"مەحبوبەی حەویجە"، ئەو ژنەی سێ دەیە خزمەتی بە خەڵكی حەویجە كرد، لە خۆشیی و ناخۆشیدا لەگەڵیان بوو، لە تەمەنی 100 ساڵیدا لە 5ی ئابی ئەمساڵ كۆچیی دواییكرد. مردنی ئەو تەنیا پرسە نەبوو بۆ كەسوكارەكەی، بەڵكو بۆ زۆرێك لە خەڵكی حەویجەش هەروابوو، هەندێك تەنانەت بە دایكی منداڵانی حەویجە ناوی دەبەن.
شەمسە سلێمان ئەحمەد زەنگەنە، لە دایكبوی ساڵی 1920ی گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی سەر بە قەزای داقوق، ژنێكی خۆشەویستی نێو خەڵكی حەویجە بوو، ئەوەش بەهۆی كارە خێرخوازییەكانی لە مامانی، مردووشۆر، سەرپەرشتیكردنی خواردنی پرسە و بۆنەكان، تەنانەت هاوكاریكردنی ئاوارەكان، بەو هۆیەوە ناسناوی "مەحبوبەی حەویجەیان" پێ بەخشرابوو.
ئەو ناسناوە كە خەڵكی حەویجە پێیان بەخشیوە، لەوكاتەوە دەستیپێكردووە كە شەمسە لە تەمەنی 47 ساڵی، هاوژینەكەی لەدەستدا، هەر لەو ساڵەدا (1967) بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانی رویكردە قەزای حەویجە و لە كێڵگەیەكی لۆكەدا بە رۆژانە دەستی بەكاركردن كرد.
ئەوكات شەمسە ئەركی بەخێوكردنی پێنج منداڵی لە ئەستۆ بوو، كە گەورەترینیان تەنیا 14 ساڵ بوو.
كەسوكاری دەڵێن شەمسە لەگەڵ چونی بۆ حەویجە بووە كەسێكی دیار لەو قەزایە، دەستیكرد بە مامانی بەشێوەی خۆبەخش، ئەوەش پێگەیەكی كۆمەڵایەتی باشی لەناو ژنان و خەڵكی قەزاكە بۆ دروستكرد.
هەروەها دەستیكرد بە سەرپەرشتیكردنی ئامادەكردنی خواردنی پرسە و بۆنەكان و ئەو ئەركەیان بەو دەستپارد. تەرمی ژنانی مردوی دەشۆرد.
عومەر جبوری، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە كۆمێنتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لەبارەی مردنی شەمسەوە دەنوسێت "خوا عەفوی بكات و بیخاتە بەهەشتەوە، ئەمە خاوەنی دڵێكی زۆر باش و زۆر خۆشەویست بوو، بەردەوام وایلێدەكردین هەست بەخۆشی بەختەوەری بكەیت".
ئەمە خاوەنی دڵێكی زۆر باش و زۆر خۆشەویست بوو، بەردەوام وایلێدەكردین هەست بەخۆشی بەختەوەری بكەیت
هەروەها نوسیویەتی "من لە سەدەی رابردوو بەیانیان دەچوم بۆ لای مامۆستا رەجەب، شەمسە زۆر بە بەڕێز و خۆشەویستییەوە میوانداری دەركردین".
رەجەب كوڕی شەمسە بوو و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بوو لە حەویجە و مامۆستایەكی خۆشەویستی خەڵكی قەزاكە بوو.
لە سێ دەیەی ساڵانی حەفتا، هەشتا و نەوەدەكاندا، شەمسە مامانی، شۆردنی تەرمی ئافرەت و ئامادەكردنی خواردنی پرسەی زۆرینەی خەڵكی حەویجەی بەڕێوەبرد، هەروەها بەشێك لە كێشەی كۆمەڵایەتییەكانی نێو كۆڵان و گەڕەكەكانیش بە هەوڵی ئەو چارەسەردەكرا، ئەوەش وایكرد ناسناوی "مەحبوبەی حەویجەی" لێبنرێت.
لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو شەمسە كوڕە گەورەكەی لە شەڕی ئێران وعیراق لەدەستدا و ساڵی 2003یش حەویجەی بۆ كەركوك جێهێشت.
ئەحمەد خورشید، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە – لەئێستادا ئەنجومەنەكە هەڵوەشێنراوەتەوە ، بەهەمان شێوە ستایشی ئەو خاتونە دەكات و لە پۆستێكدا دەنوسێت "خوا لێتخۆشبێت شەمسە خان، بەڕاستی جێ پەنجەت بە حەویجەوە دیارە، تۆ دایكی هەموو منداڵانی حەویجەیت، تۆ مردوشۆربویت و لە پرسە و ئاهەنگ و بۆنەكاندا چێشتت بۆ لێدەناین".
"هەموو منداڵێكی حەویجەت لە عەرەب و كورد وەكو منداڵی خۆت سەیر دەكرد، هەموان تۆیان خۆشدەویست لەبەر پێكەنینەكان و بەسۆزیت، هەموو خەڵكی حەویجە دڵگرانن بۆ تۆ وەك ئەوەی كە تۆ دایكیان بیت و وەك فریشتە وابویت، تەنیا خێر و چاكەت دەزانی". ئەحمەد خورشید لە ئەكاونەتەكەی بەناو "ابو عباس" وادەنوسێت.
هەموو منداڵێكی حەویجەت لە عەرەب و كورد وەكو منداڵی خۆت سەیر دەكرد
هەرچەندە شەمسە، لە كەركوك دەژیا، بەڵام بە وتەی كەسوكاری دڵی هەر لای حەویجە بووە و هەفتانە سەردانی ئەو قەزایەی كردۆتەوە، بەشێكی بەهۆی گۆڕی كوڕەكەی، بەشێكی تری بەهۆی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە.
لە 5ی ئاب، شەمسە لە تەمەنی 100 ساڵیدا كۆچییدواكرد، لە پرسەیەكدا كە بەهۆی كۆرۆناوە هیچكات شایستەی هەوڵ و ماندوبونی ئەو نەبوو.