پارتی: له‌م بارودۆخه‌دا ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك

كەركوك/بارەگایەكی پارتی دیموكرات دوای چۆڵكردنی فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماده‌نین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پارێزگای كه‌ركوك، ئه‌گه‌ر بارودۆخی شاره‌كه‌ له‌روی سیاسی و ئه‌منییه‌وه‌ ئاسایی نه‌كرێته‌وه‌.

لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـه‌وه‌، پارتی هه‌موو چالاكییه‌كی سیاسیی له‌ پارێزگای كه‌ركوك راگرتووه‌ و زۆرینه‌ی لێپرسراوانیشیان كه‌ پۆستی‌ حكومی، ئه‌منی، ئیداریی و حزبییان هه‌بوو ئاواره‌ی هه‌ولێر بون و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

محەمەد خورشید، لێپرسراوی لقی كه‌ركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمە بەم بارودۆخەی ئێستاوه‌ ناگەڕێینەوە بۆ كەركوك، پێشتریش ئەوەمان وتوە كە ئێمە ناگەڕێینەوە".

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بارگرژیی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

پارتی له‌وكاته‌وه‌ كه‌ركوك به‌"داگیركراو" ناوده‌بات و داواده‌كات بارودۆخی شاره‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌.

kdp
كەركوك، 2014، هەڵمەتی بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لەكەركوك فۆتۆ: میدیای پارتی

لێپرسراوه‌كه‌ی پارتی ده‌رباره‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی باره‌گاكانیان له‌ كه‌ركوك وتی "ئەو بارەگایانە موڵكی پارتییە و دەبێت چۆڵبكرێن، بارەگاكان موڵكی سوپا نین، بەڵكو موڵكی ئێمەن".

تەواوی بارەگاكانی پارتی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستیانبەسەردا گیراوە، لەنێویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوكی حزبه‌كه‌ لە گەڕەكی شۆراو.

ساڵی رابردو حكومه‌تی عیراقی بڕیاریدا باره‌گاكانی پارتی راده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایی و مانگرتنی لایه‌نگرانی حزبه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كانی كه‌ركوك بڕیاره‌كه‌ راگیرا.

محه‌مه‌د خورشید سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری رێككه‌وتن و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێم له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی، ده‌ڵێت "كۆبونەوە زۆر كراون، بەڵام هیچ هەنگاوێك نییە بە ئاڕاستەی ئەوەی ئێمە بگه‌ڕێینەوە، له‌و واتایه‌ی هیچ هەنگاوێك نه‌نراوه‌ بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك".

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2020 له‌ په‌یامێكی كورتدا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیشه‌، وتی "ئەو دۆخە نائاساییەی کە لە ئەنجامی خیانەتی خاکفرۆشانەوە، لە کەرووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر هاتە ئاراوە، جێگەی قبوڵکردن نییە".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ واژۆكرا بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال، پارتی بڕیاریداوه‌ باره‌گاكانی له‌ قه‌زاكه‌ بكاته‌وه‌.

ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی لقی 17ی شنگالی پارتی كه‌ ئێستا له‌ دهۆك جێگیرن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌ركاتێك رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌رێم كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ وه‌ك پارتی پێش هه‌موو كه‌سێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ شنگال و باره‌گاكانی خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه".

پارتی خۆی بە زەرەرمەندی یەكەمی گەڕانەوەی هێزەکانی حكومه‌تی فیدراڵی دەزانێت بۆ ناوچەكانی جێناكۆك ‌و بە تایبەت كەركوك، بەوتەی ئەوان زۆربەی بارەگاكانیان روبەڕوی سوتاندن ‌و دەستبەسەرداگرتن بونەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT