لە كۆی 550 هەزار ئێزیدی لە عیراق، هێشتا 310 هەزاریان لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق لە ئاوارەییدا دەژین، ئەو ئامارە لێكەوتەی هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)ە، كە بەهۆیەوە روبەڕوی كوشتن، رفاندن و بێسەروشوێنكردن بونەوە.
لەم راپۆرتەدا (كەركوك ناو)، بە ژمارە باسی ئەو گۆڕانكارییانەدا دەكات كە بەسەر ئەو پێكهاتە ئایینیەدا هات، كاتێك لە 3ی ئابی 2014دا، شنگال - زێدی مێژویی ئێزیدییەكان -، بەبێ بەرگری هێزەكانی پێشمەرگە كەوتە دەست ئەو رێكخراوە چەكدارییە.
ئاوارە، كۆچ و قوربانی
ژمارەی ئێزیدییەكان لە عیراق بەپێی ئامارەكانی نوسینگهی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سهر به حكومهتی ههرێمی كوردستان، 500 هەزار كەسە، لەو ژمارەیە تائێستا 310 هەزاریان لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق هێشتا ئاوارەن.
بەهۆی هێرشی داعشەوە هەزار و 293 كەس كوژراون و دوو هەزار و 745 كەس دایك یان باوك، یان هەردوكیان لەدەستداوە.
زیاتر لە 100 هەزار ئێزیدی لەدوای هێرشەكانەوە بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچییان كردووە.
رزگارکردن و رفێنراوان
بەپێی دواین ئامار، شەش هەزار و 417 كەس وەك رفێنراو تۆماركراون، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 كەس لە رەگەزی نێر، دوو هەزار و 869 لە رەگەزی مێن.
سێ هەزار و 537 كەس توانراوە رزگاربكرێن، هەزار و 184 ژن، 339 پیاو، لەگەڵ هەزار و 997 منداڵ.
سەرەڕای كۆتایهاتنی داعش، لە عیراق و سوریا، تا ئێستا چارەنوسی دوو هەزار و 880 ئێزیدی دیار نییە، هەزار و 304 لە رەگەزی مێ و هەزار و 576 كەس لە رەگەزی نێر.
گۆڕە بە کۆمەڵەکان
دەستەی کۆکردنەوەی بەڵگەی جینۆسایدی ئێزیدیانی شنگال، 80 گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكانی دەستنیشانكردووە. تائێستا 17 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
لەنێو ئەو گۆڕانەی هەڵدراونەتەوە، 245 روفاتیان تێدا بووە، 111 روفات لەوانە پارچەكانی جەستەیان تێكەڵ بووە وبۆ ناسینەوەیان رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا كراون. 60 لە روفاتەكانیان پشكینەكانیان تەواو بووە.
فەلاح حەسەن، ئەندامی دەستەی کۆکردنەوەی بەڵگەی جینۆسایدی ئێزیدیانی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "زیاتر لەسەدا 90ی خەڵكی گوندی كۆجۆن".
زیانی سەر مەزارگە و شوێنە پیرۆزەكان
68 مەزارگە و شوێنی پیرۆزی ئایینی ئێزیدی لە شنگال و ناوچە ئێزیدینشینەكانی تر زیانیان بەركەوتووە، توانراوە، 43 مەزاریان ئاوەدانبكرێنەوە.
جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییان لە پارێزگای دهۆک، وتی "هەموو ئەم مەزارانە لە لایەن خێرخوازانەوە ئاوەدانكراونەتەوە".
زۆرینەی ئەوانەی ئاوەدانكراونەتەوە لە دەشتی نەینەوان.
سەرەڕای ئەو ئامارانە، هێشتا كەیسی ئێزیدییەكان لە چاوەڕوانی بڕیاری وەرگرتنی جینۆسایددایە.
حەسۆ هورمی، سەرۆکی دەزگای ئێزیدییان بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆمەڵکوژییەکان - رێکخراوێكی راوێژکاریی تایبەتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان-، دەڵێت "تائێستا ١٨ بڕیاری نێودوڵەتی بۆ دانپێدانی جینۆسایدی ئێزدیی و پێکهاتەکانی تر هەن".