شه‌وێكی تابڵێی دژواره، نه‌خۆش ته‌نگه‌نه‌فه‌سه و ته‌نیا بوتڵێک ئۆكسجینیش له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا نه‌ماوه، بۆیه هه‌رچی یاوه‌ری توشبوی كۆرۆنایه هه‌وڵده‌دات كه‌سی نزیكی خۆی له مردن رزگاربكات.
شه‌وی 20ی ته‌مموزه، هه‌واڵێكی ناخۆش جوڵه‌ی خستۆته قاوشه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌ركوكه‌وه، كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئۆكسجین له كاركه‌وتووه و ئۆكسجینی پێویست بۆ نه‌خۆش له به‌رده‌ستدا نییه.
"توشبوانی كۆرۆنا، ئه‌وانه‌ی بارودۆخی ته‌ندروستییان ناجێگیره و ته‌نگه‌نه‌فه‌سن، شه‌وێكی سه‌ختیان به‌ڕێكرد" ئه‌شره‌ف عه‌بدوڵا وای وت.
ئه‌شره‌ف یاوه‌ری پورێكی بوو له نه‌خۆشخانه‌ی گشتی، ئه‌و شه‌وه هه‌وڵی زۆری دا بوتڵێك ئۆكسجین په‌یدا بكات، به‌ڵام بێ‌سود بوو.
"په‌یوه‌ندیمان به ئه‌ندامانی شانه‌ی قه‌یران و تیمه خێرخوازییه‌كانه‌وه كرد، تا ئۆكسجینمان فریا بخه‌ن، سوپاس بۆ خوا دوای چه‌ند كاتژمێرێك چه‌ند بوتڵێك ئۆكسجین گه‌یه‌ندرایه نه‌خۆشخانه" به‌وته‌ی ئه‌شره‌ف بۆ (كه‌ركوك ناو).
توشبوانی كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌ی گشتی شه‌وێكی سه‌ختیان به‌ڕێكرد
نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌ركوك چه‌ند ههفتهیەکە بۆ توشبوانی كۆرۆنا ته‌رخانكراوه و چه‌ندین هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه له‌و نه‌خۆشخانه‌یه له‌ژێر چاودێری وردان و به هاوكاری بوتڵێ ئۆكسجین ده‌توانن هه‌ناسه بده‌ن.
توشبوانی كۆرۆنا له كه‌ركوك گه‌یشتونەتە سێ هەزار و 413 كه‌س، له‌و ژماره‌یه هه‌زار و 707 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه، 184 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه گیانیانله‌ده‌ستداوه و هه‌زار و 522 توشبوو چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
محەمەد فەرەیدون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی هیچ كاریگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی ئۆكسجینی نییه، پشت به كارگه ئه‌هلییه‌كان ده‌به‌ستین، به‌ڵام بۆ دوو رۆژ ئه‌و كارگانه له‌كاركه‌وتن و نه‌یانتوانی ئۆكسجین بۆ نه‌خۆشخانه‌كان دابینبكه‌ن".
ئه‌و شه‌وه زۆربه‌ی لێپرسراوانی كه‌ركوك، به ته‌ندروستی، ئیداری و په‌رله‌مانتاره‌وه، له هه‌وڵدابون ئۆكسجین په‌یدا بكه‌ن.
"ژماره‌یه‌ك ده‌زگای خێرخوازی و رێكخراو ئۆكسجینیان بۆ نه‌خۆشخانه‌كان دابینكرد" به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی واده‌ڵێت.
تا دوێنێ سێشه‌ممه 21ی تمموز سه‌دان بوتڵێ ئۆكسجین له‌رێی ده‌زگای خێرخوازی، حزب، كه‌سایه‌تی، په‌رله‌مانتار و ده‌وڵه‌مه‌ندی كه‌ركوكه‌وه راده‌ستی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كراوه.
كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئۆكسجین له كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌وتۆته‌وه كار و ئۆكسجین دابینده‌كات
مەروان ئەلعانی، وتەبێژی شانەی قەیران له كه‌ركوك بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هۆكاری دروستبونی قه‌یرانی ئۆكسجین ئه‌وه بوو كارگه ئه‌هلییه‌كه له‌ناكاو له‌كاركه‌وتن، ... ئێستا دوباره كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئۆكسجین له كۆمپانیای نه‌وتی باكور دهستبهكاربۆتهوه و ئۆكسجین دابینده‌كات".
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، كارگه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی ئۆكسجین له كۆمپانیای نه‌وتی باكور، ده‌ستبه‌كاربون و 200 بوتڵ ئۆكسجینیان گه‌یاندۆته نه‌خۆشخانه‌ی گشتی.
یه‌كه‌مجار نییه كێشه‌ی ئۆكسجین له نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌ركوك دروستبێت. له چەند هه‌فتەی رابردوشدا، یاوه‌ری نه‌خۆشێك له‌كاتی ده‌مه‌قاڵێ بۆ دابینكردنی ئۆكسجین ئامێرێكی هه‌ناسه‌دانی شكاند؛ به‌و هۆیه‌وه، پۆلیس به قه‌ره‌وێڵه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه كه‌له‌بچه‌ی كرد و به‌وشێوه‌یه مایه‌وه تا ئەوکاتەی هاوسه‌رەکەی كه توشبوی كۆرۆنا بوو، گیانیله‌ده‌ستدا.
دلێر سەمەد، لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كان و شانه‌ی قه‌یران له ئیداره‌ی كەركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌كاركه‌وتنی كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئۆكسجین وایكرد قەیرانی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی گشتی دروستبێت، بۆیه ده‌ستبه‌جێ ده‌ستمان به په‌یوه‌ندیکردن كرد تا ئۆكسجین په‌یدا بكه‌ین".
له‌سه‌ر راسپارده‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی عیراق، فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی سه‌ڵاحه‌دین 250 بوتڵی ئۆكسجین، فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی دیاله 100 بوتڵ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌نده‌ره‌كان 200 بوتڵ ئۆكسجینیان بۆ كه‌ركوك ناردووه.
دلێر سه‌مه‌د وتی ئه‌و دوو كارگه ئه‌هلییه‌ی لهكاركهوتبون، بڕیاره به سه‌ره ده‌ستبه‌كاركردن بكه‌نه‌وه و ئۆكسجین بۆ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك دابینبكه‌ن.
ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له عیراق 97 هه‌زار و 159 كه‌سن، له نێویاندا 64 هه‌زار و 950 چاكبونه‌وه هەیە، سێ هه‌زار و 950 کەسی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیانله‌ده‌ستداوه.