مانگی بێدەنگكردن لە خانەقین

خانەقین/ ناوچەی كۆرنیش، یەكێك لەشوێنە گەشتیارییەكان فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

ئەمیر خانەقینی

ئەیلول، وەك مانگی بێدەنگكردن و ترساندن دەبینرێت بۆ رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنی لە قەزای خانەقین، لەو مانگەدا سكاڵاباران دەكرێن و دەرگای گەیشتن بە زانیاریشیان بەسەردا قوفڵ دەدرێت.

تەنیا لە مانگی ئەیلولدا چوار سكاڵای یاسایی لە دژی رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنی خانەقین تۆماركراون، ئەوەش لەسەر نوسین و رادەربڕین لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.

کارزان جەبار، پیشەی مامۆستایە و داكۆكیكارێكی مافی مامۆستایانە، دوای بڵاوكردنەوەی پۆستێك لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، روبەڕوی دادگا كرایەوە.

ئەو هەواڵێكی سەندیكای مامۆستایانی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختكرابۆوە لەوەی لەبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ئەمساڵی خوێندن پێشنیاركراوە سێ رۆژ لە هەفتەیەكدا لە پۆل وانە بخوێندرێت.

"چەند کەسێک لە كۆمێنت رەخنەیان لە سەندیكای مامۆستایان گرت، بەڵام توشی شوک بوم كاتێك لەلایەن پۆلیسەوە ئاگاداركرامەوە لە بونی سكاڵایەكی سەندیكای مامۆستایان لە دژم"، كارزان زیاتر وتی "هیچ شتێکی نایاساییم نەكردووە، تەنیا پێشنیارەكەم بۆ ساڵی نوێی خوێندن وەكو خۆی بڵاوكردەوە".

توشی شوک بوم كاتێك لەلایەن پۆلیسەوە ئاگاداركرامەوە لە بونی سكاڵایەكی سەندیكای مامۆستایان لە دژم

هەفتەی رابردوو ئەو مامۆستایە لە پۆلیس وتەی لێوەرگیرا، لەبارەی ئەو كەیسەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكات.

rozhnamanusss
هاوكار حسێن خه‌ڵكی شاری دوزخورماتووه‌، سه‌رقاڵی ڕووماڵكردنی شه‌ڕی نێوان داعش و پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی كه‌ركوك فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

لە مانگی ئەیلولدا سێ حاڵەتی تری تۆماركردنی سكاڵا هەبووە، ئەوانیش دژی رۆژنامەنوسان تۆماركراون لەسەر بابەتە رۆژنامەوانییەكانیان.

ئەمەل باجەلان، لێپرسراوی نوسینگەی خانەقینی سەندیكای رۆژنامەنوسانی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەپاڵ ئەو سكاڵایانە كە ئێمە سەرقاڵی بەدواداچوون و بەرگرین لە كەیسەكان، رۆژنامەنوسان لە خانەقین کێشەی بەدەستهێنانی زانیارییان هەیە و بەپێی پێویست فەرمانگە و دەزگا ئەمنییەکان هاوکارییان ناكەن، ئەوەش كێشەیەكی گەورەی بەردەم رۆژنامەنوسانە". زیاتر وتی  "هۆشیاریی و تێگەیشتنی بەشێک لە فەرمانگەکان بۆ كاری راگەیاندن لە ئاستی پێویستدا نییە".

هۆشیاریی و تێگەیشتنی بەشێک لە فەرمانگەکان بۆ كاری راگەیاندن لە ئاستی پێویستدا نییە

لقی خانەقینی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە سەرەتای ئەم مانگە، راگەیەنراوێكیان لەسەر زیادبونی حاڵەتەكانی تۆماركردنی سكاڵا دژ بە رۆژنامەنوسان و چالاكوانان بڵاوكردەوە و تیایدا رەخنەیان لە شێوازی بانگهێشتکردنی رۆژنامەنوسان گرتووە بۆ بەردەم پۆلیس و دادگا، "رۆژنامەنوس کەسایەتییەکی مەعنەوی هەیە بە پشتبەستن بە یاسای عیراقی، بۆیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ یاساکەدا وەک خۆی بکرێت"، بەپێی راگەیەنراوەكە.

هەروەها داوایانكرد لە هەر رێكارێك بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان پێشوەختە سەندیكا ئاگاداربێت، ئەوەش بە پشتبەست بە یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان.

هێشتا رون نییە پەیامی زۆربونی سكاڵاكان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام عەدنان رەحمان، پارێزەر كە بەرگریكردنی بەشێك لەو كەیسانەی لە ئەستۆگرتووە، پێیوایە ئامانج لێیان "ترساندنی رۆژنامەنوسان و چالاكوانانە بۆ بێدەنگكردنیان".

تەواوی سكاڵاكانی ئەمساڵ دژ بە رۆژنامەنوسان و چالاكوانان شەش سكاڵان، چواریان لە مانگی ئەیلولدا تۆماركراون و هەمویان لەلایەن سەندیكا و فەرمانگە حكومییەكانەوە تۆماركراون، ئەوەش بەپێی ماددەی 433و 435ی یاسای سزادانی عیراقی.

ئەو دوو ماددەیە تایبەتن بە ناوزڕاندن و سوكایەتیكردن لەڕێی تەلەفون، یان دەزگاكانی راگەیاندن، لە حاڵەتی سەلماندندا تۆمەتبار غەرامە و زیندانیدەكرێن.

media-1
مایكی ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی میدیای له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

"هەرکەس و لایەنێک مافی ئەوەی هەیە سکاڵا لە دژی هەر کەسێک تۆمار بکات کە زیانی پێگەیاندووە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای دادگایە و ئەو بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر تاوانبار و بێ تاوان، هەموو ئەوانەی سكاڵایان لە دژ تۆماركراوە بە كەفالەت تا رۆژی دادگاییكردن ئازادكراون"، عەدنان رەحمان وایوت.

بەڵام بە بۆچونی ئەو "ئامانج لەو سكاڵایانە بۆ ئەوەیە هیچ رەخنە و بابەتێک بڵاونەکەنەوە کە لایەنی بەرامبەر پێی رازی نییە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی بێدەنگكردنەوە".

بە بڕوای عەباس ئەرکەوازی، تۆماركردنی چوار سكاڵا تەنیا لە مانگی ئەلیولدا، پەیامێكی باش نییە، ئەو دەڵێت ئەوە یەكەمینجارە لە خانەقین لەیەك مانگدا چوار سكاڵا دژی رۆژنامەنوسان و چالاكوانان تۆماربكرێت، لەكاتێكدا خانەقین تەنیا قەزایەكە.

ئەركەوازی وتی "هەست بە مەترسی دەكەم لە زۆربونی سكاڵاكان، پێموایە ئاسایی نین و بە مەترسیداری دەزانم بۆ سەر ئازادی رادەربڕین لە شارەكەماندا".

ئەوانەی سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، بەشێكیان راستەوخۆ بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەركراوە، ئەوەش پێچەوانەی بڕیارێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراقە كە  لە 11ی ئابی ئەمساڵ ئاراستەی دادگاكانی كراوە و تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی نابێت پەلەبکرێت لە دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ رۆژنامەنوسان، بەڵكو سەرەتا دەبێت ئاگاداربكرێنەوە بۆ ئامادەبون لەبەردەم دادگا.

یوسف ئیبراھیم، لێپرسراوی راگەیاندنی قایمقامیەتی خانەقین، بە هەمان شێوەی رۆژنامەنوسان ناڕازییە لە زۆربونی ئەو سكاڵایانە و دەڵێت دادگاكان و قایمقامیەت بۆ ئەو مەبەستە لەسەر هێڵن، "هەوڵی ئێمە ئەوەیە سەرەتا بە شێوەی شەخسی كۆتایی بە سكاڵاكان بهێنرێت و دۆسییەكان دابخرێن"، دواتر فەرمانگەكان رابسپێرین كارئاسانی بۆ رۆژنامەنوسان بكەن لە بەدەستهێنانی زانیاریدا.

هەوڵی ئێمە ئەوەیە سەرەتا بە شێوەی شەخسی كۆتایی بە سكاڵاكان بهێنرێت و دۆسییەكان دابخرێن

قایمقامیەتی خانەقین، لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە داوایكرد، فەرمانگەکانی خانەقین بەپێی رێنماییەكان مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا بكەن و دەرگایان واڵابكەن بۆ پێدانی زانیاری.

"داوا لە رۆژنامەنوسانیش دەكەم، بەشێوەیەکی یاسایی کارەکانی خۆیان ئەنجامبدەن، ھەماهەنگیمان لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنوسان هەیە لەپێناو ئەوەی ئەو جۆرە کارانە دوبارە نەبنەوە"، یوسف ئیبراهیم وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT