ره‌غد نه‌یكرده‌ دوو جه‌ژن
كۆرۆنا بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م هاوسه‌رگیریدا

كه‌ركوك، شوباتی 2020، ئاهه‌نگێكی هاوسه‌رگیری له‌ هۆڵی ڤینیسیا به‌رله‌وه‌ی به‌هۆی كۆرۆناوه‌ دابخرێت فۆتۆ: په‌یجی هۆڵه‌كه‌له‌ فه‌یسبوك

ئیناس عه‌بدوڵا – كه‌ركوك

واده‌ی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی ره‌غد عه‌بدولره‌حمان جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌، خه‌ون به‌ ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌بینێت، له‌ناو ‌ئۆتۆمبێلێكی رازێنراودا، به‌ هه‌لهه‌له‌ و گۆرانی له‌ ئارایشتگاوه‌ بگاته‌ هۆڵی ئاهه‌نگه‌كه‌، به‌ڵام كۆرۆنا رێگه‌نادات.

ره‌غد به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ ناچاری ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی بۆ جه‌ژنی ره‌مه‌زان دواده‌خات.

"له‌ ره‌مه‌زاندا بارودۆخه‌كه‌ خراپتر بوو، بۆیه‌ جارێكیتر دوامخست بۆ جه‌ژنی قوربان، ئێستاش دیاره‌ بارودۆخه‌كه‌ چۆنه‌ و نه‌مانتوانی ئاماده‌كاری بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌ بكه‌ین، ناچار ئه‌مجاره‌ش ئاهه‌نگه‌كه‌ دواكه‌وت" ره‌غد (25 ساڵ) وای وت.

ره‌غد و ده‌یان گه‌نجی تری كه‌ركوك به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆنا و رێكاره‌كانی خۆپارێزییه‌وه‌ واده‌ی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییان نازانن.

له‌كاتێكدا واباوه‌ بوك و زاوا، پێشتر ئاماده‌كاری بۆ ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، لانیكه‌م پێش مانگێك هۆڵی ئاهه‌نگ دیاریده‌كه‌ن.

له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا هه‌موو شتێك گۆڕا، ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ نه‌ما، چونكه‌ ده‌رگای هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری داخران، به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و داخستنی شوێنه‌ گشتی و قه‌ره‌باڵغه‌كان.

جگه‌ له‌ هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ، كۆرۆنا زیانی دارایی به‌ خه‌ڵكی دیكه‌ش گه‌یاند، بازاڕه‌كانی ته‌واو سست كرد و ده‌رفه‌تی كار كه‌مبۆوه‌.

سه‌فا عیماد، له‌ هۆڵی ڤینیسا بۆ ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری كارده‌كات، كه‌ له‌ 14ی شوباتی 2020ـه‌وه‌ هۆڵه‌كه‌یان داخراوه‌.

"له‌وكاته‌وه‌ زیاتر له‌ 23 كه‌س بێكار بوین، چونكه‌ كاركردنمان سه‌دا 100 راگیراوه‌" سه‌فا بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كاركردنیان له‌و هۆڵه‌دا، به‌كرێی رۆژانه‌ بووه‌، بۆیه‌ زیاتر له‌ پێنج مانگه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ خێزانیان هه‌یه‌ و ئێستا بژێوییان نه‌ماوه‌.

هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری، به‌شێكیان داواده‌كه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێگه‌بدات جارێكیتر ده‌ستبه‌كاربنه‌وه‌، به‌ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی رێكاره‌كانی خۆپارێزی، تا گه‌نجان له‌ ئاهه‌نگ بێبه‌ش نه‌بن و ده‌رفه‌تی كاریش بۆ خه‌ڵك بڕه‌خسێت.

رێكاره‌كانی كۆرۆنا، كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی زێڕیش هه‌بووه‌، كه‌ به‌شێكی گرنگه‌ له‌ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری.

خالد ساحب، زه‌ڕه‌نگه‌ر له‌ شاری كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌سه‌ره‌تای كه‌ره‌نتینه‌ و بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ئاماده‌كاری گه‌نجان بۆ هاوسه‌رگیری كه‌مبۆته‌وه‌".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ نرخی زێڕ به‌رزبۆته‌وه‌، به‌راورد به‌ پێش بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا مسقاڵێك به‌ 220 هه‌زار دینار بووه‌ به‌ڵام ئێستا به‌ 300 هه‌زار دیناره‌.

9eeebaba-a789-45d2-af03-96a6eac8be9f
كه‌ركوك، ته‌مموزی 2020، زه‌ڕه‌نگه‌رێك له‌ شاری كه‌ركوك فۆتۆ: ئیناس عه‌بدوڵا

به‌وته‌ی خالد، هه‌ر گه‌نجێك ئه‌گه‌ر پێشتر كڕینی زێڕ بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی پێنج ملیۆن دینار له‌سه‌ری بكه‌وتایه‌، ئێستا هه‌مان بڕ له‌ زێڕ حه‌وت ملیۆن دینار زیاتر ده‌كه‌وێت.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزییه‌وه‌ كاركردن كه‌مبۆته‌وه‌ و گه‌نجان ناتوانن خه‌رجی هاوسه‌رگیری دابینبكه‌ن.

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ عیراقیش، له‌ چه‌ند مانگی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنادا، هیچ ئامارێكی هاوسه‌رگیری بڵاونه‌كردۆته‌وه‌، كه‌ پێشتر مانگانه‌ له‌ وێبسایتی ئه‌نجومه‌ن داده‌نرا.

"رۆژ هه‌یه‌ یه‌ك مسقاڵ زێڕ نافرۆشین" خالد ساحب ده‌ڵێت، چه‌ندین زه‌ڕه‌نگه‌ر به‌ ناچاری ئه‌و كه‌سانه‌یان ناردۆته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ كه‌ كاریان بۆ ده‌كه‌ن.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، كۆرۆنا كاریگه‌ری زۆری نه‌بووه‌ له‌سه‌ر نرخی بازاڕه‌كانی شمه‌كی ناوماڵ له‌ ژوری نوستن و پێداویستییه‌كانی تر.

ره‌غد عه‌بدولره‌حمان، چاوی له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كانی كۆرۆنایه‌، به‌ئومێده‌وه‌یه‌ وازوو كاریگه‌ری ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌مێنێت و ئاهه‌نگێك به‌و جۆره‌ بكات، كه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ خه‌ونی پێوه‌ده‌بینێت.

ئه‌گه‌ر كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌ مه‌ترسیداره‌كانیشی وه‌ك ئێستا مانه‌وه‌، ره‌غد بڕیاره‌ قورسه‌كه‌دا ده‌دات، ئاهه‌نگه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و به‌ ئاماده‌یی ژماره‌یه‌ك كه‌م له‌ كه‌سوكاره‌ نزیكه‌كانی، پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ده‌كات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT