارە و یەكێكی ترە لە توشبوانی كۆرۆنا لە كەركوك، وتی "سەرەتا وامزانی هەڵامەتە، دواتر چەند رۆژێكی خەیاند و هاوژین و مناڵەكانیشم توشبون، تەنگەنەفەس بوم و زۆر بێ هێز بوم، ئینجا زانیم كە كۆرۆنایە".

corona-kirkuk-4
كه‌ركوك، 2020، تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كان پشكنین بۆ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك

منداڵ و هاوسەری محەمەد وەك خۆی دەڵێت "زۆر نەخۆش بون"، بەو هۆیەوە محەمەد دەڵێت "زۆر زۆر ترسام و نەموێرا بچینە نەخۆشخانە، چونكە گوێم لە خەڵك بوو دەیانوت ئۆكسجین نییە و هیچت بۆ ناكەن، ئیتر تا 23 رۆژ هەر لەماڵەوە بوین تا چاكبوینەوە".

هاوکات، دایك و باوكی محەمەدیش توشبون، دایكی كە شەكرە و زەختی هەیە، ترسی زیاتری لای محەمەد دروستكردووە، بەڵام وتی "هەر متمانەم بە نەخۆشخانە نەبوو تا بیبەم، مردن لە نەخۆشخانە زۆر بووە، كەرەنتینەكردن بۆ 14 رۆژ لە نەخۆشخانەیەك بێ خزمەتگوزاریی ئەوتۆ، سەختە".

تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا، دوجار كارگەی بەرهەمێهێنانی ئۆكسجینی كەركوك لەكاركەتووە.

محەمەد وتی "كە دەیانوت ئۆكسجین نەماوە، زیاتر بێئومێد دەبوین... پێموایە ژمارەی ئەوانەی توشبوی كۆرۆنان و لە ماڵەوەن زۆر زیاترە لەوەی تۆماركراوە".

كە دەیانوت ئۆكسجین نەماوە، زیاتر بێئومێد دەبوین

بەپێی وەزارەتی تەندروستی عیراق، تا 29ی تەمموز چوار هەزار و 333 توشبوو لە كەركوك تۆماركراون، لەو رێژەیە دوو هەزار و 472 چاكبونەتەوە و 227 كەسیش مردون.

بەڵام نە خێزانەكەی محەمەد، نە رەمزییە كەسیان نەچونەتە نەخۆشخانە و پشكنینیان نەكردووە، بۆیە بەشێك نین لەو ئامارە.

رەمزییە، كە ئەمڕۆ 16 رۆژە توشی كۆرۆنا بووە و تەندروستی بەرەو باشتر دەڕوا، هێشتا پێیوایە لە نەخۆشخانەكانی كەركوك كەمتەرخەمی هەیە، ئەوەشی لە ئەنجامی گرتە ڤیدیۆكەی محەمەد و قسەی خوشكەكەی وەرگرتووە.

بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی كەركوك جەختیكردەوە لەوەی ئێستا لە نەخۆشخانە ئۆكسجین و دەرمانی پێویست هەیە و دڵنیایی دایە هاوڵاتیان لە پێشوازیكردنێكی شایستەی توشبوان لە حاڵەتی توشبونیان بە كۆرۆنا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT