دوو گەڕەكی كەركوك لە سێ لاوە دوكەڵ هەڵدەمژن

كەركوك/ ئەیلولی 2020/ دوو گەڕەكی شارەكە لە سێ لاوە دوكەلیان پێدەگات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی

عەزیمە و دراوسێكانی، ئێواران لەبری هەوایەكی پاك و فێنك، لە سێ لاوە دوكەڵی خۆڵ و خاشاك، سوتانی پاشماوەی نەخۆشخانە و دوكەڵی نەوتی جەبەل بۆر هەڵدەمژن. ئەم گرفتە دوو گەڕەكی كەركوكی هەراسان كردووە.

"ئێمە لە سێگۆشەی بەرمۆدا دەژین، ماڵمان نزیک نەخۆشخانەى ئازادییە و بۆنی كورەی نەخۆشخانەكەمان بۆ دێت، هەروەها دوكەڵی سوتانی خۆڵ و خاشاكی ناوچەی چیمەن و دوكەڵی كێڵگەی نەوتی جەبەل بۆریش هەر بۆ ئێمە دێت"، عەزیمە عەزیز، دانیشتوى گەڕەكی كەرامە لە خۆرهەڵاتی كەركوك وایوت.

عەزیمە و دراوسێكانی كە پەیامنێری (كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ كردون، جەختیانكردەوە لەوەی بۆنی دوكەڵ ژیانی لێ تاڵكردون و ناتوانن پشوو بدەن. ترسیان هەیە كاریگەرییان لەسەر دروستبكات و ببێتەهۆی نەخۆشی جۆراوجۆر.

ئەم كێشەیە دانیشتووانی ئەو گەڕەكانەی گرتۆتەوە كە دەكەونە سەر رێگای كەركوك – سلێمانی، بەتایبەت گەڕەكی دەروازە.

ئاری ئەحمەد، لە گەڕەكی دەروازە دەژیت، وتی "دوكەڵ و بۆنێكی زۆری وێستگەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ناوچەی چیمەن بۆ ئێمە دێت، كاتێك دەسوتێنرێت، تەنانەت ناتوانین ئامێری فێنككەرەوە بەكاربهێنن، چونكە دوكەڵەكە بۆ ژورەوە رادەكێشێت و تەنگەنەفەس دەبین".

ناتوانین ئامێری فێنككەرەوە بەكاربهێنن، چونكە دوكەڵەكە بۆ ژورەوە رادەكێشێت و تەنگەنەفەس دەبین

وێستگەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ناوچەی چیمەن سەر بە شارەوانی كەركوكە و دەكەوێتە بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆ.

ئامانج لەو وێستگەیە كۆكردنەوە و دواتر گواستنەوەی خۆڵ و خاشاكی ماڵانە بۆ ناوچەیەكی تر لە نزیك ناحیەی لەیلان.

بەڵام ئاری وتی "زۆرینەی كات دەسوتێنرێت و دوكەڵەكەی بۆ ئێمە دێت، نە دەتوانین لە ماڵەوە بین، نە دەتوانین بچینە دەرەوە... منداڵی بچوكمان هەیە و ناكرێت هەركاتێك بسوتێنرێت ماڵ چۆڵبكەین و بچینە گەڕەكیكی تر".

zbll
كه‌ركوك، ئاداری 2020، هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك له‌لایه‌ن تیمه‌كانی پاككه‌ره‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی شاره‌وانی

 

شارەوانی كەركوك رۆژانە 900 تەن خۆڵ و خاشاك لەنێو شاردا هەڵدەگرێتەوە و رەوانەی دوو وێستگەى دەكات، دوای پاككردنەوە و جیاكردنەوەی پێكهاتەكانی، رەوانەی وێستگەى سەرەکى دەكرێن لە ناحیەى لەیلان و هەر لەوێ دەخرێنە ژێر زەوییەوە.

ئیسماعیل جەلال، لێپرسراوی پڕۆژەكان لە بەڕێوەبەرایەتى شارەوانى کەرکوک، جەختیكردەوە لەوەی لە ماوەى دوو ساڵی رابردودا، کێشەى نەبونى بودجەیان هەبوو بۆ هەڵگرتنەوەى خۆڵ و خاشاک کە لە بودجەى پترۆ دۆلارەوە دەدرا بە شارەوانییەکان، ئەوەش بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە. بەڵام دواتر توانیان بە هەوڵی شارەوانی و ئیدارەی كەركوك ئەو كێشەیە بە هەماهەنگی چارەسەربكەن.

بەڵام لەگەڵئەوەشدا هێشتا كێشەی كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاك لەهەندێك گەڕەكی كەركوك بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.

لە بارەی سوتاندنی خۆڵ و خاشاك، بەرلەوەی بگوازرێنەوە بۆ وێستگەی سەرەكی، ئیساعیل وتی "بەهۆى بێکاریى و بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان، ژمارەیەك لە خاوەن ماتۆڕسكیلەكان بەرامبەر بە بڕێك پارە خۆڵ و خاشاكی ماڵەكانیان دەگواستەوە، بەشێكیان نەیاندەبردە وێستگەی چیمەن و دەیانسوتاندن، یان فڕێیاندەدا و خەڵكی تر گڕیان تێبەردەدا، ئەمە كێشەكەیە".

دڵنیاتان دەكەمەوە، بەهیچ شێوەیەک ئەو خۆڵ و خاشاکە لە لایەن وێستگەکانەوە ناسوتێنرێت

"دڵنیاتان دەكەمەوە، بەهیچ شێوەیەک ئەو خۆڵ و خاشاکە لە لایەن وێستگەکانەوە ناسوتێنرێت، بەڵکو بەشێكی ئەو کەسانە ئاگری تێبەردەدەن كە بەدواى پلاستیک و ئاسندا دەگەڕێن لەناو خۆڵ و خاشاكەكەدا"، ئیسماعیل وایوت.

شارەوانی كەركوك بۆ چارەسەری ئەو گرفتە ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكی ئاگادار كردۆتەوە بۆ سزادانی ئەو كەسانەی خۆڵ و خاشاك لە دەرەوەی وێستگەكە فڕێدەدەن و دەیوستێنن.

حكومەتی عیراق بڕە پارەی پاككردنەوەی شاری كەركوكی لە ملیارێك و 200 ملیۆنەوە بۆ تەنیا 200 ملیۆن دینار كەمكردۆتەوە، ئەمەش هۆكاری سەرەكی كێشەی بونی خۆڵ و خاشاكە لە شارەكەدا، وەك فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکوک پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت.

بەپێی ئامارەكانی شارەوانی، بێت حكومەتی ناوەندی بۆ فڕێدانی هەر تەنێك خۆڵ و خاشاك نزیكەی 500 دیناری بۆ پارێزگاكە ناردووە.

فەرەیدون، جەختیكردەوە "تەنیا ئەو بڕە پارەیە هەیە بۆ پاككردنەوەی شارەكە لە خۆڵ و خاشاك".

لەحاڵەتی چارەسەركردنی گرفتی سوتاندنی خۆڵ و خاشاكیش، هێشتا ئەو دوو گەڕەكەی كەركوك (كەرامە و دەروازە) بەتایبەت ئەوانەی نزیكن لە نەخۆشخانەی ئازادی و وێستگەی نەوتی جەبەل بۆر، ناتوانن بەئاسودەیی هەوای پاك هەڵمژن.

عەزیمە عەزیز، وتی "دوكەڵی كورەی سوتاندنی پاشماوەی نەخۆشخانەی ئازادی و جەبەل بۆر، هەراسانی كردوین و داوادەكەین ئەو گرفتەمان بۆ چارەسەر بكەن".

شکۆفە محەمەد، ئەندامى دەستەى باڵاى کۆمەڵەى کوردستانێکى سەوز – رێكخراوێكە لەبواری ژینگەدا كاردەكات-، وتی "ئەو ماڵانەی دەكەونە نێوان وێستگەی چیمەن، نەخۆشخانەی ئازادی و كێڵگەی نەوتی جەبەل بۆر، روبەڕوی مەترسی دەبنەوە و ژینگەی ئەو ناوچەیە بەكەڵی ژیان نایات".

"پێویستە كەلوپەلی نەخۆشخانە و پاشماوەی نەشتەرگەریی لەژێر زەویی و لە قوڵاییەکى زۆردا لەناوببرێن، بەڵام بەداخەوە رچاوی ئەوە ناكرێت"، شكۆفە وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT