بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی شنگال
كەسایەتیی و سەرۆك هۆزەكانی قەزاكە لە بەغدان

بەغدا/ تشرینی یەكەمی 2020/ كۆبونەوەی وەفدێكی شنگال لەگەڵ دەوڵەتی یاسا فۆتۆ: ئیسماعیل ئیبراهیم

عەمار عەزیز

خەڵكی شنگال، هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر شنگال جێبەجێنەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێك لە كەسایەتیی و سەرۆك هۆزەكانی قەزاكە لە بەغدان.

ئەو وەفدە كە لە 13 ئەندام پێكهاتون و ماوەی هەفتەیەكە لە كۆبونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بەردەوامن، داوای رێككەوتنی نوێ دەكەن لە نێوان ئیدارەی شنگال و پارێزگای نەینەوا.

فارس حه‌ربۆ، یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی وەفدەكە به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "له‌ هه‌موو دانیشتنه‌کاندا گفتۆگۆی رێککه‌وتنی به‌غدا و حکومه‌تی هه‌رێممان كردووە، گله‌یی و ناڕەزایی خه‌ڵکی شنگالمان گه‌یاندووه‌ و داوامانكردووە ئەو رێككەوتنە جێبەجێنەكرێت".

"ئه‌و رێککه‌وتنه‌‌ لە خزمه‌تی خه‌ڵکی شنگالدا نییه‌، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی لەگەڵیاندا كۆبوینەتەوە، هه‌مان هه‌ڵوێستی ئێمه‌یان هه‌بووە و ناڕازین له‌و رێککه‌وتنه‌... پشتگیریمان دەكەن و ده‌یانه‌وێت پێداچونه‌وه‌ به‌ ناوه‌ڕۆکی رێککه‌وتنه‌کەدا‌ بکرێت".

wafd

بەغدا/ تشرینی یەكەمی 2020/ كۆبونەوەی وەفدێكی شنگال لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر فۆتۆ: ئیسماعیل ئیبراهیم

رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا واژۆكراوه‌ بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.

وەفدەكەی شنگال، لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانێتی نەسر، هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر و ژمارەیەك لێپرسراوی حكومیی و ئەمنی كۆبونەوە و بڕیارە چەند كۆبونەوەیەكی تر بكەن.

فارس حەربۆ، وتی "شنگال له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سەر به‌ پارێزگای نه‌ینەوایە،، دەمانەوێت رێککه‌وتنێکی تر له ‌نێوان خه‌ڵکی شنگال و پارێزگای نه‌ینه‌وا و به‌غدا واژۆبکرێت، به‌بێ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وکات هه‌مومان پشتگیری له‌ رێککه‌وتنه‌که‌ ده‌که‌ین".

وەفدەكەی شنگال بەنیازبون لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆببنەوە، بەڵام كازمی بەسەردانێك چووە دەرەوە وڵات.

فارس حەربۆ، وتی "چه‌ند داواکارییه‌کمان پێشکه‌شی نوسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق كردووە... دیدارمان ده‌بێت له‌گەڵ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌کانی عیراق و چه‌ند لایه‌نێکی تر، هه‌موو لایه‌ک دڵنیاده‌که‌ینه‌وه‌ رێککه‌وتنه‌که‌ی هه‌رێم و به‌غدا جێبه‌جێناکرێت و کۆمه‌ڵێک گوڕانکاری له‌ رێککه‌وتنه‌که‌ ده‌کرێت له‌ ئاینده‌دا هه‌موو شتێک ئاشکرا ده‌بێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT