حكومەتی عیراق بۆ فڕێدانی تەنێك خۆڵ و خاشاك تەنیا 500 دیناری بۆ كەركوك ناردووە، بەپێی ئەو ئامارانەی (كەركوك ناو) كۆیكردۆتەوە.
بۆ تەواوی ساڵی 2020 حكومەتی عیراق بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ پاككردنەوەی كەركوك لە خۆڵ و خاشاك رەوانەی شارەوانی كەركوك كردووە، لەكاتێكدا تەنیا لەناو شار رۆژانە هەزار و 300 تەن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە.
فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکوک بە (كەركوك ناو)ی وت "بەغدا بڕە پارەی پاككردنەوەی شاری كەركوكی لە ملیارێك و 200 ملیۆنەوە بۆ تەنیا 200 ملیۆن دینار كەمكردۆتەوە، ئەمەش هۆكاری سەرەكی كێشەی بوونی خۆڵ و خاشاكە لە شارەكە".
بەپێی ئامارەكانی شارەوانی، لە ئێستادا رۆژانە هەزار و 300 تەن خۆڵ و خاشاك لە كەركوك هەڵدەگیرێتەوە و فڕێدەدرێت. بەو پێیەش بێت بۆ فڕێدانی هەر تەنێك خۆڵ و خاشاك 500 دینار بۆ پارێزگاكە نێردراوە.
فەرەیدون، جەختیكردەوە "تەنیا ئەو بڕە پارەیە هەیە بۆ پاككردنەوەی شارەكە لە خۆڵ و خاشاك".
تەنیا ئەو بڕە پارەیە هەیە بۆ پاككردنەوەی شارەكە لە خۆڵ و خاشاك
"ئێمە چەندینجار لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای کەرکوک دانیشتوین و داوای چارەسەری کێشەکەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە چارەسەرنەکراوە"، فەرەیدون وای وت.
ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ نیگەرانی هاوڵاتیان لە كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاك لە چەند كۆڵان و گەڕەكێكی شارەكە.
فەرەیدون وتی "جگە لە كەمی بودجە، کەمی كێشەی ئامێری پاکكردنەوەشمان هەیە... لە بەرنامەماندایە لەم ماوەیە سەردانی بەغدا بکەین و لەگەڵ وەزیری شارەوانییەکانی عیراق دابنشین تاوەکو ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین".
سەرۆكی شارەوانی گلەیی لە بەشێك لە هاوڵاتیانیش كرد لەوەی "دەگەنە هەر شوێنێک خاشاک فڕێدەدەن، ئەمەش وایکردووە کە پاکكردنەوەی شار زەحمەت بێت، بەڵام ئەگەر بێت و خاشاک لە یەک شوێن، یان جێگا دیاریکراوەکان فڕێبدەن ئەوا پاکكردنەوەكە بۆ کارمەندانی شارەوانی ئاسانتر دەبێت".