گوندی په‌ڵكانه؛ سێ ساڵه له بارگرژی و ململانێی دوو نه‌ته‌وه و دوو حكومه‌تدایه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌كیان چاره‌سه‌ری یه‌كجاریی كێشه‌ی ناوچه‌كه‌ی پێبێت.
له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه، چه‌ندینجار ئاڵۆزی و ناكۆكی كه‌وتۆته نێوان كورد و عه‌ره‌به‌وه، له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی په‌ڵكانه‌ی پارێزگای كه‌ركوك.
"به‌ڵگه‌ی فه‌رمی دادگا و كشتوكاڵ و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌مان هه‌یه، ئه‌و زه‌وییانه له باوباپیرانمانه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه، هی ئه‌مڕۆ و دوێنێ نییه، به‌ڵام ئه‌و خێزانه كوردانه‌ی له گونده‌كه‌دان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان پێنییه" ئه‌حمه‌د غه‌زال، یه‌كێك له شێخه‌كانی هۆزی شه‌ممه‌ر وای وت.
ژماره‌یه‌ك له شێخه‌كانی ئه‌و هۆزه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 15ی ئه‌یلول، له گوندی رافیدینی نزیك دوبز به دوری 20 كیلۆمه‌تر له په‌ڵكانه گردبونه‌وه و داوایانكرد، رێگه به گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی په‌ڵكانه بدرێت.
هۆكاری گواستنه‌وه‌ی گردبونه‌وه‌كه بۆ رافیدین له بری په‌ڵكانه، به‌هۆی رێگریی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه‌یه له روماڵی راگه‌یاندن و گه‌یشتنی رۆ ژنامه‌نوسان به په‌ڵكانه، به‌وته‌ی شێخه‌كانی شه‌ممه‌ر.
غه‌زال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "گله‌یی ئێمه له په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌به، له‌سه‌ر شانی ئێمه بون به په‌رله‌مانتار و ئێستا كه‌سیان له كێشه‌كانمان ناكۆڵنه‌وه".
تائێستا 12 جار هۆزه عه‌ره‌به‌كان هه‌وڵیانداوه له گونده‌كه‌دا جێگیرببنه‌وه
پەڵکانە و چەند گوندێکی تری ناحیەی سەرگەڕان له قه‌زای دوبز-ی پارێزگای کەرکوک، زیاتر له 10 جار بونه‌ته جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵک و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی، بەوتەی کورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەرکردنیان دەدرێت، لەکاتێکدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن.
یوسف محەمەد عەلی، ئەنجومەنی گوندی پەڵكانە به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له 1975دا به‌عس 12 گوندی سه‌رگه‌ڕانی چۆڵكرد، له نێویاندا گونده‌كه‌ی ئێمه، ئه‌وكات عه‌ره‌بی هێنایه ناوچه‌كانمان و ئێمه رۆیشتین، تا له دوای 2003ـه‌وه جارێكی‌تر گه‌ڕاینه‌وه بۆ زه‌وییه‌كانی خۆمان".
به‌پێی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش و لیژنه‌ی كاروباری باكوری سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبی به‌عس، كه سه‌دام حسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، زۆرینه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی كورد له كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقدا دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب و راگواستنی خێزانه كورده‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ روخانی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003، كورد بۆ ته‌واوی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی گەڕایەوە.
"دوای پرۆسه‌ی ئازادی گه‌ڕاینه‌وه و ژیانی ئاساییمان ده‌ستپێكرده‌وه، سه‌رقاڵی ئیشوكاری خۆمان بوین، به‌ڵام دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر دیسان عه‌ره‌به‌كان هاتنه‌وه‌سه‌رمان به پاڵپشتی هێزی ئه‌منی و ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك خانودا گرت كه ماڵی تێدانه‌بوو" به‌وته‌ی یوسف محه‌مه‌د، تائێستا 12 جار هۆزه عه‌ره‌به‌كان هه‌وڵیانداوه له گونده‌كه‌دا جێگیرببنه‌وه.
له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌ركوك و پێشمه‌رگه كشایه‌وه، كاتێك پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بەهۆی ریفراندۆمی كورده‌وه گەیشتنە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.
دوایین ئاڵۆزی له په‌ڵكانه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بوو، به‌رله‌وه‌ی بگاته پێكداهه‌ڵپژان، جارێكی‌تر به‌كاتی بارگرژییه‌كان هێوركرانه‌وه.
ئه‌نجومه‌نی گوندی په‌ڵكانه داواكاره هه‌رچی زووه له‌سه‌ر ئاستی باڵا كۆتایی به كێشه‌ی ناوچه‌كه بهێنرێت و چیتر له‌و بارودۆخه ناجێگیره‌دا نه‌مێننه‌وه.
ئێمه خه‌ڵكی ره‌سه‌نی گونده‌كه‌ین به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان رێگریی له گه‌ڕانه‌وه‌مان ده‌كه‌ن
گوندی په‌ڵكانه، یه‌كێك له 42 گونده‌كه‌ی سه‌رگه‌ڕان و ده‌كه‌وێته باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك، نزیكه‌ی 25 ماڵی تێدایه و روبه‌ره‌كه‌ی زیاتر له 60 هه‌زار دۆنم زه‌ویی به‌پیتی كشتوكاڵی و نه‌وتی تێدایە.
حه‌مید هه‌لیل فه‌رحان، یه‌كێكه له‌و هاوڵاتییه عه‌ره‌بانه‌ی هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌ڵكانه ده‌دات و ده‌ڵێت "ئێمه خه‌ڵكی ره‌سه‌نی گونده‌كه‌ین، ئه‌و كوردانه‌ی له‌وێ ماونه‌ته‌وه به‌شێكیان خه‌ڵكی حه‌سه‌كه (كوردستانی سوریا) و به‌شێكی دیكه‌یان خه‌ڵكی مه‌هاباد (كوردستانی ئێران)ـن، له‌گه‌ڵ چه‌ند خێزانێكی دهۆك".
له ئایاری 2019دا راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی "دانیشتوانی ئێستای په‌ڵكانه خه‌ڵكی مه‌هابادی ئێرانن" و به‌رگری له هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه عه‌ره‌به‌كان كرد.
حه‌مید هه‌لیل به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه خه‌ڵكی شوێنی دیكه نین، ناومان له‌سه‌رژمێری 1957ی ناوچه‌كه‌دایه، ناسنامه‌كه‌ی باوكم هی ساڵی 1928ـه و لێی نوسراوه سه‌رگه‌ڕان، بۆیه داوای مافی خۆمان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش نوسراوی دادگامان هه‌یه به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان رێگریی ده‌كه‌ن".
بەپێی ئەو بەڵگانەی نوسینگەی كەركوكی جێبه‌جێكردنی ماددەی 140 پێشتر بڵاویكردۆتەوە، چەند هۆزێكی عەرەب لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە نامەیەك خواستی خۆیان بۆ نیشتەجێبون لە جێی خێزانە كوردەكان لە سنوری سەرگەڕان نیشانداوە لەسەر داوای حكومەتی ئەوكاتی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن.
هه‌روه‌ها راكان سه‌عید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت له چه‌ند نوسراوێكدا كە كۆپییان لای (كەركوك ناو) هەیە و لە مانگی 11ی 2017دا ئاڕاستەی قایمقامی دوبز و ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین كراون، داوایكردووه هاوكاری هاوڵاتیانی عەرەب بكرێت تا بۆ پەڵكانە و گوندەكانی تری سەرگەڕان بگه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌مه خاكی باوباپیرانمانە و رێگە نادەین عه‌ره‌ب داگیری بكه‌ن
هونەر كەریم رەحمان، دانیشتوی گوندی پەڵكانە به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مه خاكی باوباپیرانمانە و رێگە نادەین عه‌ره‌ب داگیری بكه‌ن"، وتیشی "ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد ئێمه‌یان فرۆشتوه یان پشتیانتێكردون با بزانین" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌مه‌وه‌نه‌هاتنی كێشه‌كانیان وای وت.
به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه ته‌نیا شه‌ش خێزانی عه‌ره‌ب له گونده‌كه‌دا به پاڵپشتی هێزه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه جێگیربون.
گوندی په‌ڵكانه هه‌رچه‌نده له روی ئیداریه‌وه سه‌ر به پارێزگای كه‌ركوكه، به‌ڵام دۆسیه‌ی ئه‌منی لای فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین-ـه.
(كه‌ركوك ناو) زیاد له جارێك هه‌وڵیدا لێدوانی لێپرسراوانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌دۆسیه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان به تایبه‌ت فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی سه‌رگه‌ڕان وه‌ربگرێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بون.
له ئایاری ساڵی رابردودا، كاتێك زیاتر له 100 هاوڵاتی هۆزی شه‌ممه‌ر به حه‌وت ئۆتۆمبێلەوە هه‌وڵیاندا له په‌ڵكانه جێگیربن و پێكداهه‌ڵپژان رویدا، ئیداره‌ی ناوچه‌كه به هاوكاری په‌رله‌مانتاران و لێپرسراوانی باڵا به كاتی كۆتاییان به بارگرژییه‌كان هێنا.
ئه‌وكات عەبدولمتەلیب عەبدولمەجید، بەڕێوه‌بەری ناحیەی سەرگەڕان به‌وه‌كاله‌ت له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو وتی كێشه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی گوندی په‌ڵكانه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی چاره‌سه‌ركراوه تا دادگا خاوه‌ندارێتییان یه‌كلاییده‌كاته‌وه.
چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، له چوارچێوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقیدایه، كه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئیداره‌دانی كه‌ركوك و چه‌ندین ناوچه‌ی تر له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا دانراوه، له‌رێی ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێری و دواتر راپرسی.