ژنێك له كه‌ركوك، دوای حه‌وت رۆژ مانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه گیانیله‌ده‌ستدا و به‌پێی وته‌كانی لای پۆلیس، دانی به‌وه‌داناوه "فشاری ده‌رونی له‌سه‌ر بووه بۆیه ئاگری له خۆی به‌رداوه".
ئه‌و ژنه ته‌مه‌ن 23 ساڵه به‌ناوی (ر، ك)، به‌ره‌به‌یانی 21ی تشرینی یه‌كه‌م له ماڵی باوكی له گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی شاری كه‌ركوك "خۆی سوتاندووه" و دوای حه‌وت رۆژ له وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی؛ له نه‌خۆشخانه گیانیله‌ده‌ستداوه.
كه‌سێكی نزیكی ئه‌و ژنه كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ماڵی ئه‌و ژنه له گه‌ڕه‌كی مه‌عه‌سكه‌ر خالیده، به‌ڵام مانگێگه له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیابۆته‌وه و له ماڵی باوكی ده‌ژی له په‌نجاعه‌لی".
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه؛ "رێژه‌ی سوتاوییه‌كه‌ی سه‌دا 85 بووه".
ئه‌و ژنه دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ جاری دوه‌م هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیاوێكدا كردووه به‌ناوی (ح)، كه ئه‌ویش هاوسه‌رگیری دووه‌می بووه و پێكه‌وه منداڵێكی كچیان هه‌یه.
له دۆسیه‌ی "خۆسوتاندن" و گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و ژنه‌دا هیچ كه‌سێك ده‌ستگیرنه‌كراوه.
ئه‌و ژنه پێشتر سكاڵای دژی هاوسه‌ره‌كه‌ی تۆماركردبوو
عامر نوری، وتەبێژی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی کەرکوک به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە کاتی وەرگرتنی وتەكانی ئه‌و ژنه له نه‌خۆشخانه، دانی به‌وه‌دانا بەھۆی دروستبونی فشاری دەرونییهوه لەسەری، نه‌وتی به‌خۆیدا كردووه و خۆی سوتاندووه".
روداوه‌كه كاتژمێر 3:25 خوله‌كی به‌ره‌به‌یان بووه و له‌لایه‌ن دوو برایه‌وه بنكه‌ی پۆلیسی عروبه ئاگاداركراوه‌ته‌وه.
وته‌بێژی پۆلیس ده‌ڵێت ئه‌و ژنه سكاڵای تۆمارنه‌كردووه بۆیه هیچ كه‌سێك ده‌ستگیرنه‌كراوه و "دوای رەوانەکردنی دۆسیەکەش بۆ دادگا لەلایەن دادوەرە دۆسیەکە دادەخرێت" عامر نوری وای وت.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه به‌وته‌ی كه‌سه نزیكه‌كه‌ی ئه‌و ژنه؛ دوای جیابونه‌وه‌ی له هاوسه‌ره‌كه‌ی "له به‌شی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی پۆلیسی كه‌ركوك سكاڵای دژی هاوسه‌ره‌كه‌ی تۆماركردووه".
لە مانگی شوباته‌وه تا سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌می ئەمساڵ، 210 كەیسی توندوتیژی خێزانی لە بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ لە پۆلیسی كەركوك تۆماركراوە، لە نێویاندا 190 ژن لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر كراوە، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێك كه كۆپییەكی دراوە بە (كەركوك ناو).
دۆسیه‌كه‌ی له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه داده‌خرێت
بەپێی ئامارەکانی لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له عیراق؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 38 حاڵەتی خۆکوشتن لە کەرکوک تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 20 کەسیان ژن بون.
سرود محەمەد، سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی ھیوای عیراقی لە کەرکوک، له‌رێی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه داوا له دایكان و باوكیان ده‌كات کچەکانیان زوو بەشوو نەدەن، یاخود دوای ھاوسەرگیریکردنی کچەکانیان کاتێک دووچاری کێشەیەک دەبنەوە پاڵپشتییان بكه‌ن، تا فشاری دەرونییان لەسەر کەمبکەنەوە.
ئه‌و به‌پێویستی زانی ئه‌و کەسانەی ھانی ژنان دەدەن بۆ خۆکوشتن سزابدرێن، "بەداخەوە تائێستا بۆشایی یاسایی ھەیە و چەندین ساڵە داوا دەکەین یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی پەسەند بکرێت، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراوە".
پرۆژه‌یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، چه‌ند مانگێكه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه په‌سه‌ند كراوه و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه، تا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و بخرێته به‌رنامه‌ی كاره‌وه.
به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی عیراق، مانگه‌كانی كه‌ره‌نتینه و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا، له نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مانه‌وه‌ی ناچاری خه‌ڵك له ماڵه‌وه، هۆكاربون بۆ زیادبونی روداوه‌كانی توندوتیژی كه له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای 2020دا گه‌یشتۆته زیاتر له پێنج هه‌زار دۆسیه؛ له نێویاندا توندوتیژی مێرد به‌رانبه‌ر هاوسه‌ر و به پێچه‌وانه‌وه، له‌گه‌ڵ توندوتیژی نێوان برا و خوشك یان باوك و منداڵه‌كانی.