كڵێسا و شوێنه ئایینییه‌كانی كریستیان له عیراق؛ وه‌ك جاران قه‌ره‌باڵغ نه‌ماون، خه‌ڵكێكی كه‌م بۆ په‌رستش رویانتێده‌كه‌ن و له زۆرینه‌شیاندا پیاوانی ئایینی کریستیان بزرن و وەک جاران بانبینرێن.
ته‌نیا له پارێزگای دهۆك، كه ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی كریستیان نیشینی تێدایه؛ به 39 كڵێسا هه‌شت قه‌شه‌یان هه‌یه، له چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی عیراق شوێنه‌كانی په‌رستش هێشتا وێرانه‌ی شه‌ڕن و له هه‌ندێك شاریش ده‌رگاكانیان به‌ڕوی زیاره‌تكاراندا داخراون.
ئه‌و بارودۆخه‌ی روبه‌ڕوی كریستیانه‌كانی عیراق بۆته‌وه، كه هه‌ندێك به پاشه‌كشێ ناوی ده‌به‌ن؛ هۆكاره‌كانی جیاوازن؛ له ئاواره‌یی، هه‌ڵاتن له ده‌ستی داعش، كۆچ بۆ ده‌ره‌وه، ناسه‌قامگیریی ئه‌منی و وێرانكارییه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا كاڵبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سه‌رقاڵی زیاتری خه‌ڵك به سۆشیال میدیا و ئینته‌رنێته‌وه.
له 39 كڵێسای ئاشوری له دهۆك ته‌نیا هه‌شت قه‌شه‌مان هه‌یه
"له 39 كڵێسای ئاشوری له دهۆك ته‌نیا هه‌شت قه‌شه‌مان هه‌یه، بۆشاییه‌كی زۆر هه‌یه، پێویستمان به ده‌یان قه‌شه‌ی دیكه هه‌یه به تایبه‌ت بۆ گونده‌كان، قه‌شه هه‌یه مانگی یه‌ك جار ده‌توانێت بچێته گوندێك، له زۆر شوێن به‌هۆی نه‌بونی قه‌شه‌وه خه‌ڵك ناچارن روبكه‌نه كڵێساكانی ناوه‌ندی شار" فلیپ داود، قه‌شه‌ی كڵێسای نه‌رسی له دهۆك وای وت.
داود ده‌ڵێت به دانانی قه‌شه بۆ ته‌واوی كڵێساكان؛ جارێكی‌تر خه‌ڵك دەگەڕێنەوە بۆ په‌رستش، چونكه ناچارنابن رێگه‌یه‌كی دور له گونده‌كانیانەوە بۆ شارەکان ببڕن.
"خه‌ڵكێك هه‌ن له‌به‌ر بێ پاره‌یی و خراپی باری دارایی، ناتوانن و پاره‌ی تاكسیان پێ نییه له رێگه‌یه‌كی دورهوە بچنه كڵێسا" به‌وته‌ی فلیپ داود بۆ (كه‌ركوك ناو)، ئه‌وه هۆكارێكی چۆڵی كڵێساكانه له‌گه‌ڵ سه‌رقاڵی زیاتری خه‌ڵك به تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئینته‌رنێت و "ئیمانی به‌شێكیشیان لاواز بووه به‌رانبه‌ر به ئایینه‌كه‌یان".
بارودۆخی ئه‌منی، هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ دابڕانی خه‌ڵك له كڵێسا، ساڵانێكه ناوچه‌كانی كریستیانی عیراق به تایبه‌ت له نه‌ینه‌وا و دهۆك گیرۆده‌ی شه‌ڕ و ململانێی چه‌كدارین.
له چەند مانگی رابردودا، به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی توركیا بۆ ناو خاكی عیراق؛ ده‌یان خێزانی كریستیان له ناوچه سنورییه‌كانه‌وه ئاواره بون و ده‌رگای زیاتر له 10 كڵێسا به‌ڕوی زیاره‌تكارانیاندا داخران.
"كاتێك ئاواره‌بوین؛ له‌و شوێنه‌ی تێیدا نیشته‌جێبوین كڵێسا نه‌بوو، ده‌بوایه بگه‌ینه شارێكی دیكه، كه رێگاكه به ئۆتۆمبێل زیاتر له 40 خوله‌ك بوو" مونا حه‌نا مه‌تی (45 ساڵ)، ده‌رباره‌ی كه‌می سه‌ردانی خه‌ڵك بۆ كڵێسا وای وت
خێزانی ئه‌و ژنه حه‌ڵكی قه‌زای شنگالی نه‌ینه‌وان و شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه ئاواره‌ی گوندی سێجی سه‌ر به‌قه‌زای سیمێلی دهۆك بون.
مونا به (كه‌ركوك ناو)ی وت له شنگال سێ كڵێسایان هه‌بووه و به‌رده‌وام خه‌ڵك سه‌ردانی كردوون، به‌رله‌وه‌ی شه‌ڕ ئه‌و ژیانه‌یان لێ بشێوێنێت.
كڵێساكه له ئێمه‌وه دووره بۆیه به 15 رۆژ جارێك سه‌ردان ده‌كه‌ین
ئه‌و سێ كڵێسایه‌ی شنگال له‌گه‌ڵ زیاتر له 80 كڵێسا و شوێنی ئایینی كریستیانی له‌لایه‌ن داعشه‌وه ته‌قێنرانه‌وه یان خاپور كراون و هێشتا زۆرینه‌یان نۆژه‌ننه‌كراونه‌ته‌وه.
داعش له ناوه‌ڕاستی 2014 دا كاتێك موسڵی كۆنتڕۆڵكرد؛ سێ بژارده‌ی خستە بەردەم کریستیانەکان ئەوانیش ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه به ناچاری ئاواره‌بون.
"له 2018دا، حكومه‌تی هه‌رێم كڵێسایه‌كی تایبه‌ت به سریانی ئه‌رسۆدوكس له دهۆك دروستكرد بۆ ئاواره‌كانی شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، به‌ڵام هێشتا له ئێمه‌وه دوره و به 15 رۆژ جارێك ده‌توانیت سه‌ردانی بكه‌ین" به‌وته‌ی مونا حه‌نا مه‌تی.
ئه‌و ده‌ڵێت هۆكارێكی دیكه‌ی كه‌می سه‌ردانی خه‌ڵك بۆ كڵێسا، كۆچه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان هه‌زار خانه‌واده‌ی كریستیان هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان و له ئاواره‌ییدا ده‌ژین، جگه له‌وه‌ی هه‌زاران خێزانی تر – ته‌نیا له نه‌ینه‌وا زیاتر له 24 هه‌زار خێزان- به‌ره‌و وڵاتانی تر كۆچیانكردووه.
له كۆی زیاتر له 700 هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان سه‌دا 7یان كریستیانن.
خالید جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری كریستیانه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به (كه‌ركوك ناو)ی وت له دوو ملیۆن كریستیانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی رابردودا ئێستا كه‌متر له 400 هه‌زار كه‌سیان له عیراق و هه‌رێم ماونه‌ته‌وه، ته‌نیا له سه‌رده‌می شه‌ڕی داعشدا زیاتر له 250 كه‌س كۆچیانكردووه
"ئێمه بوین به قوربانی شه‌ڕی شیعه و سونه له عیراق، جارێكی‌تر زۆر قورسه كریستیانه‌كان بتوانن به ئارامی له‌م وڵاته‌دا بژین" به‌وته‌ی خالید جه‌مال.
كڵێسا له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عیراقدا، وێرانکاریی و داخستن بونه‌ته‌وه، بۆ نمونه به‌پێی ئاماری کارگێڕی کڵێساکانی که‌رکوک كه پێشتر به (كه‌ركوك ناو) دراوه، له 12 كڵێسای ناوشار ته‌نیا له یه‌ک کڵێسا زه‌نگ لێده‌درێت.
به‌شێك له كریستیانه‌كان خۆیان نایانه‌وێت ببنه قه‌شه، ئێمه‌ش زۆر له هیچ كه‌سێك ناكه‌ین
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری كریستیانه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ده‌رباره‌ی كه‌می ژماره‌ی قه‌شه وتی "به‌شێك له كریستیانه‌كان خۆیان نایانه‌وێت ببنه قه‌شه، ئێمه‌ش زۆر له هیچ كه‌سێك ناكه‌ین" هه‌روه‌ها وتیشی "به‌دڵنیاییه‌وه پێوستیمان به ژماره‌یه‌ك قه‌شه هه‌یه و بۆشایی هه‌یه له هه‌ندێك كه‌نیسه‌دا".
له هه‌ولێر كۆلێژی زانكۆیی بابل هه‌یه بۆ فه‌لسه‌فه و لاهوت، كه تایبه‌ته به پێگه‌یاندنی پیاوانی ئایینی و خوێندن بۆ شه‌ش ساڵه.
لینوس عودیشۆ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له پێكهاته‌ی كریستیان پێیوایه هۆكاره‌كانی كه‌می سه‌ردانی كڵێسا په‌یوه‌ندی به كێشه سیاسییه‌كانه‌وه هه‌یه، مامه‌ڵه‌ی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ كریستیانه‌كاندا له ئاستی پێویستدا نه‌بووه، بۆیه ده‌یانجار روبه‌ڕوی هێرش و ئاواره‌یی بونه‌ته‌وه و له روی ئه‌منییه‌وه ناوچه‌كانی كریستیان سه‌قامگیرنین.
"له نزیكه‌ی دوو ملیۆن كریستیانی عیراق نزیکەی 300 هه‌زار كه‌س ماونه‌ته‌وه، دڵنیام ئه‌م ژماره‌یه كه‌متر ده‌بێته‌وه و زیاتر ده‌پوكێنه‌وه؛ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ناوچه‌كانیان بكرێته ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ.. ئه‌وكات خۆیان ده‌پارێزن و به‌هۆی سه‌قامگیرییه‌وه خه‌ڵك كۆچ ناكه‌ن" عودیشۆ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئایینی مه‌سیحی، دووه‌م گه‌وره‌ترین ئایینه له عیراق دوای ئیسلام، به‌پێی ده‌ستوری عیراق دانیپێدانراوه و زمانیشیان پارێزراوه، كه سریانییه وه‌ك له ده‌ستوردا هاتووه، پێویسته له‌و ناوچانه‌ی تێیدا زۆرینه‌ن هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك مافی بەکارهێنانی زمان، ئایین پارێزگارییکردن لە کەلتوری خۆی پێبدرێت.