كۆرۆنا و ژیانی نێو خێوه‌ت؛ نه‌هامه‌تییه‌كی دیكه‌ بۆ ژنانی ئاواره‌

نه‌ینه‌وا، ئاداری 2019، نیشاندانی تابلۆیه‌ك وه‌ك ئاماژه‌دان به‌ توندوتیژیی دژی ئافره‌تان له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی ژنانی دانیشتوی ناحیه‌ی سونێ له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

له‌ گوزه‌رانی خراپ و ده‌رده‌سه‌ریی نێو خێوه‌تدا؛ سارا رۆژه‌كانی ژیانیشی به‌ ئاژاوه‌ و توندوتیژییه‌وه‌ به‌ڕێكرد، كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌یی به‌ ناچاری له‌ماڵه‌وه‌ ده‌مایه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی سارای له‌و ماوه‌یه‌دا بێكار كرد، كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باجه‌كه‌ی ده‌دا؛ سارا بوو.

"ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ دوجار بۆ من سه‌خت و دژوار بوو، چونكه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر مامه‌ڵه‌ی به‌رانبه‌رم خراپ بوو" سارا وای وت.

سارا، كه‌ ناوی خوازراوی ئافره‌تێكی ئاواره‌یه‌ له‌ كه‌مپێكی پارێزگای دهۆك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر قسه‌ی ناشرینی پێده‌وتم، چونكه‌ فشارێكی زۆری له‌سه‌ر بوو، بێ كار و پاره‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بوو".

هه‌ركاتێك سارا داوای پێداویستییه‌كانی ناوماڵی كردووه‌ له‌كاتی كه‌ره‌نتینه‌دا؛ له‌ ماڵه‌كه‌یدا شه‌ڕێكی به‌دواوه‌ بوو، چونكه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌هۆی بێ پاره‌ییه‌وه‌ توڕه‌ بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ش دابینبكات.

"هاوسه‌ره‌كه‌م هه‌ر رۆژێك له‌ ماڵه‌وه‌ بێت و نه‌چێته‌ كرێكار، ئیتر ئه‌و رۆژه‌ كێشه‌ روده‌دات" سارا بۆ ئه‌و توندوتیژییانه‌ی له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوی ئه‌مساڵدا روبه‌ڕوی بۆته‌وه‌ هیچ سكاڵایه‌كی تۆمارنه‌كردووه‌.

"منیش تاسه‌ر به‌رگه‌ی فشار و كێشه‌كان ناگرم، هه‌ركاتێك زانیم بارودۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت، روده‌كه‌مه‌ شوێنێك و سكاڵای خۆم ده‌گه‌یه‌نێم" سارا واده‌ڵێت.

camp-11
دهۆك، ئابی 2020، داخستنی كه‌مپێكی ئاواره‌كان به‌ڕوی ئاوه‌دانیدا به‌هۆی كۆرۆناوه‌ فۆتۆ: كەركوك ناو

به‌پێی به‌دواداچونی رێكخراوه‌كان و چالاكوانان؛ توندوتیژی خێزانی له‌ ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌دا و سه‌رده‌می كۆرۆنادا زیادیانكردووه‌، به‌ڵام ئامارێكی ورد نییه‌ ئه‌و زیادبونه‌ بسه‌لمێنێت، به‌هۆی نه‌بونی ده‌وام و هه‌روه‌ها كه‌می ئه‌وانه‌ی سكاڵایان كردووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر توندوتیژییه‌كاندا.

سوزان خودێدا خه‌ڵه‌ف، پارێزه‌ر و چالاكوانی مافه‌كانی ژنان و منداڵان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی من رێژه‌ی توندوتیژی له‌ مانگی شوباته‌وه‌ تا ئێستا له‌ناو ئاواره‌كاندا زۆر زیادبوه‌، ده‌توانم بڵێم گه‌یشتۆته‌ دوو هێنده‌، زۆرینه‌ش لێدان بون".

له‌ مانگی ئاداره‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا، بۆ چه‌ندین مانگ حكومه‌ته‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و كه‌ره‌نتینه‌یان راگه‌یاند، بۆیه‌ به‌ ناچاری زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌ ماڵه‌وه‌ بون.

"زۆرینه‌ی ئاواره‌كان كه‌مپ كرێكار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌مێنێت له‌ناو خێوه‌تێكی بچوكدا له‌سه‌ر بچوكترین شت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌بێته‌ كێشه‌یان، له‌وه‌شدا گرفته‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت تا ده‌گاته‌ لێدان و توندوتیژی" به‌وته‌ی سوزان.

توندوتیژی له‌ناو ئاواره‌كاندا گه‌یشتۆته‌ دوو هێنده‌

زۆرینه‌ی ئاواره‌كان شه‌ش ساڵه‌ له‌ كه‌مپ نیشته‌جێن؛ كه‌ به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێشتا زیاتر له‌ 700 ئاواره‌ بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

"براكانی هاوسه‌ره‌كه‌م لێمده‌ده‌ن، له‌و ماڵه‌دا زۆربه‌ی كات روبه‌ڕوی قسه‌ی ناخۆش و ئیهانه‌ ده‌بمه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ بارودۆخم خراپه‌ ناتوانم بیربكه‌مه‌وه‌ كه‌ چی بكه‌م و چی نه‌كه‌م" شه‌وبۆ وای وت.

شه‌وبۆ ناوی خوازراوی ئافره‌تێكی ئاواره‌یه‌، كه‌ به‌دوو منداڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ماڵه‌ خه‌زورانیدا ده‌ژی، دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر عیراقی به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌جێهێشت.

"له‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ماندا گرێبه‌ستی دادگامان نه‌كرد، تائێستاش هه‌ر ئه‌و دانپێدانانه‌ی دادگامان نییه‌، جگه‌ له‌ لایه‌نی ئایینی، بۆیه‌ منداڵه‌كانم بێ ناسنامه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ناشتوانن بچنه‌ به‌ر خوێندن".

شه‌وبۆ كێشه‌كانی گه‌یاندۆته‌ رێكخراوێك و به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی پێدراوه‌، به‌ تایبه‌ت ده‌رهێنانی ره‌گه‌زنامه‌ بۆ منداڵه‌كانی؛ "ناتوانم له‌سه‌ر توندوتیژییه‌كانی به‌رانبه‌رم ده‌كرێت سكاڵا بكه‌م، بۆیه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌توانم ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌م بكه‌م".

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆسیه‌ی توندوتیژی خێزانی هه‌بون، كه‌ زۆرینه‌یان له‌كاتی كه‌ره‌نتینه‌دا بون.

shrya camp
دهۆك، 2020، كۆمه‌ڵگه‌ی شاریا كه‌ ئاواره‌كانی شنگالی تیادا نیشته‌جێن‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئارام محه‌مه‌د، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و خێزان له‌ دهۆك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ شه‌ش مانگی رابردودا 975 سكاڵا لای ئێمه‌ تۆماركراون، كه‌ سكاڵای ئاواره‌كانیشی تێدایه‌، به‌ڵام جیانه‌كراونه‌ته‌وه‌".

له‌ نێو كه‌مپه‌كاندا فه‌رمانگه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی توندوتیژییان به‌رانبه‌ر كراوه‌ سكاڵایان تۆمارنه‌كردووه‌.

"حاڵه‌تی توندوتیژی خێزانی هه‌بووه‌ به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی به‌رز، راسته‌ كاتی كه‌ره‌نتینه‌ ده‌رچونمان نه‌بوو، به‌ڵام ئاگادارین په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كان به‌ گشتی زۆرباش بون" به‌وته‌ی ئارام.

ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌، كه‌ جه‌خت له‌ زیادبونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌ خێزانییه‌كان له‌ هه‌موو وڵاتانی دنیادا ده‌كاته‌وه‌، له‌كاتی كه‌ره‌نتینه‌دا و سه‌ره‌تاكانی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنادا.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، له‌ نیسانی ئه‌مساڵدا، باسی له‌ هه‌ڵكشانی توندوتیژی خێزانی له‌ عیراق كرد و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بارودۆخه‌كه‌ی به‌ "زه‌نگێكی مه‌ترسیدار" ناوبرد.

له‌ به‌رانبه‌ر توندوتیژییه‌كانی روبه‌ڕوم ده‌بێته‌وه‌ تائێستا سكاڵام تۆمارنه‌كردووه‌

سوزان سه‌فه‌ر ئیسماعیل، به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوی داك بۆ گه‌شه‌پێدان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له كانونی دوه‌می ئه‌مساڵه‌وه‌ تا مانگی ئاب 312 دۆسیه‌ی ژنانمان لابووه‌ كه‌ پێویستیان به‌ پاڵپشتی یاسایی و ده‌رونی هه‌بووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ 179 دۆسیه‌یان توندوتیژی خێزانی بووه‌ ته‌نیا له‌ قه‌زایه‌كی دهۆك".

ئه‌و رێكخراوه‌ پشتگیری بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ دابینده‌كات كه‌ پێویستیان به‌ هاوكارییه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ ئاواره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ.

"هه‌ر ژنێك روبه‌ڕوی توندوتیژی ببێته‌وه‌، ده‌توانین پارێزه‌ریان بۆ دابینبكه‌ین، یان خه‌رجی دادگاییه‌كه‌ی بگرینه‌ئه‌ستۆ، واته‌ پشتگیرییان ده‌كه‌ین و تا كۆتایی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵیاندا ده‌بین" سوزان وای وت.

له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی هه‌یه‌ و له‌ په‌رله‌مانی عیراقیش هه‌وڵ بۆ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسایه‌كی هاوشێوه‌ ده‌درێت.

پرۆژه‌یاساكه‌ی عیراق كه‌ ئامانج لێی پاراستنی ئه‌ندامانی خێزانه‌، به‌ تایبه‌ت ژنان و كچان له‌ هه‌ر جۆره‌ توندوتیژییه‌ك، هاوكات هه‌وڵ بۆ سزادانی ئه‌نجامده‌رانی توندوتیژییه‌كان، قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوان و دابینكردنی پارێزگاری بۆ قوربانییان ده‌دات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT