خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك: داوامانكرد له‌ به‌غداوه‌ موچه‌مان پێبدرێت نه‌ك هه‌رێمی كوردستان

كه‌ركوك، ئایاری 2020، ناڕه‌زایی مامۆستایانی خوێندنی كوردی دژی دواكه‌وتنی موچه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد – كه‌ركوك

لێپرسراوانی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك، داواكاری گواستنه‌وه‌ی راژه‌كانیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عیراق و به‌ پێویستی ده‌زانن له‌و بودجه‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ وه‌ك پشكی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كرێت، موچه‌ی ئه‌وان ببڕدرێت و له‌ بانكه‌كانی كه‌ركوك وه‌ریبگرن.

ئه‌و داواكارییانه‌ له‌ سه‌ردانی شاندێكی خوێندنی كوردی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك هات بۆ به‌غدا، كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شێرزاد ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی و په‌روین فاتیح، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتی چاویان كه‌وت به‌ عه‌لی حه‌مید دلێمی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عیراق.

په‌روین فاتیح، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنی كوردی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌سه‌ر داواكاری گواستنه‌وه‌ی راژه‌كانیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ حكومه‌تی عیراق وه‌زیر پێیوتون "نوسراوی بۆ وه‌زیری دارایی كردووه‌ تا راژه‌كانیان بگوازنه‌وه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی تازه‌وه‌".

لە ماوەی شەش ساڵی رابردودا مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە كەركوك، چەندینجار داواكاری گواستنەوەی راژەكانیان ئاراستەی حكومەتی عیراق كردووە.

به‌وته‌ی په‌روین؛ پێشتر له‌رێی نوسراوێكه‌وه‌ ئه‌و داواكارییه‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ سه‌رۆك كۆمار و ئه‌ویش به‌ نوسراوێك ئاڕاسته‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عیراقی كردووه‌.

خوێندنی كوردی لە كەركوك راژە و خزمەتیان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە و حەوت هەزار و 751  مامۆستا و فەرمانبەری هەیە و كە وانە بە 100 هەزار خوێندكار دەڵێنەوە لە 500 خوێندنگە.

121653156_1626610794214261_8099446014258359174_n
به‌غدا، 2020، كۆبونه‌وه‌ی شاندی خوێندنی كوردی و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌

"داوامانكرد موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لەو بڕە پارەیە ببڕدێت كە عیراق بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت، تا لە رێگه‌ی حكومەتی فیدراڵەوە لە بانكەكانی شاری كەركوك بدرێت بە مامۆستایان و فەرمانبەران" په‌روین فاتیح وای وت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە ناتوانێت لەكاتی خۆیدا موچەی فەرمانبەرانی بدات، بەو هۆیەوە جگە لە پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتكردنی موچە، موچەی چەندین مانگیشی نەداوە.

به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنی كوردی ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی دیكه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیر بۆ كاتژمێرێك گفتوگۆیانكردووه‌ له‌وانه‌ نه‌بونی هاوكاری، هه‌ڵه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان و لابردنی لێپرسراوانی كورد له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌.

"ده‌رباره‌ی هه‌ڵه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ وه‌زیر به‌ڵێنیدا راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و بابه‌ته‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات".

بەشێك لە خوێندكارانی خوێندی كوردی لە كەركوك، له‌مساڵدا هۆڵەكانی تاقیكردنەوەیان بەجێهێشت، ئەوەش لە تاقیكردنەوەی گشتی چه‌ند وانه‌یه‌كی پۆلی 12ی ئامادەیی، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی "پرسیاری دەرەكی و قورس هێنراوەتەوە" و هه‌ڵه‌ له‌ پرسیاره‌كاندا هه‌بون.

په‌روین فاتیح وتی "به‌وه‌زیرمان وت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ هاوكاری خوێندنی كوردی ناكات و له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ 25 سه‌رۆك به‌ش له‌ لێپرسراوێتی دورخراونه‌ته‌وه‌"، هه‌روه‌ها وتیشی "له‌سه‌ر كێشه‌كان وه‌زیر په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌وه‌ كرد تا بێته‌ به‌غدا و پێكه‌وه‌ گفتوگۆی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی وه‌زیر و شاندنی په‌روه‌رده‌، باس له‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم كراوه‌، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی په‌روه‌رده‌، بێ ئه‌وه‌ی باس له‌ گواستنه‌وه‌ی راژه‌ی مامۆستایانی خوێندنی كوردی بكات.

خوێندنی كوردی له‌ ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌وه‌ واده‌یه‌ قه‌ده‌غه‌بوو. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT